کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

راگەیاندنی کومیتەی ناوەندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست لە ساڵی ١٣٩٤دا

دوای چەندین هەفتە ھەرا و ھوریای تەبلیغاتی ناوەندە دژه‌ کرێکارییەکانی سەربە رژیم و دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی سەرمایەداران لەسەر دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٤، سەرئەنجام شورای باڵای کار سه‌رله‌بەیانی رۆژی دووشەممە ٢٥ی مانگی رەشەممە بەرابەر لەگەڵ ١٦ی مانگی مارس رێژەی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراوی راگەیاند. بە پێی بڕیاری شورای باڵای کاری کۆماری ئیسلامی ڕێژەی لانیکەمی حەقدەستەکان بە ١٧ لەسەد زیاد بوونەوە، بۆتە ٧١٢ ھەزار و ٤٢٥ تمەن. بڕی دیاریکراو سێ جار لەخوار ھێڵی ھەژاریەوەیە. دەوڵەتی رۆحانی بە راگەیاندنی زیاد کردنی ١٧ لەسەدی حەقدەستەکان عەزمی چینایەتی خۆی بۆ داسەپاندنی ھەژاری و فەلاکەتی رۆژ لەگه‌ڵ رۆژ زیاتری بەسەر بەملیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا راگەیاندووە و لایەنی یاساییشی پێدواوه‌. ھەر لە سەرەتاوە ئاشکرابوو کە ئەمانجی رژیم لە خستنەڕێی ھەرا و ھوریای تەبلیغاتی سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان لە لایەن ناوەندگەلێکی وەک شورای باڵای کار، ئەنجومەنە سینفیەکان، خانەی کارگەر و وەزارەتی کارەوە، ھیچ پێوەندیەکی بە باشتر بوونی ژیانی راستەقینەی کرێکارانەوە نییە بەڵکوو ھەوڵدانێکە بۆ گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ ئەم ناوەندە ئابڕوچووە دژی کرێکارییانە.a2 (1)

ئەم ناوەندانە کە سەرەتا زیاد بوونی ٣٤ لەسەدیان بۆ حەقدەستەکان ھێنایەگۆڕێ سەرئەنجام وەک خاوەنکارەکان ئیختیاری دیاریکردنی زیادبوونی ١٧ لەسەدی حەقدەستەکانیان بە دەوڵەت سپارد. رژیم لە بارودۆخێکدا کە خەبات بۆ زیادکردنی حەقدەست بۆتە مەسەلەی رۆژی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری، دەیویست وای پیشان بدات کە دەنگی کرێکارانی بیستووە و لەبیری دۆزینەوەی چارەسەردایە و لەم رێگایەوە کرێکاران لە چاوەڕوانی ئاکامی ھەوڵەکان لە سەرەوە و چه‌نه‌لێدانی ناوەندە دژی کرێکاریەکان رابگرێت و بوار بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی کرێکاران بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان خۆش بکات. ئێستا کە پەردەی یەکەمی ئەم شانۆ درۆینە و فریوکارییە کۆتایی ھاتووە و ئاکامەکەی دیسانیش دیاریکردنی حەقدەستی سێ جار لەخوار ھێڵی ھه‌ژارییەوەیە، کرێکاران نابێ سەبارەت بە ماھیەتی دژی کرێکاری سیاسەتەکانی دەوڵەتی رۆحانی و ناوەندکانی سەربە رژیم ھیچ گومانێکیان ھەبێت.

لە وڵاتە پێشکەوتووە سەرمایەدارییه‌كان کە خەباتی چینی کرێکار قۆناغێکی باشتری لە کامڵ بوون بڕیوە، کرێکاران بە ھێزی ریکخراوی خۆیان، سنور و سەرحەدێکیان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بۆ ھێرش کردنەسەر ئاستی بەڕێچونی کرێکاران و لەخوارەوە راگرتنی حەقدەستەکانیان سەپاندووە. دیاریکردنی ھێڵی سور بۆ سەرمایەداران سەبارەت بە لەخوارەوە راگرتنی حەقدەستەکان بەم ئامانجە بەڕێوەچووە کە کەم داھات ترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانێ بە لەبەرچاو گرتنی رەوتی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەھەر بارودۆخێکدا بتوانێ ژیانی خۆی دابین بکات. بەڵام لە ئێراندا لەوێوە کە کۆماری ئیسلامی بە شگردی یاسایی و ھێزی سەرکوت، کرێکارانیان لە مافی مانگرتن، رێكخراو و سازمانیابی بێبەش کردوە، ئەم چەمک و مەفاھیمە حەقوقیانە لە موناسباتی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداراندا مانای راستەقینەی خۆیان لەدەستداوە. لە ئێران سەرەڕای ھەرا و ھوریایەکی کە کاربەدەستانی ڕرژیم سەبارەت بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران خستویانەتە رێ، بەھۆی ئەوەی کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کرێکاران کە لە کارگاکانی کەمتر لە ١٠ کەسیدا کار دەکەن، و یان بە قەراردادی کاتی و سپی ئیمزاوە کار دەکەن لە دەرەوەی چەتری قانونی کاردان، لە ئاکامدا لانیکەمی حەقدەستەکان، بەشێکی بەرین لە کرێکاران ناگرێتەوە و ھیچ گاریگەریەکی لەسەر ژیانی راستەقینەی ئەم بەشە بەرینە لە کرێکاران کە بە حەقدەستی زۆر کەمتر لە بڕی دیاریکراو کار دەکەن، نییە.

دەوڵەت دەڵێ کە حەقدەستی کرێکارانی لەسەر ئەساسی نرخی تەوەڕۆمی ١٧ لەسەدی ڕاگەیاندراو لە لایەن بانکی ناوەندیەوە دیاری کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە نرخی کالا ئەساسیەکانی جێگای پێداویستی رۆژانەی کرێکاران وەک نان، مەسکەن، بێهداشت و دەرمان، ئاو و بەرق و ھەزینەی گواستنەوە و گەیاندن ٣٠ تا ٤٠ لەسەد زیادیان کردووە. بێجگە لەوە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی لەماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا بەردەوام نرخی تەوەڕۆمی راگەیەندراو لە لایەن بانگی ناوەندیەوە لەگەڵ نرخی راستەقینەی تەوەڕوم جیاوازی ھەبووە، لە ئاکامی درێژەی ئەم رەوتەدا لەماوەی چەندین ساڵدا لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو تا چوار بەرابەر دابەزیوەتە ژێر ھێڵی ھەژاریەوە. بە شێوەیەک کە ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی ٦٠٨ ھەزار تمەنی ساڵی ١٣٩٣ بۆ ٣٠٠ لەسەد زیاد بکەن نەک تەنیا توانایی کڕینی کرێکاران قەرەبوو ناکاتەوە بەڵکوو ناشگاتەوە ھێڵی ھەژاری رەسمی. کرێکارانی ئێران کە رۆژانە شاھیدی رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی رۆژانەیانن زۆر چاک دەزانن کە ئەو نرخی تەوەڕومەی بانکی ناوەندی رژیم بە فێڵ و تەڵەکە و دەغەڵکاری ئامادەی کردووە، ناتوانێ بنەمای دیاریکردنی حەقدەستەکان بێت.

شورای باڵای کار و باقی کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی بەپێی سیناریۆیەکی لەپێشدا ئامادە کراو راگەیاندنی زیاد بوونی ١٧ لەسەدی حەقدەستەکانی راگرت بۆ رۆژەکانی کۆتایی ساڵ تا بەخەیاڵی خۆیان دەرفەتی رێکخستنی ھەموو چەشنە ناڕەزایەتیەکیان لە کرێکاران زەوت کردبێت. بەڵام لە بارودۆخێکدا کە خەبات بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان ئاوێتەی خەبات بۆ مانەوەی بنەماڵە کرێکارییەکان بووە، خەبات بۆ زیادبوونی حەقدەستەکان تەنیا سنوردار نابێتەوە بە رۆژەکانی کۆتایی ساڵ و یان کاتی راگەیاندنی دیاریکردنی حەقدەستەکان. لە ساڵی رابردوودا و بەتایبەت لەم مانگانەی دواییدا خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەست پەرەی سەندووە. خەباتی کرێکارانی پێترۆشیمیەکان و ئێران خودڕەو و مانگرتنی سەرتاسەری موعەلیمان و پەرستاران تەنیا گۆشەیەک لە رەوتی روو لە گەشە و پەرەسەندنی خەبات بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان پیشان ئەدات. بەڵام ئەزمونی تا ئێستا پیشانی داوە کە خەباتی پڕژ و بڵاو و بێ پێوەندی بەیەکەوەی کرێکاران ناتوانێ ببێتە ئامرازێکی گوشاری جیدی لەدژی رژیم و خاوەنکاران بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان.

لەم بارودۆخەدا تەنیا بە یەکخستن و سەرتاسەری کردنەوەی خەباتی پڕژو بڵاوی کرێکاران دەکرێ زیاد کردنی حەقده‌ستەکان بەسەر رژیم و سەرمایەداراندا بسەپێت. خەبات بۆ یەکخستن و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم خەباتە لە ھەمانحاڵدا بەستێنێکی زۆر گونجاویشە بۆ پێکهێنانی یەکێتی لەنێو ریزی کرێکاراندا و بوار خۆش کردن بۆ ئیجادی تەشەکولی جەماوەری و چینایەتی کرێکاران. ھەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری پێویستە ئەوەیان لەبەرچاو بێت لە بارودخی سیاسی ئێستادا کە خەبات بۆ بردنەسەری ئاستی حەقدەستەکان خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتیە و لە بارودۆخێکدا کە خودی کاربەدەستانی رژیم باس لە ھێڵی ھەژاری 2 ملیۆن و نیوی تا 3 ملیۆن تمەنی دەکەن و کرێکارانی بەشی پێشڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری جەخت لەسەر داواکاری زیادبوونی حەقدەستەکان تا ئاستی ٣ ملیۆن تمەنی دەکەنەوە، ھەوڵدانی بێ وچان بۆ یەکخستن و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکارای و خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەستەکان و ئیتیحاد عەمەلی ھەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لەم پێناوەدا خاوەنی گرنگیەکی حەیاتیە.

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٦ی رەشەمەی ١٣٩٣
١٧ی مارسی ٢٠١٥

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-