هەواڵی ئازاری جنسی منداڵان لە لایەن یەکێک لە بەرپرسانی قۆناغی ناوەندی یەکەمی موجتەمەعێكی ئاموزشی ئینتیفاعیەوە، لە ناوچەی ٢ ی تاران کاردانەوەی بەرینی لە هەواڵنێریەکان و تۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا لێكهوتهوه. بنەماڵەی منداڵانی ئازاردراو بە بینی کۆڕانی هەڵسوکەوتی شەڕئەنگێزانە و توڕەی منداڵەکانیان، ئاگاداری مەسەلەکە دەبن و لەم ڕێگایەوە ماجەراکە ئاشکرا دەبێت. بابەتەکە لە بیروڕای گشتیدا تا ئەو جێگایە پهرهدهستێنێ کە خامنەییش دێتە نێو ماجەراکەوە. ئەو لە نامەیەکدا بۆ قوەی قەزاییە دەنووسێت:” هەواڵی جەنایەت لە یەکێک لە مەدرەسەکانی رۆژئاوای تاران بوو بەهۆی غەم و داخێکی زۆر. داواکارم دوای محاکەمە بەخێرایی حودودی ئیلاهی لە پێوەند لەگەڵ مەحکومان بەڕێوەبچێت.” بەڵام ورده فهرمایشی خامنهیی پێویست نییه، كۆمهڵانی خەڵکی ئێران ئەم رۆژانە سەبارەت بە دەزگا حومەتیەکان و لەوانە بە سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامی بێ باوەڕ تر لەوەن کە ئیجازە بە ڕژیم بدەن بابەتێکی بەم شێوەیە ئاشکرا بوو پەردە پۆش بکات.
بەڵام خامنەیی حەتمەن لەبیریەتی کە ساڵ و نیوێک لەوە پێش ڕاست لە بن گوێی ئەو، پەتەی یەکێک لە قاڕیان قوڕئان و نزیکانی بارەگاکەی، کەوتە سەرئاو و ” حودودی ئیلاهی”ش لە بارەیە بهڕێوه نهچوو. خامنەیی کە لەم رۆژانەدا لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی دژی ڕژیم لەرزە کەوتۆتە گیانی و بەم شێوەیە فریوکارانە لەم بارەیەوە کاردانەوە پیشان ئەدات، باشتر بوو سەبارەت بە سەعید توسیش بە ئانقەست بێدەنگ نەبێت. سەعید توسی، یەکێک لە سیما ناسراوەکان لە دەزگای حکومەتی دایە. ئەو ئەندامی شوڕای باڵای قورئان و قاڕی و بانگبیژی ڕهسمی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەو گەلێک جار لەو مەڕاسمانەدا کە خامنەیی بەڕێوەی بردون قورئانی خوێندۆتەوە و لە لایەن ئەوەوە ئافەرینی پێ وتراوە و هاندراوە.
دەزگایەکی قەزایی کە بە فەرمانی خامنەیی کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات، خۆی گەندەڵ ترین ناوەندی حکومەتییە. ئەم ناوەندە لەسەر بنەمای نا دادپەروەرانە ترین و کۆنەپەرستانە ترین یاساکانی ئەم سەدەیە کە لەسەر یاساكانی پاشماوەی دەورانی جاهیلیەت لە نیمه دورگهی عەرەبستان و دادگاکانی سەدەكانی نێوەڕاستی ئوروپا، بەڕێوەدەچێت. بەم قانونەوە دەبێ گەندەڵی نیهادینە بوو لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیشیدا پێوە زیاد بکرێت. نمونەی سەعید توسی، زۆر ئاشکرایە. لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردودا ئەو کەسە لە تاوانی ئازاردانی جنسی منداڵانێک کە فێری قورئانی دەکردن تەبرەئە کرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە قوربانیانی ئەم دستدرێژییە، چاو له چاوی توسی، ئەوەی کە روویدابوو بە وردەکارییەوە گێڕایانهوه. کار گەیشتە جێگایەک کە ئاغای سادقی، یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم، باسی لە ” دەستێوەردانی بە ئاشکرا لە ڕەوتی دادڕەسی” دا کرد. ئەو بۆ ئەوەی کە خامنەیی لە تیر ڕەس دوور بخاتەوە، وتی:” کەس یان کەسانێک” کە نفوزیان کردۆتە دەفتەری ئەیەتواللە خامنەییەوە بۆ تەبرەئەی ئاغای توسی گوشاریان خستۆتە سەر قوەی قەزاییە.
کرداری دزێو و دژی ئینسانی نەخۆشێکی جنسی لە مەدرەسەیەک لە رۆژئاوای تاران، حەتمەن دەبێ مەحکوم بکرێت و سزای شیاوی خۆشی وەربگرێت. بەڵام ئاستی کارەساتی منداڵ ئازاردان لە ئێران گەلێک لەم حاڵەتەی دوایی و ئەوهی سەعید توسی واوەترە. یەکەم جار نییە کە هەواڵی لەم جۆرە لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێراندا بڵاو دەبێتەوە. بەپێی هەواڵنێری ئیسنا ڕەزا جەعفەری سەرۆکی ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی ئێران وتویەتی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردودا، ٢٧٥٠٠ حاڵەتی منداڵ ئازاری لە ئوستانی تاران دراوەتە ئەو ناوەندە. بە وتەی ئەو ئەم ئازارانە جنسی، جەستەیی و عاتفی بوون.
ئێستا ئاستی کارەساتەکە لەگەڵ کاردانەوەی دەزگای قەزاییدا بەراورد بکەن. ١٠ ساڵ لەوە پێش لایەحەیەک لەژێر ناوی ” پشتیوانی لە منداڵان و تازە لاوان” دێتە گۆڕێ، قسە کردن لەسەر ناوەرۆکەکەی، وەک گەلێکی تر لە لایەحەکانی تری کۆماری ئیسلامی، با بنێینە لاوە، بەڵام لەم ئاستەشدا ئەم لایەحەیە ساڵانێکە لەبیر براوەتەوە و کاری لەسەر ناکرێت و پەسند نەکراوە. كهسانێك ههن له ئیستا لە دەوروبەری دەزگای قەزایی گەندەڵی ڕژیم، دوای ئهو ههموو ماوهیه، له کاردانەوەی خەڵک ترسیان لێ نیشتوە و داواکاری پەسند کرانی ئەو لایەحەیەن.
ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە بواری ئازار دانی منداڵدا بە نیسبەتی جەمعەیەت لە ڕیزی یەکەمی دنیادایە. لە خودی ئێرانیشدا ئاماری هەموو ساڵێک بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاد بووە. یەکێک لە شێوازە بەرچاوەکانی منداڵ ئازاری هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەنە. بابەتێک کە بەپێی یاسا و شەریعەت بەڕێوەدەچێت. لەخۆڕا نییە ئەگەر لایەحەی پشتیوانی لە منداڵان و تازە لاوان لە بایەگانی مەجلیسی ئیسلامیدا ئاگاهانە لەبیر دەکرێت. ههر به پێی یاساكانی ئهو ڕژیمه تازە لاوان لەنێو بەندکراوانی ئاساییدا دەخەنە زیندان و یان ئێعدامیان دەکەن.
بەڵام ئەوەی کە لەمرۆدا لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسێکی حەتمی و نەگۆری مناڵان نییە. ئەمنیەتی منداڵانی ئەم وڵاتە نابێ بدرێتە دەست دەزگای قەزایی تا سەر ئێسقان گەندەڵ و دژی ئینسانی، وەها دەزگایەک ناتوانێ ئەمنیەتی منداڵان لە بەرانبەر کارەساتی منداڵ ئازاریدا دابین بکات. قوەی قەزاییە بە یاساکانی و بە پەیڕەوی لە سوننەتە دواکەتوەکان، نە تەنیا نابێتە فەریاد ڕەسی منداڵانی ئازاردراو، بەڵکو خۆی لە ڕێزی تاوانبارانی منداڵ ئازاراندایە.