کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری و قەیرانی لوبنان

سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان کە نزیک بە یەکساڵ لەوەپێش بە دوای پێکهاتنێک لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی لوبنان بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێر درا، ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی خەزەڵوەر لە حاڵێکدا کە لە عەرەبستانی سعوودی بوو لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا لە وتوێژێکدا هێرشی کردە سەر حیزبوڵڵا و بە ڕەخنە گرتن لە دخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە لوبنان، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. ئەو ئامانجی دەست لەکار کێشانەوەکەی توشی سەرسوڕمان کردن و شۆکی موسبەت بۆ ئاگادار بوونەوە لەو مەترسیانەی ڕەنگە بەرەوڕووی لوبنان ببنەوە وەسف کرد.

میشێل عون سەرۆک کۆماریی لوبنان دەست لەکار کێشانەوەی حەریری لە دوورەوە قەبوڵ نەکرد و وتی کە عەرەبستان سعوودی حەریری بە بارمتە گرتووە و ناچاری کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە. حەسەن نەسروڵڵاش هەمان ئیدیعای میشێل عونی تێکرار کردەوە و وتی ” ئامانجی عەرەبستان ناسەقامگیر کردنی لوبنانە.” بەڵام خودی حەریری و دەوڵەتی عەرەبستان تۆمەتەکەی حیزبوڵڵا و میشێل عونیان ڕەد کردەوە و لە بەرانبەردا عەرەبستانی سعوودی حەفتەی ڕابردوو لوبنانی تاوانبار کرد کە لەدژی ئەم وڵاتە شەڕی ڕاگەیاندووە. لە ئاخرین هەڵوێستی عەرەبستاندا، عادل الجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕۆژی هەینی لە مادرید وتی ” تا کاتێک کە حیزبوڵڵای لوبنان چەکی لە دەست نەسێندرێتەوە، لوبنان نابێتە خاوەنی سەقامگیری و ئاشتی. حیزبوڵڵا گروپێکی تیرۆریستییە.” ئەو ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفڕانسێکی مەتبوعاتیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕانسەش جەختی لەسەر ئەم هەڵوێستەی خۆی کردبۆوە. ئێستا لە حاڵێکدا کە حەریری لە فەڕانسە و لە حاڵی دیدار دایە لەگەڵ کاربەدەستانی فەڕانسە، بەڵام چەند دانە لە منداڵەکانی هەروا لە عەرەبستاندان. لەم ڕووەوە گومانەکان سەبارەت بە لەژێر گوشاردا بوونی حەریری هەروا درێژەی هەیە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە حکومەتی لوبنان به هۆی ئەوەیکە حکومەتێکی تەوافوقیە قەت خاوەنی سوباتێکی پێویست نەبووە. لەم شێوەیە لە حکومەتدا، دەسەڵات لەنێوان ئەحزاب و فرقە مەزهەبیەکاندا دابەش کراوە. پۆستی سەرۆک کۆماری کە تەشریفاتییە دراوە بە مەسیحییەکان، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ عەرەبی سوننی و سەرۆکی مەجلیسیش بۆ شیعەکان داندراوە. بێ گومان دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە هاوکاری لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبناندا بۆتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی کێشە و گرفتەکان بۆ دەوڵەتی حەریری.

سەعد حەریری ڕۆژێک بەر لە سەفەر بۆ عەرەبستان لە لوبنان لەگەڵ عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری نێونەتەوەیی خامنەیی دیداری کردەبوو. ئەگەرچی بابەتی باسکراو لەم چاوپێکەوتنەدا ئاشکرا نەکرا، بەڵام حەریری لە عەرەبستان وەتەکانی ویلایەتی وەدرۆ خستەوە و لە ڕوون کردنەوەی ئیستعفاکەیدا باسی لە کۆماری ئیسلامیی و حیزبوڵڵای لوبنان وەک دەست ئەندەرکارانی سەرەکی هەرج و مەرج و سەرهەڵدانی کێشە و گرفت لە ناوچەکەدا و کۆسپ لەسەر ڕێگای بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ناودێرکرد. حەریری وتی ” ئەوەی ئێران لە ناوچەکەدا ئەنجامی ئەدات مەترسییە بۆسەر لوبنان.” ئەو ڕەخنەی لە دخاڵەتەکانی حیزبوڵڵا لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەشدا گرت و هۆشداری دا کە:” بە دەخاڵەتەکانی حیزبوڵڵا لوبنان دەکەوێتەبەر مەترسی تەحریمی وڵاتانی عەرەبی حەوزەی کەنداو”. سیاسەتی ڕەسمی دەوڵەتی لوبنان لە ڕاگەیاندنێکدا کە بە هاتنەسەر کاری میشێل عون و حەریری لە لایەن هەموو لایەنەیە سیاسیەکانی لوبنانەوە مۆر کرا، ئەوە بوو کە خۆیان لە ئاگری شەڕێک کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە بە دوور بگرن و لەهیچ یەک لە لایەنەکانی دەرگیر لەو شەڕەدا پشتیوانی نەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا حیزبوڵڵا وەک یەکێک لە لایەنەکانی شەڕی وێرانگەری سوورییە بە حیساب دێت.

دواهاتەکانی دخاڵەت و کێشمە کێشەکانی هەر دوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی و عەرەبستانی سعوودی لە ناوچەکەدا ئەم جار لوبنانی بەرەو ڕووی قەیران کردۆتەوە. حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن عەرەبستان و هێندێک لە دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و ئۆرووپاییەوە وەک گوروپێکی تیرۆریستی ناسراوە، لەم دواییانە لە لایەن ئەمریکاشەوە خرایە ژێر تەحریمەوە و معامەلاتی بانکەکان لەگەڵیدا تەنانەت لە نێو لوبنانیش قدەغە کرا. لەم ڕوانگەیەوە حیزبوڵڵا بۆ دەور دانەوەی تەحریمەکان دەوڵەتی حەریری خستۆتە ژێر گوشاری زیاترەوە. لە لایەکی دیکەوە لە ڕوانگەی حەریریەوە حوزور و بەشداری حیزبوڵڵا لە شەڕی سوورییەدا بێ لایەنی لوبنانی لەم شەڕەدا بردۆتە ژێر پرسیارەوە و مەترسی کێشرانی ئەو شەڕە بۆ نێو لوبنان و بوونی ئەم وڵاتەی بە یەمەنێکی تر زیادتر کردووە. ئەو ئەم بابەتە بە سەرەکی ترین هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەی دەزانێ و ئەوە لە ئاست بەرژەوەندی وڵاتدا دەبینێ. لەگەڵ ئەوەی سەعد حەریری وەتی:” ئەگەر بێتو حیزبوڵڵا و ئێران دەست لە دخاڵەت کردن لە لوبنان و دەرگیرییەکانی ناوچەکە هەڵبگرن، ئامادەیە ئیستعفاکەی وەربگرێتەوە.”

کۆماری ئیسلامیی لە پێوەند لەگەڵ دەخاڵەتی لە لوبناندا خۆی لە گێلی ئەدات و وتەکانی سەعد حەریری سەبارەت بە دەستێوەردانی ئێران لە لوبناندا بە دیکتەی کاربەدەستانی عەرەبستان پیشان ئەدات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حەسەن ڕووحانی چەند ڕۆژ لەوە پێش لە پێوەند لەگەڵ دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتانی تردا وتبوی:” لە کوێی ناوچەکەدا لە لوبنان، عێراق، یەمەن، سوورییەوە گرتویەتی تا باکوری ئافریقا و کەنداوی فارس، بەبێ نەزەری ئێران کارێک بەڕێوەدەچێت؟”. کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا و میشێل عونیش لە بارودۆخی ئێستادا دەست لەکار کێشانەوەی حەریری بە قازانجی خۆیان نازانن و خوازیاری گەڕانەوە و پەشیمان بوونەوەین لە دەست لەکار کێشانەوە. لە بارودۆخێکدا کە حیزبوڵڵا لەژێر گوشاری تەحریمە دەرەکییەکاندایە، ئەم ئیستعفایە دەتوانێ ببێتە هۆی گوشار و تەحریمی زیاتر بۆسەر ئەم ڕەوتە. هەم کۆماری ئیسلامیی و هەم حیزبوڵڵا بوونی دەوڵەتێکی لاواز لە لوبناندا کە ئیمکانی دەخاڵەت و گرەوکەشی زیاتریان پێ ئەدات بە قازانجی خۆیان دەزانن.

ئاشکرایە کە وێڕای بوونی کۆماری ئیسلامیی و حیزبوڵڵا و دەوڵەتی عەرەبستان و گروپە ئیسلامییەکانی سەر بەوان، سەر هەڵدانی شەڕ لە لوبنان ئەگەرێکی بەهێزە. تەبلیغاتی جەنگی تا ئاستێک چۆتە پێشێ کە وێڕای عەرەبستان، دەوڵەتانی کۆیت و بەحرینیش بە شارۆمەندانی خۆیانیان وتووە نەچن بۆ وڵاتی لوبنان. “گوتەرێس” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش سەبارەت بە هەڵگیرسانی شەڕێکی نیابەتی دیکە لە ناوچەکەدا هۆشداریان داوە.

توند بوونەوەی کێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی و عەرەبستان لە لوبنان دواهاتێکی زۆر مەترسیداری بەشوێنەوە دەبێت. دەست تیوەردانەکانی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیی لە لوبنان و باقی وڵاتانی ناوچەکە، دەتوانێ زەمینە سازی بەرپا بوونی شەڕێکی دیكه‌ بێت. عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لە هەوڵدان تا بە توند کردنەوەی کێشەکان، پێی ئەمریکا و باقی زلهێزە سەرمایەداریەکان بکێشنە نێو بەرەوڕوو بوونەیەکی نیزامی ڕاستەخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی. لەم ڕوانگەیەوە لە جەریانی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی لوبناندا کۆماری ئیسلامیی کەوتۆتە پێگەیەکی دیفاعیەوە و زۆر نیگەرانە. بێ گومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی پییەکی سەرەکی بارودۆخی پڕ لە مەترسی ئێستای لوبنانە. بۆ ڕزگار بوون لە نیگەرانی و مەترسی شەڕ، کرێکاران و خەڵکی ئازار چەشتوی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕێگایەکیان بێجگە لە هاتنە مەیدان و بەرگرتن لە دەست درێژی و شەڕ ئەنگێزی ئەم دەوڵەتە جەنایەتکارانە لەبەر دەمدا نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-