بە دوای شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ٢١ کاتژمێری خایاند لە ئیسلام ئاباد، بەرەبەیانی دووشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٦ قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە قۆناغێکی نوێ.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، گەمارۆی دەریایی ئێران کە هەموو ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران و دەردەچن، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا بە فەرمی دەست پێدەکات. هەر لەو پێوەندییەدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕێوشوێنە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی فارس و دەریای عومان دەگرێتەوە، هەرچەندە ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن بۆ بەندەرەکانی دەرەوەی ئێران، بە پێی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا ناچنە ژێر ئەم سنووردارکردنە. لەبەرامبەردا سپای پاسداران هۆشداری داوە کە نزیکبوونەوەی کەشتییە سەربازییەکان بۆ گەرووی هورمز بە پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار بکرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە ڕاگەیەنرا کە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە پاکستان کە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕی شەش هەفتەیی و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی گەرووی هورمز بەڕێوەچوو، بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات.
