لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتی لە شارەکانی کرماشان و کامیاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژانی هەینی و شەممە، 2 و 3ی گەلاوێژی 1405ی هەتاوی، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “فوئاد شادی و ئیسماعیل خاتری” ئەندامانی ئەنجومەنی خێرخوازانەی گوندی “شایەنی” سەر بە شارستانی کامیاران، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراون. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی “عەبدوڵڵا پەشابادی” تەمەن 56 ساڵ، ڕۆژی یەکشەممە 4ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران یان ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە، زانیارییەکی ڕوون لە بەردەستدا نییە.
