لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد، سەقز و بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەمنی و قەزایی بوونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، شەماڵ ڕەسووڵ مۆروەت، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەر، پاش بانگهێشتی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای مەهاباد دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە. ناوبراو کە پێشتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکان و تەبلیغ دژ بە ڕژێم دادگایی کرابوو، لە کۆتایی دۆسیەکەدا، حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها لە شاری سەقز، ڕۆژان ئیبراهیمی، ژنێکی وەرزشوانی تەمەن ٢٠ ساڵ، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی باوکی، بەبێ بەڵگەی قەزایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراوە. هاوکات لە شاری بۆکانیش، ئیسماعیل کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، پاش بانگهێشتی بۆ لقی دووهەمی لێکۆڵینەوەی دادسەرای ئەم شارە، دیسان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری بۆکان کراوەتەوە.
