رۆژی دووشەممە یەکی مانگی ڕێبەندان حەسەنی روحانی لە پێگەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئیعتیڕافی بە نەبوونی مەتبوعاتی ئازاد کرد. ئەو لە کۆبوونەوەی مودیرانی وەزاڕەتی ئیڕتیباتات و فەناوەریدا وتی:” لە ئێران ڕاگەیاندنی ئازادمان نییە. تەنیا یەک سەدا و سیمای دەوڵەتیمان هەیە و بە هۆی نەبوونی ڕاگەیاندنێکی ئازاد خەڵک دەیانەوێ هەموو بابەتەکانیان لە فەزای مەجازیدا بڵاو بکەنەوە.” ئەو هەروەها ئیعتیڕافی کرد بەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە دژایهتی لهگهڵ خەڵک لە بواری فیلتیرینگ دا شکستی خواردوە و ئهو دژایهتییه لهگهڵ داخوازی گشتی خەڵک، ڕەوا و یاسایی نییە.
تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە نەبوونی ئازادی ڕاگەیاندن لە کۆماری ئیسلامی دا هەیە، قسەکانی روحانی هەڵگری هیچ خاڵێکی تازە نییە. دژایەتی لەگەڵ ئازادی ڕەسانەییدا لە هەمان سەرەتاوە بەشێک لە ماهیەتی کۆماری ئیسلامی بووە. جەماوەری خەڵکی ئێران لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا لە ئازادی ڕەسانەیی بەڵکوو لە گەلێک لە بوارەکانی تری حەیاتی کۆمەڵایەتیشدا لە ئازادی بێبەش بوون. لە ئازادی بەیان، ئەندیشە، تەشەکول، کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی، شادی و تەنانەت لە ئازادی جل و بەرگ پۆشینیش بێبەش بوون. گلەییەکانی روحانی لە نەبوونی ئازادی ڕاگەیاندن لەم قسانەدا بەشێکی رووی لە ڕەقیبەکان لە حاکمیەت دایە و دەیەوێ بە قەبوڵ کردنی دهوری سەرۆک کۆمار لە کۆماری ئیسلامیدا وەک تەداروکاتچی و بێ ئیختیار بوون، تاوانی شکستی بەرنامەکانی دەوڵەت بخاتە ئەستۆی ئەوان. بەڵام ئەم قسانە لە ڕاستیدا نیشانهی نیگەرانی ئەو لە پەرەسەندنی ئاگاهی و وشیاری جەماوەری خەڵک بە هۆی چوون بەرەو کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانه کە لە کۆنترۆڵی ڕژیم دەرچووە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا رۆشن تر ئامانجەکانی دەردەبڕێت و دەڵێ:” دەستپێکی سەرئێشەی حکومەتەکان دەبێ کاتێک بزانیت کە وڵاتەکان لە ڕێگای وەسایلی پێوەندیەوە پەیامێک لە کەسانێک وەربگرن کە لەژێر حاکمیەتی لایەنی تردا بوون.” بەم جۆرە روحانی دەیەوێ خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و ستەمدیتوی ئێران بە هەبوونی پێوەندی ودەستور وەرگرتن لە دەرەوە گرێ بدات.
روحانی وەک سیمایەکی ئەمنیەتی و دژی ئازادی نێوخۆی ڕژیم، درۆ دەکات و ناتوانێ خۆی وەک داکۆکی کاری ئازادی پیشان بدات و باس لە نەبوونی ئازادی بکات. ئەو لەبیری چۆتەوە کە چەند حەوتو لەوەبەر بە بۆنەی ١٦ ی مانگی سەرماوەز لەوپەڕی روو ههڵماڵاویدا وتی:” زانکۆکانی وڵاتی ئێمە لە زومڕەی ئازاد ترین زانکۆکانن لە باری ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنە گرتن لە دنیادا و خوێندکاران زۆر بە ڕاشکاوی بۆچوونەکانیان دەردەبڕن.” ئەو گەلێک جار لە زینداندا بوونی رۆژنامە نووسان و هەڵسوڕاوانی بەشی ڕاگەیاندنی ڕەد کردۆتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە بەپیی ڕاپۆرتی سازمانی گوزارشگەرانی بێ سنور لە ساڵی ٢٠١٨ دا، کۆماری ئیسلامی لە بواری ئازادی ڕەسانەیی لەنێو ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٦٤ ی هەبوە و ئیران هەروا یەکێک لە ٥ زیندانی گەورەی رۆژنامە نووسان و هەواڵنێرانە لە دنیادا.
جەماوەری خەڵکی ئێران بە شناختێک کە لە ماهیەتی دژی خەڵکی و کۆنە پەرستانەی کۆماری ئیسلامیان هەیە قەتیان باوەڕ بە ڕاگەیاندن و دامودەزگای پڕ له درۆی و خورافەی ڕژیم نهبووه. هەوڵی چوار دەیەی کۆماری ئیسلامی بە سەرفی هەزینەی کەڵانی تەبلیغاتی بۆ بڵاو کردنەوەی فەرهەنگی ئیسلامی ناکام ماوەتەوە و ڕژیم نەیتوانیوە لاوان و جەماوەری خەڵک لە ئێران بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش لەو واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە جەماوەری خەڵک و بە تایبەت لاوان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی بەشێکی زۆر لە زانیاری، پێوەندی، چالاکی و ناڕەزایەتی و کارەکانیان لە ڕێگای ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانەوە ئەنجام ئەدەن و ڕژیم توشی کێشە دەکەن و كه کارێکی ئەوتۆی لە دەست نایەت. جێگری دادستانیی گشتی کە خۆی بەرپرسی مەحدویەتە ئینترنێتیەکان لە ئێران بوو چەند مانگ لەوە پێش دانی پێدا نا کە تۆڕی ئینستاگڕام خهریكی هێرشی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیەتی لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامیە و زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس بە کەڵک وەرگرتن لە فیلتێر شکێنەکانی ” ها تێلگرام” و ” تێلگرام تەڵایی”، فیلتێرینگی ڕژیم لە تێلگرامدا دەبەزێنن.
حەسەن روحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دانی بە بێ ئیعتنایی لاوان سەبارەت بە ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان و بێ ئێعتباری ئەو ڕاگەیەنەرانە لە ڕای گشتیدا نا و وتی:” دەبێ قەبوڵی بکەین کە هەڵەمان کردوە. ئەگەر پێمان وایە ئیختیاراتی ئاسمانمان هەیە و هەر فەرمانێک دەر بکەین و یان ئەگەر کەسێک یان هێزێک لەسەر کاغەز دەستوری فیلتێر کردنی هەر شوێنێک بدات یان بڵێین کەڵک وەرگرتن لە فڵان ئیمکان قەدەغەیە، هەموان بە گوێمان دەکەن. هیچ شتێکی وەها نییە. لەمرۆدا فەزای مەجازی لەگەڵ ژیانی خەڵکدا ئاوێتە بووە. دەبینین دوای فیلتێر کردنی هەر شوێنێک رۆژانە فیلتێر شکێنی نوێ دروست کرا.”
لەوێوە کە بنەما و ئەساسی تەبلیغاتی ڕژیمی ئیسلامی لەسەر درۆ، فریودان، خورافاتی مەزهەبی و ئەفکاری پەڕتوکاو بنیاد نراوە. گەشەی وشیاری سیاسی و چینایەتی و هەموو جۆرە تەبلیغاتێکی ڕۆشنگەرانە و زانیاری زانستی و مادی پایە ئیدئپلۆژیک و فیکریەکانی ڕژیم توشی ئاستەنگ دەکات و چەکیان دەکات. ڕژیم لەبەرانبەریدا بە شێوەیەکی مەنتیقی داماوە و بێچگە لە سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و تیرۆر ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە. لەخۆڕا نییە کە زیندانەکانی ڕژیم پڕن لە نووسەران، رۆژنامە نووسان، وێبلاگ نووسان و لە زۆر حاڵەتدا دەزگا ئەمنیەتیەکانی ڕژیم دەستدەکەن بە تیرۆر و یان لادانی فیزیکی ئەوان.
ئهمڕۆكه فەزای مەجازی بۆ خەڵک بۆتە ئامرازێکی گرنگ بۆ لەقاودانی جەنایەتەکانی ڕژیم. هەواڵ و زانیاری پێوەندیدار بە کرداری وەحشیانەی ڕژیم تەنانەت لە زیندانهكانیشدا بە شاراوەیی نامێنێتەوە. ئەوەی کە لەگەڵ ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان کردویانە و خۆڕاگری بوێرانەیان و ئیفشاگەری ئەوان و کەسانی تر، بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە بابەتێکی سیاسی رۆژ و بۆ ڕژیم ئاکامی پێچەوانە و ڕیسوای بە شوێنەوە دەبێت. لە بارودۆخێکی زۆر فەلاکەتباری ئابووریدا و ڕەوتی روو لە گەشەی خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، پەرەسەندنی رۆژ لە رۆژ زیاتری بهكارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەنێو خەڵکدا بۆ بەرەو پێش بردنی خەبات و دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان، ئەو مەترسیەیە کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامی گرتوە و لەبەرانبەریدا داماوە.