ڕۆژی ڕابردوو، پۆلیسی ئیماراتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ١٠٠ کەس بە تۆمەتی وێنەگرتن لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدارانی ئەمنیی ئیمارات، تەنها لە شاری ئەبوزەبی لانیکەم ٤٥ کەس و لە دوبەی ٢١ کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەنێوان دەستبەسەرکراواندا گەشتیارێکی بریتانیایی تەمەن ٦٠ ساڵیش هەیە کە لە دوبەی دەستبەسەر کراوە. دەسەڵاتدارانی ئیمارات جەختیان لەسەر قەدەغەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی پەیوەندیدار بە ڕووداوە سەربازییەکان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانە بۆ ڕێگری لە هەڵچوونی ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست ئەنجام دراون. پۆلیسی دوبەی هەروەها ئاگاداری داوە کە بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە ببێتە هۆی دروستبوونی ترس لەنێوان خەڵکدا، دەتوانێت بە سزای زیندان و زەوتی دارایی سزا بدرێت.
