ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی ڕەزبەر هەواڵنێریی ئیسنا، دەست لەکار کێشانەوەی ٣ کەس لە وەزیرەکانی کابینەی ڕوحانیی ڕاگەیاند. ئەو ٣ وەزیرەی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە بریتین لە وەزیرانی ” فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی”، ” ئاموزش و پەوەرش” و ” وەرزش و لاوان”. دهنگۆی ئەم ئاڵوگۆڕانە بەڕیوایەتی جۆراوجۆرەوە ماوەیەک بوو لە مەحفیلەکانی نزیک لە دەوڵەتدا بەسەر زارانەوە بوو. ئەم هەواڵە لە لایەن هەواڵنێرییە حکومەتییەکانەوە چەندین جار وهدرۆ خراوهتهوه و تەئید کراوە. لەم پێوەندهدا تەنانەت ڕاوێژکاری فەرهەنگیی ڕۆحانیش ڕایگەیاند کە ” هەواڵی لادان یان دهست لهكار كێشانهوهی عەلی جەننەتیی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی نە تەئید دهكهم و نە ڕەتیشی دەکەمەوە.” لە کۆتاییدا لادانەکان یەک بە دوای یەکدا تەئید کران. دهنگۆی بەناو دەست لەکار کێشانەوەی ژمارەیەکی دیکە لە وەزیرەکانیش باسی لێوه دەکرێت.هەڵبەت لە هەمان سەرەتاوە ههندێک لە هەواڵنێرییەکان ئاشکرایان کرد کە حەسەن ڕوحانی خۆی داوای لەم وەزیرانە کردووە كه دەست لەکار بکێشنەوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەژێر ناوی نوێژەنکردنەوەی کابینە، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە تەمەنی دەوڵەتی یازدەهەمی روحانی چهند مانگێك تهمهنی ماوه و ههر لە ئێستاوە چالاکیی هەڵبژاردن بۆ دەورەی دووهەمی دەست پێکردووە. لەکارلادانی ئەم وەزیرانە کە باڵی ئوسولگەرا بە هەر هۆیەکهوه دژایەتییان بکات، لە لایەن ڕوحانییەوە بە هەنگاوێک بهم ئاراستهیه و بۆ دەستەبەرکردنی ڕەزایەتی باڵی ئوسولگەرا و ڕوحانییەکان بە ههژمار دێت، ههتا دژایەتییەکانیان بۆ دەورەی دووهەمی کاندیداتۆڕییەکەی کەم بکاتەوە. بەتایبەت ئەوەیکە لە ماوهی چەند مانگی ڕابردوودا کرداری ههندێك لهم وەزیرانە جێی ناڕەزایەتیی و ڕەخنەی باڵی نەیاری دەوڵەت بوون.
ئەم شکست و پاشەکشەیەی ڕوحانی لە بەرانبەر باڵی ڕەقیبدا، گورزێکی دیکە بوو لە ئیسلاحخوازانی حکومەتیی کە هیوادار بوون لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنی داهاتوودا بتوانن له بهرامبهر باڵی ئوسولگەرادا، بیانکێشنە پای سندووقەکانی دەنگدان. ئیسلاحخوازانی حکوومەتیی بهنیازن وا بنوێنن کە گۆیا ڕوحانی لە پێوەند لەگەڵ سیاسەتی ناوخۆیی لە دەورەی یەکەمی سەرۆک کۆماریدا، بەهۆی گرنگیدان بە تهوهری هەڵوەشاندنەوەی تەحریمەکانهوه نەیتوانیوە وەعدە و بەڵینەکانی كاتی هەڵبژاردنهكانی لە پێوەند لەگەڵ گۆڕانكاریی لە بارودۆخی سیاسیدا و باشترکردنی دۆخی ئابووریی و ژیان و بەڕێچونی خەڵک جێبەجێ بکات. لایهنگرانی دهوڵهت بهینازن بڵێن كه ئێستا کە بەرجام بە ئاکام گەیشتووە، ڕوحانی لە دەورەی دووهەمی سەرۆک کۆماریدا، وەعدە و بەڵێنەکانی بۆ باشتركردنی بارودۆخی كار و ژیانی خهڵك بەکردەوە دەردێنێ.
ئیسڵاحخوازانی حکومەتیی و لایەنگرانی حکومەتی تەدبیر و ئومیدی ڕوحانی و ڕەفسەنجانیی ئێستا هیوایان لەسەر ئیبلاغییەی هەڵبژاردنی خامهنەیی هەڵچنیوە و دەیانەوێ ئهمه وەک تروسکایی هیوا بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ، دەرخواردی خەڵک بدەن. ئەو ئیبلاغییەی کە ڕۆژی شەممە ٢٤ ی مانگی ڕەزبەر لە لایەن خامنەییەوە دەرکرا، بەشێک لە چالاکی تەبلیغاتیی ئەو و ئوسولگەراکان بۆ کەمپینی هەڵبژاردنە و بهئاراستهی تەئید و بەهێزکردنی موهەندێسیی هەڵبژاردندنی داهاتوودا ئامادە کراوە. ئەم ئیبلاغییە کە گۆیا سیاسەتە کەڵانەکانی ڕێبهریی بۆ هەڵبژاردن دیاریی کردووە، دهغهڵكارانه بۆ ئهوه هەوڵ دەدات كه وابنوێنێت کە گەلێک گۆڕانكاریی لە ڕێوشوێن و ڕهوتی ململانێی شانۆگەریی ههڵبژاردنی داهاتووی لەخۆ گرتووە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئیبلاغییەی کە ڕەشنووسەکەی لە ” مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام”دا پەسهند کراوە، لە لایەن خامهنهییەوە زیاتر دەستکاری کراوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە به ئاراستهی کورت کردنەوەی دەستی سپای پاسداران لە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنی دەورەی داهاتووی سەرۆک کۆماری ڕژیم دایە و ئامانجهكهشی فریودانی خەڵک و ڕاکێشانیانە بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگایەوە گەرم کردنی تەنووری موبارزاتی هەڵبژاردنە کە لەئێستاوە لە لایەن باڵە حكومەتییەکانەوە دەستی پێکردووە.
لایەنگرانی باڵی بەناو ئیعتیدال دڵیان بە بەندی ١٦ ی ئیبلاغییەکەی خامهنەیی لەپێوەند لەگەڵ بارودۆخی هەڵبژاردنی داهاتوو خۆش کردووە کە تێیدا هاتووە ” هێزە چەکدارەکانی سەربە هەرسێ لایەنی دەزگای ئیتلاعاتیی و ئەمنیەتی و سازمان و ناوەند و شیرکەتەکانی سەربەوان نابێ لە دەستەبەندییە سیاسیی و جەناحییەکانی هەڵبژاردندا، بەشداریی بکەن و لایەنگری لە کاندیدێکی تایبهت بکەن.” بەڵام ئایا بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە درێژەی مانەوەی لەسەر كورسی دهسهڵات، بهنده به ههبوونی دامودەزگای بەرینی سەرکوت و کوشتار، ئیمکانی ئهوهی هەیە چاوپۆشی بكات لە دەستێوەردانیان نەك ههر لە هەڵبژاردنێکی درۆیینەدا، بەڵکوو لە هەموو کاروباری دەسەڵاتدارییدا. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، کەواتە فەلسەفەی وجوودیی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی سپا و هێزە ئیتلاعاتیی و ئەمنییەتییەکان و گۆپاڵ بەدەستانی حیزبوڵڵاهیی و بەسیج، بۆ ڕژیم چییە.
کێیە کە نەزانێ لە گشت قۆناغەکانی هەڵبژاردنی ڕابردوودا ئەوە سپای پاسداران بووە کە وەک حیزبێکی پادگانیی، نفوز و دەخاڵەتی ڕاستەخۆی هەبوو. لە یەکهمین دەورەی شانۆی هەڵبژاردنهكان و تەئید یان ڕەتکرانەوەی سەڵاحییەتی کاندیدەکان لە لایەن شوڕای نیگههبانەوە بگره ههتا دهستوهردان له سندووقەکانی دەنگدان و ناساندنی کەسانی سەرکەوتوی هەڵبژاردن بەبێ سەرنجدانە دەنگەکانی نێو سندووقەکان، ههتا سەرکوتکردنی هەموو ناڕەزایەتییەک بە چۆنیهتیی بەڕێوەچوون و تەنانەت ئاکامی هەڵبژاردنەکان، سپای پاسداران له ههر ههمووی ئهمانهدا دخاڵەت دەکات. نمونەی بەرچاوی ئەم دەستێوەردان و سەرکوتگەرییەی سپای پاسداران، بهشێك له لایەنگرانی ئیسلاحخوازانی حکوومەتیین كه لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨دا بە تەحەمولکردنی زیندان و ئەشکەنجەش بووه، تەجرهبە کردووە. کە واتە یەکەم، سپای پاسداران کە لە باری سیاسیی، نیزامیی و ئابووریی و تەبلیغاتییەوە دەسەڵاتی سەرەکیی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیی لە دەستدایە، گوێ ناداتە ئەم ئیبلاغییە و دەستوراتە. دووهەم خامهنەیی بەو گۆڕانكارییانهی کە لە بەندەکانیدا کردوویەتی، دهغهڵكارانه بارودۆخی دخاڵەتی دەزگا سەرکوتگەرەکان لەم شوعبەدەبازی و گاڵتەجاڕهی هەڵبژاردنی دابین کردووە.
کاربەدەستانی ڕژیم لهڕێگهی زەقکردنەوەی گۆڕانكارییهكانی پڕۆسەی بەڕێوەچونی گاڵتەجاڕی هەڵبژارندا، هەوڵ دەدەن ههتا خەڵک بكێشنه پای سندووقەکانی دەنگدان. سەرانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لهڕێگهی گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن و ڕاکێشانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان و نمایشدانی بەشداریی خەڵکهوه، دەیانهەوێ مەشروعییەتی نهبووی خۆیان له لای هێزه جیهانییهكان نومایش بدهن. بەڵام کرێکاران و خەڵکێک کە ٣٧ ساڵی ڕهبهقه لەگەڵ ئەم ڕژیمە جەنایەتکار و سەرکوتگەرەدا بەرەوڕوو بوون، زۆر باش دەزانن کە شگرد و فرت و فێڵهكانی کۆماری ئیسلامیی و تەبلیغاتی کاربەدەستانی ڕژیم لە سەروبهندی هەر شانۆگەرییەکی هەڵبژاردندا بێجگەلە فڕوفێڵ هیچی دیكه نیین و هاتنهدهری هەر کام لە کاندیدەکان له سندووقهكانی هەر بەناو هەڵبژاردنێکدا، گۆڕانكارییهك لە ژیانێکی موسیبەت بار کە ئەم ڕژیمە دژه مرۆییه بۆیانی پێکهێناوە بەدی ناهێنێ.