ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز بەرامبەر بە ١٨ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانی کۆچبەرانە. کۆبوونەوی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ٢٠٠٠، ١٨ی دێسامبری وەک ڕۆژی جیهانی کۆچبەران ناوزەد کرد. هۆکاری دیاریکردنی ئەم بۆنەیە، بریتی بوو لە پەرەسەندنی ژمارەی کۆچبەران و هەڵسوکەوتی زۆرجار خراپ و نامرۆڤانەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕوویان تێدەکردن.بەڵام بەداخەوە لەکاتێکدا یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە کە ڕۆژ نییە هەواڵی نوقم بوونی بەلەمێکی هەڵگری ئەو کۆچبەرانە بڵاو نەبێتەوە کە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە کەناراوەکانی ئورووپا و ئوسترالیا. بەرپرسانی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا بەردەوام و بەشێوەیەکی ڕیاکارانە گلەیی و گازندە دەکەن سەبارەت بە ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی کە ڕوو لە وڵاتەکانیان دەکەن و بەردەوام یاسای دژە کۆچبەری دەردەکەن. ئەوان سەبەبکاری دروستبوونی شەڕ و وێرانکاری و کارەساتی ئاوارەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەوانن کە بەردەوامن لەسەر پەرەپێدان و پێشبڕکێی چەک و چۆڵ و لەژێر سایەی ئەم سیاسەتەدا بە میلیاردها دۆلار چەک بەو حکومەتانە دەفرۆشن کە بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپێنراون. لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ بە بەڵێنی دەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچبەر لەو وڵاتە، بە دەسەڵات دەگات. یەکێتیی ئوروپا بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنی پەناخوازان، کۆمەڵێک ڕێوشوێن و ڕێگەچارەی گرتووەتەبەر کە یەک لە یەکی نامرۆڤانەترن.
یەکەم: گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێوەی هاتوون. زیاتر لە ٩٠%ی پەنابەران لە ناوچە شەڕلێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکانی خۆشیاندا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵن. گەڕاندنەوەیان واتە سەرلەنوێ بەرەوڕووکردنەوەیان لەگەڵ مەترسی مرگ. ئایا وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و لەوانە دەوڵەتەکانی ئوروپا، دەتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان لەو شەڕە ڕاستەوخۆ یان بە وەکالەتانە ڕەت بکەنەوە کە لە هەر شوێنێکی جیهان و لەوانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بوونەتە هۆکاری ئەم ئاواریی و دەرەبەدەریانە؟ داگیرکەرانی ئوروپایی تا توانییان سامانە سروشتییەکانی ئەفریقایان تاڵان کرد و کاتێکیش لەوێ ڕۆیشتن، دەیان زیانی بەئازاری کۆمەڵایەتی و ناکۆکی و دووبەرەکی نەتەوەیی و خێڵەکی و ئایینییان لە دوای خۆیان بەجێهێشت. تا توانییان لە ڕێگای چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ئەوانەوە سەروەتیان لە وڵاتانی ئەوروپادا کەڵەکە کرد، بەڵام دەوڵەتەکانی ئەمڕۆیان کە لەسەر سامان و دەسەڵاتی داگیرکەرانی قۆناغی ڕابردوو دانیشتوون، لە ئاست ئەو هەلومەرجە کارەساتبارەی کە بەسەر ژیانی ئەو خەڵکەیاندا سەپاندووە، هیچ بەرپرسیارێتییەک قبوڵ ناکەن، لە حاڵێکدا کە هەر ئێستاش سەروەت و سامانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە لێشاو ڕوو دەکاتە ئوروپا. ئەگەر تەنانەت قبووڵی بکەین کە پەنابەرانی ئەفریقایی لەڕووی هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابوورییەوە لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و بەدوای کار و ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن، دیسانیش پرسیار ئەوەیە کە چ کەسانێک ئەفریقایان تاڵان کرد و بە دواکەوتوویی هێشتیانەوە و لە داوی برسێتی و نەخۆشییە مەترسیدارەکاندا، گرفتاریان کرد؟ ئایا ئەوان هەرئێستاش بەردەوام نین لە تاڵانکردن و چەوساندنەوەی ئەم ناوچە هەمیشە برسییە؟
دووەم: پەسەندکردنی یەک لە دوای یەکی یاسای دژە پەنابەری لە ئوروپا، تەنیا کاریگەری لەسەر پەنابەران نابێت، بەڵکوو ئەو یاسا و سیاسەتانە هاوکات وادەکات کە ئەم وڵاتانە لە ڕووی ئەخلاقییەوە پاشەکشە بکەن. ئەم ئاراستەیە، زەمینە خۆشتر دەکات بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی حیزب و ڕەوتە ڕاستڕەوەکان. هاتنە سەرکاری ئەو حیزبانە بەو مانایەیە کە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، هەموو ئەو دەستکەوتە پێشکەوتنخواز و ئینسانیانەی لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا، کە لە ئاکامی خەباتی بەردەوامی چینی کرێکاردا بەسەر حکومەتەکاندا سەپێنراون، هێرشیان دەکرێتە سەر. ئەڵبەتە ئەم هێرشانە هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووە. زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی وڵاتانی ئوروپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە چینی کرێکاری ئەو وڵاتانە، دەبنە قوربانیانی داهاتووی ئەم سیاسەتانە. ئەگەر دەوڵەتەکانی ئەوروپا لە بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسەتەدا سەرکەوتوو بن، تەنانەت مرۆڤایەتیش لەو وڵاتانەدا دەکەنە قوربانی.
سێیەم: داخستنی سنوورەکان و سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتنی دەریایی بەو پاساوەی کە ئەم خزمەتگوزارییانە هانی کۆچبەرانی نوێ دەدەن. یەکێتیی ئورووپا بە پێی ڕێککەوتنێکی فەرمی، بڕیاریداوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی پەنابەران سنووردار بکات. هیچ گومانێک لە دژە ئینسانی بوون و جینایەتکارانە بوونی ئەو سیاسەت و پاساوکردنەدا نییە. هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئوروپا کە بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمە تەیارکراون، توانایی کۆنترۆڵکردنی بست بە بستی دەریای ناوەڕاستیان هەیە. ئەوان دەتوانن شوێنپێی هەر بەلەمێک لە شوێنی وەڕێکەوتنەوە تا شوێنی مەبەست بگرن و پێش ئەوەی لەگەڵ مەترسی نوقمبوون بەرەوڕوو ببنەوه، ڕزگاریان بکەن، بەڵام بە ئانقەست ئەم توانایە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی پەناخوازان بەکارناهێنن. تەنانەت ئەگەر پاڵنەرە ناڕەواکانیشیان بۆ سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن بەمەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بۆ ئوروپا قبوڵ بکەین، واقیعییەت ئەوەیە کە بەوەش ناتوانرێت بەر بە شەپۆلی هەڵاتنی پەنابەران لە دەست مردن و هەژاری بگیردرێت. سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن، نەک هەر شەپۆلی کۆچکردنی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکوو تەنیا بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری مەرگی کۆچبەران و پەناخوازان.
دەبێ بە پشتبەستن بە ڕای گشتیی پێشکەوتنخواز و مرۆڤدۆست و هێزە خەباتکار و تێکۆشەرەکان لە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان، دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان ناچار بکرێن ڕێز لە مافی کۆچبەران و پەنابەران بگرن. پێویستە خەبات لەپێناو بەفەرمی ناسینی مافی مانەوە و دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەر تاکێک وەک مرۆڤێکی خاوەن مافە گشتگیرەکان و هاوڵاتییەکی جیهانی، لەوانەش مافی نیشتەجێبوون لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە کە ئارەزووی دەکات، هەرچی زیاتر پەرەی پێبدرێت.