سپای ڕێژیمی ئیسرائیل نزیکەی ١٧٥ چالاکوانی لایەنگری فەڵەستینی کە لە چوارچێوەی کاروانێکی دەریاییدا بەرەو کەرتی غەززە بەڕێوە بوون، لە نزیک ئاوەکانی یۆنان دەستبەسەر کرد و بۆ ئیسرائیلی گواستنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی فەڕەنسی هەن کە لەگەڵ کاروانێکی بەلەم و کەشتییەکاندا خەریکی گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بوون. ئەم کاروانە کە هەڵگری خۆراک و دەرمان بووە، لە دوورگەی سیسیلەوە بەڕێکەوتبوو و بە وتەی ڕێکخەرانی، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و لە نزیک دوورگەی کریت، لە مەودای نزیکەی ١١٠٠ کیلۆمەتریی غەززە، کەوتووەتە بەر هێرشی هێزی دەریایی ئیسرائیل. زانیاریی زیاتر لەسەر دۆخی دەستبەسەرکراوەکان و کاردانەوە فەرمییەکان بۆ ئەم کارە بڵاونەکراوەتەوە.
