ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی جۆزەردان، دەوڵەتی کوەیت لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە، دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی وەک “کەسانی نەخوازراو” ناساند و فەرمانی جێهێشتنی وڵاتی بۆ دەرکردن.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت نوێنەری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی بانگ کردووە و ناڕەزایەتیی فەرمیی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی دوایی ئاراستەی کردووە. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، دەوڵەتی کوەیت بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی شاندی دیپلۆماسیی ئێران لەو وڵاتە وەرگرتووە و داوای لە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەکە کردووە لە ماوەیەکی کورتدا خاکی کوەیت جێبهێڵن. هەروەها بەرپرسانی کوەیت ئەو هێرشانەیان بە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵات ناو بردووە و جەختیان لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی دیپلۆماسی و یاسایی دواتر کردووەتەوە.
