کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەزگای سەرکوتی ڕژیم دەکرێ ئیفلیج بکرێت

2018-02-06| ۱۳۹۶-۱۱-۱۷ لە حاڵێكدا کە ناڕەزایەتی کرێکاری لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی ئێراندا درێژەیان هەیە و ناڕەزایەتی خەڵکی وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش، سات بە سات ئەگەری گەشانەوەی هەیە، سەرانی ڕژیمیش لە سەرودەمی ٢٢ ی ڕێبەندان، ساڵیادی روخانی ڕژیمی شادا، نیگەرانی خۆیان لە داهاتوی ڕژیمی ئیسلامی ناشارنەوە. رۆژی دووشەممە ئەحمەد جەنەتی دەبیری شورای نیگابان لە سوخەنڕانیەکدا لە پێوەند لەگەڵ ئاخێزی ئەم دواییەی خەڵک لە مانگی بەفرانباردا وتی:” من نیگەرانی ساڵی داهاتوم کە چی رووئەدات چون دەبێ ئەگەرەکان هەڵبسەنگێندرێن و لە بەرچاو بگیرێن. جەنەتی پێشتر لە رۆژی ٥ ی ڕێبەنداندا بە ئاماژە بە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە، فەزای مەجازی بە بەڵا و گرفتێک ناوبرد کە کەوتۆتە گیانی مەملەکەت. ئەو هەروەها وتی:” کاتێک کەلێنی چینایەتی زۆر بێت هەژاران دەڕژێنە سەر شەقامەکان و هاوار و داد دەکەن و ناتوانن ئەو ژیانە تەحەمول بکەن.” و لەم پێوەندەدا وتی کە:” ئەمرۆ بابەتی بەرئەندازی ئیسلام و نیزام لە گۆڕێدایە و دەبێ ئەم پیلانە پوچەڵ بکرێتەوە.”

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماریش کە بە بۆنەی ٣٩ هەمین ساڵرۆژی قیامی ٢٢ ی بەهمەن ی ساڵی ١٣٥٧ قسەی دەکرد، نیگەرانیەکانی سەبارەت بە داهاتوی ڕژیم دەربڕی و حکومەتی پەهلەوی وەک نمونە هێنایەوە و جەختی کردوە:” ڕژیمی ڕابردو کە پێی وابوو سەڵتەنەتەکەی هەتاهەتاییە و حکومەتێکی سەڵتەنەتی ئەبەدی هەیە بەم هۆکارە هەموو شتێکی لەدەست دا.”

لە ماوەی رۆژانی دواییدا گەلێک قسەی هاوشێوە لە زمان زۆرێک لە کاربەدەستانی ڕژیمەوە دەبیستین. تا ئێستا نە خامنەیی و نە فەرماندەکانی سپای پاسداران، هیچکامیان بە ڕاشکاوی باسیان لە شکستی به‌ ته‌واوه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان نەکردوە و لەم بارەیەوە زۆر بە پارێزەوە قسە دەکەن.32

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خاڵە لاوازەکانی خۆی بە باشیی دەناسێ. ئەوان دەزانن ئەو ئاخێزانەی کە ڕەگ و ڕیشەیان لە هەژاری و بێکاری و بێبەشیە ئابووریەکان دایە، بە وەعدە و وەعید، بە ئیعتڕاف بە ڕەوا بوونی داخوازیەکانی خەڵک بە ڕواڵەت و بە سەرکوتی هەڵسوڕاوانی پشتیوانی ئەم داخوازیانە بە شاراوەیی و لە زینداندا، ناکرێت لە مەیدان بکرێتە دەرەوە. ئەگەر نیگەرانی سەرانی ڕژیم سەبارەت بە داهاتوی حکومەتی ئیسلامی ڕاستە، ئەو هەنگاوانەی کە بۆ لابردنی نیگەرانیەکانیان گرتویانەتە بەر، کە لەسەر سەرکوتی ڕاستەخۆ دامەزراوە، لە کۆتاییدا بە هیچکوێ ناگات. جەننەتی لەم بارەیەوە بە روونی ناکارایی ئیستراتیژی ڕژیم لە دوو ڕستەدا دەردەبڕێت و دەڵێ:” لەباری ئەمنیەتی و سیاسیەوە گەلێک کار کراوە بەڵام لە باری بژیوی ژیانه‌وه‌ کارێکی ئەوتۆ نەکراوە”. سەرەڕای ئەم هۆشدارانە، سەرانی ڕژیم ڕێگای خۆیان هەڵبژاردوە و ئەوەیش هیچ شتێک نییە بێجگە لە سەرکوتگەری لەدژی خەڵکی ناڕازی و پشتگوێ دانی داواکاریەکانیان. ئەوان بەگشتی ئەوەی کە لە بواری سەرکوتدا لە توانایاندا هەبووە لە ماوەی ئەم ٤ دەیە لەدژی خەڵکی کرێکار، زەحمەتکێش و ستەم دیتو و ئازادی خوازی ئەم وڵاتە بەکاریان هێناوە و ئێستاش هەر ئەو ڕێگایە دەرێژە پێئەدەن. بەڵام لێرەدا بەهۆی ئاخێزی خەباتی خەڵکەوە نە دەرفەتی حەسانەوەیان هەیە و نە ده‌ته‌وانن ئه‌و خه‌ڵكه‌ فریو بده‌ن . خەڵک نان، مەسکەن و بەڕێچوونی باشتریان دەوێ و ڕژیم نە دەیەوێ و نە دەتوانێ وڵامی ئەم داخوازیانە بداتەوە. بەردەوامی خەباتی خەڵک لە چوار چێوەی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی لاوان و خوێندکاران و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خه‌ڵكی کوردستان بە گرتنە پێشی کۆمەڵێک تاکتیکی تازە، بە موتەشکل کردن و ڕێکخستنی ڕیزەکانیان، بە بەهێز کردنی پێگەی ڕێبەرانی کارا و خاوەن نفوز، ئاسۆی ڕزگاری دەریان لە چنگ ڕژیمی ئیسلامی و ڕزگار بوونی یەکجارەکیان روون کردۆتەوە. لێرەدا و لە ناخی ئەم بزوتنەوانەدا باڵاترین شێوازی هاوپشتی و ئینسان دۆستی پایە گوزاری دەکرێن. بەکورتی، هەنگاو بە هەنگاو بارودۆخی روخاندنی ئەم ڕژیمە فەراهەم دەبێت و پێ بە پێ پێداویستیەکانی سازماندانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و پڕ لە ڕیفاە ئامادە دەبێت. ڕژیمی ئیسلامیش مەترسی ڕاستەقینە لێرەدا دەبینێ.

بەهێز بوونی بزوتنەوە بەردەوامەکان، درێژەی کار و جێکەوتویی کۆمەڵایەتی، ئه‌م بزووتنه‌وانه‌ کلیلی بەرەنگار بوونەیە لەگەڵ سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی ڕژیم. بەڵام بەهێز بوونی ئەو بزوتنەوانەی کە باسیان کرا، مەوقعیەتێک نییە کە بە شێوەی خود بە خودی دابین بێت. لێرەدا نەخشی جەریانی ڕادیکاڵ، ڕێبەرانی خاوەن نفوز و سازمان و ناوەندە کرێکاری و جەماوەریەکان لە گۆڕێ دایە. ئەم بزوتنەوانە لەم روەوە کە پشتیان بە ئەزمونی ڕابردو، بە وشیاری و عەناسوری ئاگاە و وشیار گەرمە، هەنگاو بە هەنگاو دەچنە پێشێ و لەگەڵ هەر بەرەو پێش چونێکیاندا دەست کەوتێک دەچەسپێنن. ئەوان وەحدەتی خەباتکارانە نیهادینە دەکەن، ئەو بزوتنەوانەی کە سەرئەنجام بە حەرەکەتێکی وشیارانە و تاکتیکی دەقیق و حیساب بۆ کراویان، بوارەکانی ناڕەزایەتی جەماوەری هاوکات و سەرتاسەری خۆش دەکەن و دەزگای سەرکوتی ڕژیم ئیفلیج دەکەن.