لە رۆژانی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی شنۆ، کامیاران و میاندوئاو لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، “هاوڕێ یوسفی” تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی کامیاران، بە هێرشی هێزەکانی ئیداری ئیتلاعاتی رژیم بۆ سەر ماڵی بنەمالەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. هەروەها “کاروان سوری” تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی میاندوئاو، ڕێککەوتی ١٠ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە ئەمنییەکانی کرا. ناوبراو پاش ٤ رۆژ لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٤ مڵیاردی ئازاد کرا، بەڵام لەم رۆژانەدا دیسان لە لایەن ئیداری ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوە و مەتڕسی دەستبەسەرکرانی لەسەرە. شایانی باسە کە هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی “بەیان قادری” تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شنۆ، رۆژی شەممە ٢٨ی خەرمانان لە لایەن دادگا ئینقیلابەوە بانگ کرا و پاش ئامادەبوونی لەو شوێنە، بە بێ بەڵگەی قەزایی دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتووخانە ئەمنییەکان کراوە. شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی ئەو کەسە و دەستیان بە سەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانیدا گرتووە.
