کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

راگەیاندنی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە لە پیوەند لە گەڵ كوشتاری خۆپیشاندەران لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە

photo 2019 11 18 19 04 45

photo 2019 11 18 19 04 45

ماوەی ٣ رۆژە كۆماری ئیسلامی زاڵ بە سەر ئیران، لە دژی نارەزایەتی دەربرینی هێمنانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، دژ بە گران بونی نرخی بەنزین، شمشیری لە روو بەستۆە و لە هیچ چەشنە جنایەتێك دژ بە خۆپیشاندانی رەوا و مافخوازانەی جەماوەری نارازی ، دەست ناپارێزیت. وردەكاری رووداوەكانی رۆژانی رابردوو نیشانی دەدەن، كە كۆماری ئیسلامی بە پێی سیاسەتێكی دیاریكراو، لە كوردستان و لە باقی شوێنەكانی دیكەی ئیران، بە دانستە هەوڵ دەدات، خۆپیشاندانی هێمنانەی جەماوەر بەرەو توند و تیژی پال پێوە بنێت، تا بەم جۆرە هەم رێگا دەستی بۆ كوشتاری خەڵكی نارازی كراوەتر بێت و هەم پێش بە جەماوەریتربون و بەردەوام بونی ئەم حەرەكەتە بگرێت. ئەوەی كە ئەمرۆ كۆماری ئیسلامی لە كوردستان و لە باقی شوێنەكانی دیكەی ئیران بەرێوەی دەبات، رێك هەر ئەو رێنوێنەیە كە قاسم سولیمانی فەرماندەی قودسی سپای پاسداران بە رێبەرانی دەولەتی عیراقی دابوو بۆ چونیەتی بەرەوروو بونەوە لە گەڵ راپەرینی جەماوەری لەم وڵاتە.

لە ماوەی ٣ رۆژی رابردوودا بە دەیان كەس لە شارەكانی جوانرۆ، مەریوان، بۆكان، سنە،كرماشان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رژیم گیانیان بەختكردۆە و یان بریندار بوون.كۆماری ئیسلامی زاڵ بە سەر ئیران لە بارودۆخێك دا بەم جۆرە، بێ سڵ كردن و دڕەندانە، دەست دەبات بۆ جینایەت و ئینسان كوشتن لە سەر شەقامەكان، كە زیاتر لە سەدا شەستی خەڵكی ئیرانی بە چەند قات بردۆتە ژێر هێلی هەژاریەوە و سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە و بەرهەمی رەنجی شانی جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێش، تەنیا لە پێناوی مانەوەی خۆی، لە سەر دەسەڵاتێكی نارەوا ، بە هەر قیمەتێك ، سەرف دەكات.

بەڵام كۆماری ئیسلامی تەنیا بە بەردەوام بوونی خەبات لە هەموو بورانەكاندا و بە بەكارهێنانی چالاكانەی هەموو شێوەكانی خەباتی جەماوەریە كە بەرانبەر بە ئیرادەی كۆمەلانی خەڵك بە چۆك دادێت. هەربۆیە پێویستە خەڵكی چەوساوە و ستەملێكراو هێز و توانای خۆیان بۆ خەباتێكی شیلگیر و بەردەوام ئامادە كەن و بی پارێزن. خاڵی هەرە بە هێزی سەرهەڵدانی جەماوەری ئەم دەورەیە سەراسەری بونیەتی. ئەمرۆكە كوردستانی شۆرشگیر تەنیا نییە و جەماوەری هاوچارەنوس لە هەموو ئیران، شان بە شانی یەك، لە پێناوی ئامانجی هاوبەش دا هاوتونەتە مەیدان.بێگومان ئەم هاوخەباتیە بڕوا بەخۆیەكی گەلێك پتەوتر بە هەموان دەبەخشێ‌.  كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لەم بارەیەوە خاوەنی گەلێك ئەزمونی بەنرخن. ئیمە لە هەموو مەجالێكدا هەولدەدەین ئەو ئەزمونانە بیر بخەینەوە. ئیمە لە هەمانكاتدا بە هەموو تواناوە پشتیوانی لەو حەرەكەتە جەماوەریە لە كوردستان و لە ئاستی هەموو ئیران دەكەین. بانگەوازمان بۆ هەڵسوراوان و پێشرەوانی خەباتی جەماوەر ئەوەیە كە بە گرتنە بەری تاكتیك و رێكاری گونجاو، لە سەر بنەمای ئەو ئەزمونانە، سیاسەتی كۆشت و بڕی رژیم پووچەل كەنەوە.

كۆمەڵە وێرای دەربرینی ئەوپەری نفرەتی خۆی لە كوشتاری خەلكی بێدفاع لە شارەكانی كوردستان و ئیران، یادی ئازیزی گیانبەختكردوانی ئەم رۆژانە بەرز و بەرێز رادەگرێ لە قولایی دڵەوە سەرەخۆشی دەكەین لە بنەماڵە و كەس و كاری گیانبەختكردووان و خۆمان بە شەریكی خەمایان دەزانیین و هیوای چاك بونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخۆازین.

كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە

(رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیران)

٢٦رەزبەری ١٣٨٩ ی هەتاوی