کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

راپۆرتی بەڕیوەچوونی پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشی (2)

ئاڵوگۆڕەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی لە یونان و سەرکەوتنی ئێتیلافی سیریزا لە هەڵبژاردندا یەک لەو بابەتانە بوو کە لە پلینۆمدا قسە و باسی لە بارەوە کرا. بە دەسەڵات گەیشتنی سیریزا ریشەی لە ئاڵوگۆڕەکانی چەند مانگی رابردوو لەم وڵاتەدایە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری لەدژی بەرنامەی ریازەتی ئابووری لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار دەوڵەتانی حاکمی تا ئاستی قەیرانی سیاسی و حکومەتی بردۆتە پێش. دەوڵەتە سوسیال دیموکراتەکان بەناوی پاسۆک چەپی ناوەند و حیزبە دەستە راستیەکانی “دیموکراسی نوێ” کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە واتا دوای ئەوەیکە قەیرانی جیهانی سەرمایەداری حەوزەی یۆرۆی داگرت هاتنە سەر کار. زیاتر لە ٦٠ ملیارد دۆلار لە بیمە کۆمەڵایەتیەکان، یارمەتیە دەوڵەتیەکان، حقوقی خانەنشینان و کرێکارانی کەرتی گشتیان کەم کردەوە تا بیکەنە گیرفانی وام دەرانی وەک سێ ناوەندی ماڵی گەورەوە واتا بانکی ناوەندی ئاڵمان، سندوقی نێونەتەوەیی پۆڵ و بانکی ناوەندی ئوروپا. سیریزا بە بەرنامەیەکی ” دژی ریازەتی ئابووری” یەوە هاتەنێو خەباتی هەڵبژاردنەوە. لە راستیدا خەڵکی یونان بە دانی دەنگێکی زۆر بە حیزبی چەپگەرای سیریزا، داواکاری خۆی لەسەر ئەساسی کۆتایی هاتنی بەرنامە ریازەتی ئابوورییەکان لە وڵاتەکەیاندا راگەیاند.402

سیریزا رایگەیاند کە نە تەنیا ئامادە نییە بۆ دانەوەی وامەکان درێژە بە داسەپاندنی ریازەتی ئابووری بەسەر خەڵکی یۆناندا بدات، بەڵکوو ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە رادەگرێت و دەست دەکات بە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی بیمە کۆمەڵایەتیەکان و یارمەتیە دەوڵەتیەکان بە بێکاران و باقی شارۆمەندانی نیازمەند.سەرکەوتنی سیریزا، بە پلاتفۆڕمێکی دژی ریازەتی ئابووریەوە، وەک دەستکەوتێک بۆ کرێکاران و خەڵکی یونان بەحیساب دێت. دەوڵەتی تازە تەنانەت ئەگەر بتوانێ بەشێک لە بەرنامەکانی بۆ پێچه‌وانەوەی بەرنامەی ریازەتی ئابووری بەکردەوە دەربێنێ، بەواتای دروست کردنی کرانەوەیەک لە ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئەم وڵاتەدا دەبێت و دەبێ پشتیوانی لێ بکرێت. سەرکەوتنی سیریزا، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئافریقا یەک لەدوای یەک توشی شکست هاتوون و یان لە حاڵێکدا کە خەباتی کرێکاری و جەماوەری لەدژی بەرنامەی دژی ریازەتی ئابووری لە باقی وڵاتانی ئوروپایی بەهۆی نەبوونی رێبەریەکی سیاسی تەنانەت بە ستراتیژی سنورداری دژی ریازەتی ئابووریەوە و دەستەبەر کردنی سەرکەوتنی پاڕلمانی، دیمەنگایەکی بۆ سەرکەوتن لەبەردەمدا نییە، وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ لە بەرەنگار بوونەوەی بەرنامەی ریازەتی ئابووریدا چاو لێ دەکرێت.بەم حاڵەشەوە ئەگەرچی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە لە یونان و سەرکەوتنی سیریزا دەبێ لە چوارچێوەی سەرکەوتن لە هەڵبژارنێکی پارلمانیدا هەڵبسەنگێندرێت، بەڵام پێویستە ئەوەش بوترێت کە بەبێ هێرش کردنەسەر بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران، بەبێ کورت کردنەوەی دەستی سەرمایەی ماڵی و بانکدارەکان لە هێرش کردنەسەر کار و ژیانی کرێکاران و بەبێ هاوسەنگ کردنی سەروەت، سیریزا ناتوانێ ئەم بەرنامە دژی ۆیازەتی ئابووریانە، بە تەواوەتی بەکردەوە دەربێنێ. سیریزا ئەگەر بیەوێ مەسیری هێرش بۆسەر سەرمایە بگرێتە پێش گومانی تێدانییە کە بەرەوڕووی گوشارە قورسەکانی سەرمایەداران، دەوڵەتانی ئوروپایی و ناوەندە ماڵیە بەهێزەکانی وەک بانکی ناوەندی ئاڵمان، سندوقی نێونەتەوەیی دراو و بانکی ناوەندی ئوروپا دەبێتەوە. سیریزا ناتوانێ تەنیا بە پشت بەستن بە دەستەبەر کردنی زۆرینەی پاڕلمانی لە حاڵێکدا کە ناوەندەکانی سەرەکی دەسەڵات وەک ئەڕتەش و پۆلیس و بوروکراسی حکومەتی بە دەست لێنەدراوی ماونەتەوە، بەرەنگاری ئەم گوشارانە بێتەوە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی یونان کە بە حوزوری خۆیان لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بوونە هۆی سەرکەوتنی سیریزا نابێ بەبێ حزوری خۆیان لە مەیداندا چاوەڕێی روودانی موعجیزە بن لەسەرەوە. بەدەستهێنانی زۆرینەی پاڕلمانی و ئەم هاوسەنگی هێزە نوێیە پێویستە بچێتە خزمەت قوڵ کردنەوەی ئازادییە دیموکراتیکەکان و پەرەپێدانی گوشار لە خوارەوە بۆسەر سەرمایەداران. تەنیا بە پشت بەستن بە سازمانیابی کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو لە بەرنامەی ریازەتی ئابووری لە شوێنی کار و لە گەڕه‌کەکان و حزوری چالاکانەیان لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا و دەستەبەر کردنی پشتیوانی و هاوپشتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە وڵاتانی ئوروپا بۆ کرێکاران و بزوتنەوەی دژی ریازەتی ئابووری خەڵکی یونانە کە دەتوانێ ئەم گوشارانە پۆچەڵ بکاتەوە.