وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی گوڵان ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر نەوتهەڵگرێکی هەڵگری نەوتی ئێراندا گرتووە لە ئاوەکانی هینددا.
بەپێی بەیاننامەیەکی پێنتاگۆن، ئەم نەوتهەڵگرە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا بووە و پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنەکە بە چوونە ناوەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ سەر کەشتییەکە ئەنجام دراوە. پێنتاگۆن هەروەها وێنە و ویدیۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردووەتەوە. لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئاوە نێودەوڵەتییەکان ناتوانرێت وەک قەڵغان بەکاربهێنرێن و واشنگتۆن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی یاساکانی سزا لە ئاستی جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەناو “تۆڕە نایاساییەکان“. ئەم ڕووداوە لە درێژەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەی ئەمریکادایە دژ بە کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە ئێران. پێشتریش کەشتییە بارهەڵگرەکانی “تروسکا” کە بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە و لەژێر سزادا بوون، دەستیان بەسەردا گیرابوو.
