هەواڵ نێرییەکان رۆژی ١٤ ی مانگی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ ٢٤ ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢، بڵاویان کردەوە کە ٥٠٠ پەناخواز، کە پێكهاتبوون لە دەیان منداڵ، لە لێوارەکانی یۆنان نوقم و یان ونبوون. ئەمانە بەشێک لەو ١١٠ ملیۆن ئاوەرەیە بوون کە دیکتاتۆڕی و هەژاری و بێکاری و شەڕ خستویەتیە سەر دەستی بەشەریەت. بەپێی ئاخرین زانیاریەکان قاچاخچیانی بەگرێگیراو ڕۆژی دەی مانگی ژوئێن نزیکەی ٧٥٠ کەس پەنابەریان لە کەشتیەکی ماسی گرتنی لە کارکەوتو تریجاندوە و ڕەوانەی ئیتالیایان کردوون. کەشتیە کۆنەکەی ئەم قوربانیانە لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان بەرەوڕووی باهۆزێکی مەترسیدار دەبێتەوە. سەرنشینەکانی داوای یارمەتی لە گاردی ساحیلی یۆنان دەکەن. بەڵام هیچ یارمەتیەک نادرێن. تەنیا کاتێک کە هەواڵی کارەساتەکە بڵاو دەبێتەوە گاردی ساحیلی یۆنان بۆ نمایشدان و وەک دەرمانی دوای مەرگی سۆهراب وەخۆ دەکەون. خەڵکی ئازادیخواز و شەڕافەتمەندی یۆنان رۆژی هەینی دژبەم کەمتەرخەمیە بە ئانقەسەتەی گاردی ساحیلی یۆنان بۆ ڕزگارکردنی پەنابەران خۆپیشاندانیان کرد و سیاسەتی دەوڵەتی یۆنان و باقی دەوڵەتانی ئوروپاییان سەبارەت بە پەنابەران مەحکوم کرد.
دەوڵەتانی ئوروپایی چەندین ساڵە کە بە ملیارد دۆلار دەکەنە گیرفانی دەسەڵاتدارانی حاکم لە تورکیە و باکوری ئافریقاوە تا بەر بە هاتنی پەنابەران بەرەو ئوروپا، بە تایبەت ئوروپای ڕۆژئاوا، بگرن. هەرچی پەنابەر کەمتر لە سنورەکانی ئەو ولاتانەوە تێپەر بێت پارەی زیاتریان دەست دەکەوێ. لەگەڵ ئەوەدا دەوڵەتانی ئوروپایی بە وەڕێخستنی تەبلیغاتی ژاراوی دژبە پەنابەران هەرجار ناجارێک یاساکانی پەنابەری دەژبە پەنابەران دژوارتر دەکەن.
سیاسەتمەدارانی خزمەتکاری خاوەنانی سەرمایە لە ئوروپای ناوەندی لە ڕابردودا بە تاڵان کردنی سەروەت و سامانە سروشتیەکان و چەوساندنەوەی توندی هێزی ئینسانی، داسەپاندنی ئیستبداد، دروست کردنی شەڕ و وێرانکردنی ژینگە و دانی بەمیلیارد دۆلار بەو وڵاتانەی کە ڕێگای تێپەڕ بوونی پەنابەرانن بەرەو ئوروپا، دەورێکی ڕاستەوخۆیان لە کوشتاری پەنابەراندا هەیە. با وەک نمونە سەرنجێک بدەینە” ڕێگا چارەی” جەنایەت ئافەرینی یەکێتی ئوروپا:
یەکەم، گێڕانەوەی پەنابەران بەرەو ئەو وڵاتانەی لێیەوە هاتوون. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەران لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکانیشیان دا ئاوارە و بێ سەرپەنان. گێڕانەوەیان یانی سەرلەنوێ کردنەوەیان بە گەرووی مەرگدا.
دووهەم، توندبوونەوەی سیاسیەتە دژی پەنابەریەکانی وڵاتانی ئوروپایی. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پەسندکرانی یەک لەدوای یەکی یاسا دژی پەنابەریەکان لە ئوروپا تەنیا داوێنگیری پەنابەران نابێت. ئەم یاسا و سیاسەتانە لە عەینی حاڵدا ئەو وڵاتانە لە باری ئەخلاقیشەوە بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستەڕاستی تر خۆش دەکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لە هەنگاوی دواتردا هێرش بکرێتە سەر هەموو ئەو دەستکەوتە ئینسانی و پێشڕەوانەی کە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا، لە ماوەی ساڵانێک خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکار بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاوە. ئەم هێرشەش هەر ئێستا دەستی پێکردوە. زۆربەی خەڵکی وڵاتانی ئوروپایی و بەر لە گشتی چینی کرێکاری ئەو وڵاتانە قوربانیانی دواتری ئەو سیاسەتانەن. دەوڵەتانی ئوروپایی ئەگەر لە بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتەدا سەرکەوتوو بن، ئینسانیەت لە خودی ئەو وڵاتانەشدا دەکەنە قوربانی.
سێهەم، داخستنی سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگار کردنی دەریایی بەو هۆکارەی کە ئەم خزمەتگوزاری و یارمەتیدانە دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری پەنابەرانی تازە. یەکێتی ئوروپا بەپێی قەرارێکی ڕەزایەت لەسەر دراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی ڕزگار کردن بەرتەسک بکاتەوە. سەبارەت بە دژی ئینسانی و جەنایەتکارانە بوونی ئەم دەلیلە و ئەم سیاسەتە گومانێک نییە. ناوگانی دەریایی و ئاسمانی ئوروپای تەیار بە پێشکەوتو ترین تێکنولۆژی ئەم سەردەمە، چۆن ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانە بکات. ئەوان دەتوانن هەموو بەلەمێک لەو شوێنەوە کە وەڕێ دەکەوێ تا گەیشتن بە مەقسەد بە وردی چاودێری بکەن و بەر لەوەی کە ئەو بەلەمانە بکەونە مەترسی نوقم بوونەوە، بچن بە هانایانەوە. بەڵام ئەوان ئاگاهانە ئەم تواناییە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەنابەران بەکار ناهێنن.
دەبی بە پشت بەستن بە هێزی خەباتی پێشڕەو و ئینساندۆستانە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری دا، دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ناچار بکرێن تا ڕێز لە مافی ئاوارەکان و پەنابەران بگرن. پێویستە خەبات بۆ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کەسێک وەک ئینسان بە مافێکی جیهانیەوە، و وەک شارۆمەندێکی جیهانی و لەوانە بەهرەمەند بوون لە مافی نیشتەجێ بوون لە هەر شوێنێک لە دنیادا کە خۆی دەیەوێ، پەرە پێبدرێت.