ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هێرشیان کردە سەر ماڵی “محەممەد مورادی نیساری” چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری ئیلام و لە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی مانگی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز هاووڵاتییەکیان بە ناوی “کاوە ڕەشیدزادە” تەمەن ٣٢ ساڵ دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “کاوە ڕەشیدزادە” بە بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لە شوێنی کارەکەی خۆی کە دووکانی گۆڕینی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەر کراوە و هەر ئەو ڕۆژە بۆ یەکێک لە زیندانە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە، گوازراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە هێزە ئەمنیەکانی ڕژیم لە شاری ئیلام پاش دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە فەرهەنگیە هەڵیان کوتاووتە سەر بنکەی “وەشانگەی باشوور” لەو شارە و ئەو شوێنەیان بەوردی پشکنیوە و پاشان کەل و پەلی تایبەتی ناوبراویان زەوت کردووە.