کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

راگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران سەبارەت بە مەرگی شاهرۆخ زەمانی یەکێک لە رێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران

بەپێی راپۆرتەکان شاهرۆخ زەمانی یەکێک لە ڕێبەرانی هەڵکەوتوو، بلیمه‌ت و بوێری بزوتنەوەی کرێکاری ئێران کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج دەورانی مەحکومیەتەکەی تێپەڕدەکرد، رۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی خه‌رمانان گیانی لەدەستدا. لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی زیندانی رەجایی شار لە پێوەند لەگەڵ مەرگی شاهرۆخ زەمانی بێدەنگیان گەڵبژاردووە، هەواڵنێریەکانی سەربە رێكخراوه‌كانی دیفاع له‌ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، له‌م پێوه‌نده‌دا هه‌واڵی دژ به‌ یه‌ك و جۆراوجۆریان بڵاو کردۆتەوە. بەڵام کومیتەی پشتیوانی لە شاهرۆخ زەمانی کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە پەیگیری کردنی بارودۆخی جەستەیی شاهرۆخ،533 (1)چالاکیەکانی ئەوی لە زینداندا بڵاو کردۆتەوە لە راگەیاندنێکدا وتویەتی کە هەردوو دەست و دەمی شاهرۆخ زەمانی خوێناوی بووە و ئاسەواری ماسین بەسەریەوە دیاربووە. بە سه‌رنجدان بەمانە و پێشینەی ئەزیەت و ئازار و ئەو ئەشکەنجانەی کە لە دەورانی زینداندا لەدژی شاهرۆخ زەمانی پەیڕەو کراوە، گومانێک نایەڵێتەوە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری مەرگی شاهرۆخ زەمانی بووەهەڵسوڕاوان و ناوەندە کرێکاریەکان و دۆستانی داواکاری کالبۆد شکافی ته‌رمی شاهرۆخ زەمانی بوون تا هۆکاری ڕاستەقینەی مردنە نابەوەختەکەی بۆ هەموان روون بێتەوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ بە ئاسانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و زیندانیانی سیاسی بە مەرگی بەشێنەیی لەژێر ئەشکەنجەی بەردەوامدا مەحکوم بکات. مەرگی نابەوەختی شاهرۆخ زەمانی لە شێوەی مەرگی ئەفشین ئوسانلو و ستار بەهیشتیە کە ئاشکرا بوونی ڕاستیەکانی پێوەندیدار بە کوشتنیانەوە لە زینداندا بووە هۆی رێسوا بوونی رژیمی کۆماری ئیسلامی. ڕژیمێک کە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەشکەنجە و کوشتاری زیندانیان لە کەهریزەک و ئەسیدپاشی بە دەموچاوی ژنانیدا لە پەروەندەدا هەیە، لە هیچ جەنایەتێک ناپرینگێتەوە و چاوپۆشی ناکاتشاهرۆخ زەمانی ئەندامی هەیئەت مودیرەی کومیتەی پەیگیری بۆ پێکهێنانی رێكخراوه‌ سەربەخۆ کرێکارییه‌كان و ئەندامی هەیئەتی كرانه‌وه‌ی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی و نەقاشان و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران بوو. شاهرۆخ زەمانی وەک هەڵسوڕاوێکی کرێکاری بەردەوام لەژێر چاودێری مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمدا بوو. ئەو ساڵی ١٣٧٢ بە تاوانی چالاکی سەندیکایی ماوەی ساڵ و نیوێک لە زیندان مایەوە. شاهرۆخ زەمانی لەم ساڵانەی دواییدا دوای چەند جار گیران و زیندانی کران، دوایین جار لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لە تەورێز گیرا و دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، بە تاوانی تەبلیغ لەدژی نیزام و چالاکی سازماندراو بە ئامانجی تێکدانی ئەمنیەتی میللی بە ١١ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. شاهرۆخ زەمانی کە تەنیا تاوانی راستەقینەی دیفاع لە مافی کرێکاران بوو، ئەگەرچی بە دانانی وەسیقە لە زیندان ئازاد کرا بەڵام دوای ٣ مانگ سەرلەنوێ گرتیانەوە و بۆ ئیجرای حوکم راپێچی بۆ زیندانی تەورێز. جەنایەتکارانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا چەندین جار بە راگرتنی لە بەندی قەرەنتینەی زیندان و یان سلولی تاکەکەسیدا، بۆ ماوەی دورودرێژ و یان گواستنەوەی لەم بەندەوە بۆ ئەو بەند و یان لەم زیندانەوە بۆ زیندانێکی تر ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەییان داوە. بەڵام شاهرۆخ زەمانی نە تەنیا بە شور و شەوق و خۆراگری کەم وێنەوە لە بەرانبەر هەموو ئەم ئازار و ئەشکەنجانەدا خۆی ڕاگرت، بەڵکو زیندانیشی کردە سەنگەرێک بۆ خەبات لەدژی جەنایەتکارانی سەرمایەی کۆماری ئیسلامی و پێگەیەک بۆ دیفاع لە ماف و بەرژەوەندیەکانی کرێکاران. شاهرۆخ لە ناڕەزایەتی بە زۆرداری و زوڵمی بەرپرسانی زیندان و بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانی زیندانیان دەستیداوەتە مانگرتن لە خواردنی درێژماوە و دەنگی ناڕەزایەتی زیندانیانی سەبارەت بەم بێ مافیانە گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی زیندان. شاهرۆخ وەک رێبەرێکی پەیگیر و یاری وەفاداری بزوتنەوەی کرێکاری لە گشت ساڵەکانی زینداندا ساتێک لە ماسایلی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و لە مەسایلی پێوەندیدار بە کار و ژیان و بەڕێچون و خەباتی کرێکاران غافڵ نەبوو. بە مردنی شاهرۆخ زەمانی کرێکارانی ئێران یەکێک لە یارانی جەسور و ماندویی نەناسی خۆیان لەدەستدا. ئێستا سەرەڕای هەر چەشنە ئیدیعایەک کە کۆماری ئیسلامی لەبارەی مەرگی شاهرۆخ زەمانیەوە هەیبێت، زەرەیەک لەماهیەتی ئەم ڕاستیە ناگۆڕێت، کە بارودۆخی دژواری زیندان، ئازار و ئەشکەنجە و داسەپاندنی بارودۆخی نامرۆڤانە بونەتە هۆی مردنی. رژیمی کۆماری ئیسلامی بەرپرسی مەرگی شاهرۆخ زەمانیە. رژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە باشی ئاگاداری پێگە و دەور و نەخشی ڕێبەرانی کرێکاریە لە هیدایەت و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی چینی کرێکاردا، هەوڵ ئەدات تا بە زیندانی کردنی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری و بە ئەشکەنجە و داسەپاندنی مەرگی بەشێنەیی بەسەریاندا، سەرجەم هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری چاوترسێن بکات.حێزبی کومونیستی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک سەبەبکاری مەرگی شاهرۆخ زەمانی، پشتیوانی لە ویست و داواکاری هەڵسوڕاوان و ناوەندە کرێکارییەکان دەکات بۆ توێژینەوەی سەربەخۆی پزیشکی سەبارەت بە مەرگی ئەم هەڵسوراوە کرێکارییە.حێزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی گیانبەخت کردنی شاهرۆخ زەمانیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، دۆستان و هاوڕێکانی و لە کرێکارانی ئێران دەکات. حێزبی کومونیستی ئێران داوا لە هەموو تەشەکول و ناوەندە سەربەخۆ کرێکاریەکان لە نێوخۆی ئێران و ئەحزاب، سازمانە چەپ و کومونیست و ناوەندەکانی داکۆکیکاری بزوتنەوەی کرێکاری لە دەرەوەی وڵات دەکات کە بە بەڕیوەبردنی کارزاری سیاسی و تەبلیغی لەدژی ئەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئازادی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و هەموو زیندانیانی سیاسی و بەرگرتن لە دووپات بوونەوەی کارەساتێکی لەم جۆرە، یەکگرتوانە تێبکۆشن.