جمعه – ۲۳ آذر – ۱۳۹۷ , 14 – 12 – 2018
كاتژمێر ٩ی شەوی پێنجشەممە ١٣ی دسامبری ٢٠١٨ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا لە بۆردومانێكی درندانەدا، كەمپی پەنابەرانی باكووری كوردستانیان لە قەزای مەخمور لە نزیک شاری کرکوک، لە باشوری كوردستان، كردە ئامانج. بە پێی راگەیاندنی “شورای كەمپی مەخمور”، لە ئاكامی ئەم هیرشە دا سێ كەس لە ژنانی ئەندامی بنەمالەیەك و كچێكی تازە لاوی تەمەن ١٤ساڵ، گیانیان بەختكرد.
ئەوە یەكەم جار نییە كە فرۆكە جەنگیەكانی سوپای توركیە لە ئەو پەری سنورەكانی توركیادا خەلكی مەدنی دەكەنە ئامانج و جینایەت دەخولقێنن. بە پێی ئەو هەوالانەی كە بڵاو بونەتەوە، هەر ئیستا سوپای توركیە خەریكی خۆسازدانە بۆ هێرشێكی تازە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و بە تابەت شاری مەنبجە.
كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە بە توندی پەلاماری ئەرتەشی توركیە بۆ سەر پەنابەرانی بێدفاع لە هەرێمی كوردستان مەحكۆم دەكات و رای دەگەیەنیە كە بێدەنگی “كمیساریای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتۆەكان”، بەرانبەر بەم جینایەتە، بە كردەوە رێگا بۆ دەوڵەتی توركیە دەكاتەوە تا ئاسایش و ئەمنیەتی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بردەوام بخاتە مەترسێەوە. هەر بۆیە پێویستە بیرورای گشتی لە ناوچەكە و لە هەموو دونیا لە ئاست ئەم جینایەتە بێدەنگ نەبێت و بەكاردانەوەی خۆی بەربەستێك لە سەر رێگای دووپات بونەوەی كردەوەی درندانەی لەم چەشنە دابنێت.
كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە
رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیران
١٤/١٢/٢٠١٨