مریەم داوودیان، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ دادگا دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هێزە حکومەتییەکان بەبێ حوکمی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مریەم داوودیان و دوای پشکنینی ماڵەکە، مۆبایلەکەیان زەوت کردووە. دوابەدوای ئەوە، ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەش وێڕای بانگهێشتی بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو. سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی داوودیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بەدەست چەندین نەخۆشی وەک شەکرە، تالاسیمیا و ڕۆماتیزمەی جومگەوە دەناڵێنێت. بێبەشکردنی ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە سەرەکییەکان و چاودێریی پزیشکی لە گرتووخانە، گیانی ئەم هاووڵاتییەی لەگەڵ مەترسیی جددی ڕووبەڕوو کردووەتەوە. شایانی باسه تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ مریەم داوودیان لەبەردەستدا نییە.
