هوموو ساڵێک بە دست پێکردنی ورزی هاوین، حیجاب و بەد حیجابی ژنان، دەبێتە بابەتی رۆژی ئاخوند و هێزە سەرکوتگەرەکان و لە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکاندا بە ناوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ” بێ حیجابی و بەد حیجابی” مزاحیمەت بۆ ژنان و کچان، بە شیدەتی هەرچی زیاترەوە دەست پێدەکاتەوە. هێزەکانی رژیم، ئەمساڵیش مەئموریەتیان پێدراوە تا ئەم عەمەلیاتە دژبە ژنە بە کردەوە دەربێنن. بەم ئامانجە ئۆرگانە حکومەتیەکانی پێوەندیدار بەسیج کراون تا بە ناوی ” ئەمنیەتی ئەخلاقیەوە” وێڕای ئازاردانی ژنان سەرجەم کۆمەڵگاش چاوترسێن بکەن. سەرۆکی پۆلیسی ئەمنیەتی ئەخلاقی تاران وتویەتی:” تەرحی بەرخورد لەگەڵ بەد پۆششی و کەشفی حیجابی سەرنشینی ماشێنەکان لە جادە گەورەکانی ئاستی شاری تاراندا چەند رۆژە دەستی پێکردوە. بەپێی بینراوەکان، پۆلیسی تارانی گەورە بە دامەزراندنی گەشتەکانی ئەمنیەتی ئەخلاقی لە سەر جادەکان حوزوریان هەیە و لەگەڵ کەسانی بەد پۆششدا بەرخوردی جیدی دەکەن.”بۆ ئیجرای ئەم تەرحە، دەستگا تەبلیغیەکانی رژیم لە سەدا و سیماوە گرتویەتی تا رۆژنامەکانی بەیانی و ئێوارە و تا تریبونەکانی نوێژی هەینی، ئامادە کراون تا شەیپوری دژی بەد حیجابی لێبدەن و رێگای هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان خۆش بکەن. دەزگای قەزاییش ئامادە کراوە تا پشتیوانی لەو جەنایەتانە بکات کە لە لایەن ئەم هێزانەوە لە خیابانەکاندا دەکرێن.توند بوونەوەی گوشار بۆسەر ژنان بە بیانوی بەد حیجابی ئەگەرچی ریشەی لە ئیدئۆلۆژی و باوەڕی ئەم رژیمەدایە، بەڵام لەمرۆدا ئەساسەن وەک شگردێکی سیاسی نەک تەنیا لەدژی ژنان بەڵکو لەدژی سەرجەم کۆمەڵگە بەکار دەهێندرێت. کێشمەکێش لەسەر حیجابی ژنان لە هەردوو لاوە، هەم لە لایەن رژیم و هەم لە لایەن جەماوەری ژنانەوە نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی لە خودی بابەتەکە واوەترە. مەسەلەی حیجاب لە لایەن رژیمەوە ئامرازێکە بۆ هێز نواندن لە سەر شەقامەکان، توند بوونەوەی فەزای ئیختناق و سەرکوت، چاوترسێن کردنی سەرجەم کۆمەڵگە و لە لایەن ژنانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە، هەوڵێکی نمادینە بۆ دەرچون لە پێگەی پڕ لە سوکایەتی و ژێر دەستەیی کە ئەم رژیمە بەسەر ئەوانیدا سەپاندوە.لە روانگەی جەماوەری خەڵک بەتایبەت ژنانەوە، داسەپاندنی حیجاب رێگایەکە بۆ پێشێل کردنی سەرەتاییترین مافە ئینسانیەکانی نیوەی کۆمەڵگا، ئامرازێکە بۆ دیسان بەرهەمهێنانەوە و پەرەپێدانی فەرهەنگی پیاو سالاری، رێگایەکە بۆ خانەنشین کردنی تەیفێکی بەرین لە ژنان، بیانویەکە بۆ هێرش بۆسەر سیکۆلاریزم، وەسیلەیەکە بۆ چەوساندنەوەی توندتری کرێکاران، هەوڵێکە بۆ بێبەش کردنی کۆمەڵگە لە خەلاقیەت و لێوەشاوەیی و ئیستعدادەکانی نیوەی جەمعیەتی کۆمەڵگا و لە کۆتاییدا ئامرازێکی سیاسیە بۆ دروست کردنی کەش و هەوای ئیختیناق و سەرکوت و لە بارودۆخی ئەمرۆدا سەرپۆشێکە بۆ بەلاڕیدا بردنی زەینی خەڵک لەسەر کێشمەکێشە دەرونیەکان و گەورە بونەوەی کەلێنی ناکۆکیەکان و شاردنەوەی قوڵایی ئیختیلاف و قەیرانە حکومەتیەکان.گومانی تێدانیە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بەم شگردانە، هەم ئاستی کرداری دژبە ژنی پەرەپێبدات و هەم بەناوی بەرەنگار بوونەوەی بێ حیجابی و بەد حیجابی فەزای کۆمەڵگە خەفەتر بکات و هەم بە توند کردنەوەی ئیختیناق لە کۆمەڵگەدا، ناکۆکی و کەلێنە دەرونیەکانی پەردەپۆش بکات. کۆماری ئیسلامی بە ئیجرا کردنی ئەم جۆرە تەرحانە تەنانەت ناتوانێ حێجاب بۆ هەمیشە لەم ئاستەشدا داسەپێنێ. خۆڕاگری ژنان لەم مەیدانەدا تا شکست پێهێنانی بەتەواوەتی سیاسەتی داسەپاندنی حیجاب بەسەر ژناندا درێژەی دەبێت و نە تەنیا ئەم تەرحە نوێیە، بەڵکو باقی تەرحە سەرکوتگەرانەکانی رژیم، ئاکامێکی بێجگە لە شکست و ریسوایی بەدواوە نابێت.ژنانی ئێران لە ماوەی ئەم سێ دەیەی دواییدا لە پاڵ چینی کرێکاردا زۆر ترین زەخت و گوشاریان لە لایەن رژیمەوە بەسەردا سەپاوە. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵدا تا وێڕای بەکار هێنانی شگردی سەرکوتی راستەوخۆ، بە پشت بەستن بە باوەڕە مەزهەبیەکان، ستەم بۆسەر ژنان دەرونی بکاتەوە و ئەوان وادار بکات تا بە مەوقعیەتی ژێردەستیی خۆیان رازی بن، بەڵام نەتەنیا لەم کارەیدا سەرکەوتو نەبوو، بەڵکو بورکانی قین و توڕەیی ئەوانیشی تەقاندەوە. ئەوەی کە لەمرۆدا لە مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆماڵایەتی ئێراندا لە باری حوزوری بەرینی ژنانەوە دەیبینین، تەنیا بەشێکی چکۆلە لەو شەپۆلە بەرین و خورۆشاوەیە کە لە رێدایە. وشیاریەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باوەڕ بەخۆییەکی بەهێز و سەرسەختی و لێبڕاویەکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی رزگاری ژناندا لە ئێران لەحاڵی شکڵ گرتن دایە. ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی شۆڕشی داهاتو دەبێت لە ئێران، ئەو شۆڕشەی کە لە هەر هەنگاوێکی بەرەوپێش چوونیدا یەکێک لە پایەکانی ستەمکێشی ژنان دەروخێنێت.