بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی لە شارەکانی تاران، شنۆ و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە بانگهێشت یان دەستبەسەر کراون.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەی “محەممەد سەنگین ئابادی” دانیشتووی شاری تاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەکای ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی “ئەسعەد حەمیدی” تەمەن ٣٤ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، بەو پەڕی توندوتیژییەوە بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و هێشتا چارەنووسی نادیارە. لە هەمان کاتدا، شارومەندێکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی “سەجاد وەیسی”، لە ڕێگای شارستانی سەرپێڵی زەهاو، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبیلەکەی و دەستبەسەرکراوە. شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران یان ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.
