کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەستتێوەردانی ئاخووندەکان لە پەروەردە و بارهێنان دەبێ کۆتایی پێبێت!

 

ئیمام جومعەکان کە لەڕیزی پێشەوەی سەرەڕۆیی و کۆنەپەرەستیدان و تریبوونەکانی نوێژی هەینییان کردووە بە بڵندگۆی جەهل و جینایەت، ئەمڕۆژانە لە هەوڵی ئەوەدان کە بۆ پێشگرتن بەبێ ڕەونەقبوونی دوکان و بازاڕەکەیان، خوێندکارەکان ناچار بکەن بەشداری نوێژی هەینی بکەن. لەم پێوەندییەدا ئەحمەدی مەحموودی ئیمام جەماعەتی کاتیی ئیسفەهان، نوێژی هەینی وەک یەکێک لە “بەرەکەتەکانی” نیزامی کۆماری ئیسلامی ناوبرد و وتی کە دەبێ ئامووزش و پەروەرش هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەکانی خۆیدا، کارێک بکات کە خوێندکاران لە نوێژی هەینیدا بەشداری بکەن.
پێدەچێت دامەزراندنی دەیان هەزار مەلا و فەقێی بێسەواد و کۆنەپەرست لە مەدرەسەکان بەس نەبووبێت، وا ئێستا لەهەوڵی پەلکێشکردنی خوێندکاری مەدرەسەکاندان بۆ بەشداری زۆرەملێ لە ڕێوڕەسمی نوێژی هەینیدا. تا ئەو جێگایەی کە کۆماری ئیسلامی دەناسین، بەمەرجێک گەڵاڵەیەکی لەم چەشنە بەکردەوە دەربێت، لەوانەیە لە ئەگەری بەشداری نەکردن لە نوێژی زۆرەملێدا خوێندکاران لەگەڵ هەڕەشەی دەرکردن و قەبووڵ نەبوون لە تاقیکردنەوەکاندا بەرەوڕوو دەکەنەوە، واتە هەر ئەو کارەی کە ئیدارەی دیاریکردن و دامەزراندنی ئیتلاعات لە مەدرەسەکان لەگەڵ موعەلیمە شەریفەکان دەیکات. گەڵاڵەی بەشداری پێکردنی زۆرەملێ لە نوێژی هەینیدا، لەزومرەی ئەو ڕێوشوێن و بەرنامانەیە کە چەندین ساڵە بەمەبەستی ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسا ئیسلامییەکان لە بواری فێرکردن و بارهێناندا بەڕێوەدەچێ و ئێستاش مەبەستیانە خوێندکارانی مەدرەسەکانیش بەزۆر لە شانۆی حەوتووانەی نوێژی هەینیدا بەشداری پێبکەن.
جیایی دین لە پەروەردە و بارهێنان و هەروەها جیایی دین لە دەوڵەت، یەکێکە لە گرینگترین و پێویستترین ڕوکنەکانی پێشگیری لە پەرەسەندنی خوڕافە و کۆنەپەرستی و هەروەها گەشەپێدانی زانست و هوشیارییە لە سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی هەر کۆمەڵگایەکدا.
بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی پەروەردە گەورەترین زیانی پێگەیشت. لە یەکەمین هەنگاودا موعەلیمان و مامۆستایانی سکۆلار و پێشکەوتنخواز لەسەرکار دوورخرانەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکان پڕبوون لە جەهل و خورافاتی ئیسلامیی شیعە و ئەمجار ڕێگا بۆ چوونی فەقێ و مەلاکان بۆ ناو مەدرەسەکان، دانشگاکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی دیاریکردنی کادری نوێی ئامووزشیی کرایەوە و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی تێکەڵکردنی حەوزە و دانشگا بەکردەوە دەرهات. بەمجۆرە دوو نەوە لە منداڵان و تازە لاوانی وڵات بە فەرهەنگی هەڵاواردن لە دژی ژنان، بڵاوکردنەوەی نەفرەت و بێزاری لەدژی باوەڕ و ئایینەکانی تر، خوڕافە پەرستی و دژایەتی لەگەڵ زانست و هوشیاریی سەردەمی مرۆڤایەتی بارهاتن. خۆڕاگریی خوێندکارانی دانشگاکانیان لەئاست ئەم شەپۆلە هێرشە کۆنەپەرستانەیەدا بەتووندی سەرکوت کرد و ژومارەیەکی زۆر لە خوێندکارانیان ئەستێرەدار واتا لەدرێژەدان بەخوێندن بێبەشکرد.

بەخۆشیەوە بەهەوڵ و هیمەتی موعەلیمە شەریف و ئازادیخوازەکان، بنەماڵەکانی دژ بە خوڕافە و کۆنەپەرستی، هەوڵی هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکان، گەشەی تەکنۆلۆژیا و دەست پێڕاگەیشتن بە دوایین دەستکەوتەکانی مرۆڤ لە ڕێگای ڕاگەیاندن و ئامرارازە پێوەندییە پێشکەوتووەکان، کۆچی ملیۆنی بەرەو ئامریکا و ئوروپا و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی تر و هەروەها خوێندن لە دانشگاکانی جیهان، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژیم، نەوەی نوێی وڵات بێزار لە ئامووزشی مەزهەبی بارهاتن و ئاخووندە دەسەڵاتدارەکان نەیانتوانی جەهل و کۆنەپەرستی مەزهەبی بەسەر ملیۆنان قوتابی و خوێندکاری ئەم وڵاتەدا بسەپێنن.
خوێندکاران، دانشجویان، موعەلیمان و بنەماڵەی خوێندکاران لەڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی ڕژێمی ئیسلامی لەدژی منداڵان، تازە لاوان و لاوانی وڵاتدان. ویستی کورت کردنەوەی دەستی ئاخوند و دام و دەزگا دینییەکان لە ناوەندەکانی فێرکردن و بارهێنان،جیایی دین لە دەوڵەت و تایبەتیی کردنی ئەمری دینداری و بێ دینی، لەزومرەی مافە مرۆڤانە و سەرەتاییەکانی خەڵک لە کۆمەڵگادایە.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبری دروستکردنی مەدرەسەی نوێ و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ خوێندکاران، پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی بەڕێوەچوون و مافی مرۆڤانەی موعەلیمان، درووستکردنی کتێبخانە و دابینکردنی ئینترنێتی خێرا و بەخۆڕایی، پەرەپێدان بە مۆزەخانەکان و ناوەندەکانی زانست و ڵێکۆڵینەوە، دابینکردنی کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە زانستییەکان، دابینکردنی ئامرازی گواستنەوەی ئەمن بۆ قوتابیان و دانشجویان، لەهەوڵی پەلکێشکردنی خوێندکارندایە بەرەو نوێژی زۆرەملێ و بڵاوکردنەوەی هەرچی زیاتری جەهل و خورافە و چاندنی تۆوی نەفرەت و بێزاری لە زێهن و مێشکی لاواندایە.
بەهەوڵی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی جەماوەری ملیۆنی خەڵک لەپێناو ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە ئیسلامییە، دەرگای دوکانی ئاخووندە دین فرۆشەکانیش دادەخرێت و ئەم لەشکرە مشەخۆر و کۆنەپەرستە ناچار دەبن بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان لەفکری پیشەیەکی شەرافەتمەندانەدا بن و هەزینەی ملیارد دۆلاریی دامودەزگا مەزهەبییەکان خەرجی پەرەپێدان بە زانست و هوشیاری و هەروەها باشتربوونی بارودۆخی ژیانی موعەلیمان و خوێندکاران دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-