کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەبێ دەستی رژیم لە بەکردەوە دەرهێنانی سزا دژی ئینسانیەکان کورت بکرێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی خۆراسان، رۆژی دووشەممە ١٢ و سێشەممە ١٣ی مانگی گەلاوێژ، حوکمی جەنایەتکارانەی بڕینی دەستی ڕاست و پای چەپ سەبارەت بە هەردوو کەس بە ناوەکانی “مەهدی- ر” و ” رەحمان – ک” لە زیندانی مەشهەد بەکردەوە دەرهاتووە. تاوانی ئەوان “دزی” راگەیەندراوە و بێدادگایەک لە مەشهەد ساڵیک لەوەپێش ئەم حوکمە دژی ئینسانیەی لەدژی ئەم دوو کەسە لە بارودۆخێکدا دەرکردبوو کە ئەوان تەنانەت لە بوونی وەکیلیش بێبەش بوون. کاربەدەستانی قەزایی ئەو دوو کەسەیان ساڵێک لە وەحشەتی ئیجرای ئەم حوکمەدا راگرتبوو تا لە کاتی پێویستی زۆری دروست کردنی ترس لە کۆمەڵگەدا حوکمەکەیان ئیجرا بکات. دەرکردنی ئاوا ئەحکامێک لە بێدادگایەکی رژیمدا ئاساییە و بە پەیڕەوی کردن لە دەستوراتی شەرعی دەردەکرێن.502ئیجرای ئاوا ئەحکامێک بە شێوەی رۆژانە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشێشەوە ئیجرا دەکرێت. ئەوان لە عێراق و یان سوریە کەسەکان دەگرن و بە تاوانی هاوشێوە و بە پەیڕەوی کردن لە سوننەتە شەرعیەکان، بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بەبەرچاوی هەموانەوە کەم ئەندامیان دەکەن. ئەم کردەوە وەحشیانەیە، لە پاڵ دەیان جۆر جەنایەتی قێزەونی تردا، بە تایبەت لەو کاتانەدا بە زۆری بەڕیوەدەبرێن کە هێزەکانی داعش لە مەیدانەکانی شەڕدا توشی شکست بوبێتن. لە ئاوا کاتێکدا وێنەکانی ئەم کردارە دژه‌ ئینسانیە بەشێوەیەکی بەرین لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکەنەوە.کۆماری ئیسلامی، کە داعشیەکان بە تەکفیری ناودەبات، لە وەحشیگەریدا ئاموزگار و پێشقەراوڵی داعش بووە و بە هۆی یەکسانی لە مەرامدا شێوەیەکی وەک یەکیش لە دەست بردن بۆ جەنایەت رەچاو دەکەن. هەردووكیان لە کاتێکدا نیاز بەم کردارە وەحشیانە پەیدا دەکەن کە ترس لە نارەزایەتی و ئاخێز و راپەڕین، ئەندامیانی وەلەرزە خستبێت. قوربانیانی ئەم دوو هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرستەش مەعمولەن کەسانی هەژار، داماو و بەناو ئافتاوە دزێکن کە بەهۆی هەژاری و بێکاریەوە بەناچار پەنایان بۆ دزی بردوە.هاوکات لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی کەم ئەندام کردنی دوو قوربانی کۆمەڵگەی ئیستبداد لێدراو و غەرقی هەژاریی ئێران، راگەیەندرا کە ئیسفەندیار ڕەحیم مەشایی، نزیک ترین هاوکاری ئەحمەدی نژاد، لە پەروەندەی ئیختیلاسی ٣ هەزار میلیارد تمەنیدا “بەشداریەکی جێی سه‌رنجی” هەبووە. ئەو دزیە نجومیانەی کە هێندێکجار بە هۆی ڕقابەتی نێوان باڵەکان ئاشکرا دەبن، نوکی کێوی گەندەڵیەکن کە تان و پۆی ڕژیمیان تەنیوە. دزە دەرگیرەکانی نێو ئەم ئیختیلاسە نجومیانە، ئەوانەی کە لە ڕقابەتە نێوخۆییەکانی ڕژیمدا دەکەونە داوەوە، نە تەنیا ئازار نادرێن بەڵکو لە زیندانی تایبەتدا و بە بەهرەمەند بوون لە هەموو ئیمکاناتێکی ڕیفاهی دەکەونە ژێر چاودێریەوە و وەک ڕەحیمی جێگری سەرۆک کۆماری پێشوو هەر جار ناجارێک سەر و کەلەیان لە دەرەوەی زیندان دەردەکەوێ. بەڵام رۆژانە کەسانێک لە خەڵکی هەژار بە بیانوی سالم سازی کۆمەڵگە و بەرگرتن لە جورم و جەنایەت، ئێعدام و یان کەم ئەندام دەکرێن.ئەوەی کە لەمجۆرە سزادانە ئاوێتە بە جەنایەتەدا لە لایەن سەرانی ڕژیمەوە ئەنجام دراوە، کاریگەری پێچەوانەی ئیدیعاکانی ئەوانی بووە. ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێرانێکی دروست کردوە کە تێیدا دیکتاتۆڕیی، چەوساندنەوە، هەژاری، خورافات و داهاتوی لێڵ و تاریک، زەمینە خۆشکەری بەرینترین جورم و جەنایەتەکانە. بۆ نمونە بە قەولی حەمید شەهریاری، سەرۆکی ناوندی ئامار و تێکنۆلۆژی زانیاری قوەی قەزاییە، لە ساڵی ٩٢ دا ١٠ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار پەروەندە هاتۆتە نێو دەزگای قەزاییەوە. ئەگەر لەگەڵ هەرکام لە خاوەنانی ئەم پەروەندانەدا ٤ کەس کەوتبێتنە ژێر کاریگەریەوە، زیاتر لە ٤٠ ملیۆن شارۆمەند بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرگیری پەروەندەیەکی قەزایی بوون. ڕاستیەکان لەم ڕژیمە ئیسلامیە کۆنەپەره‌ستەدا بەباشی دەریدەخەن کە ڕێگا چارەی بەرگرتن لە جورم و جەنایەت، توند کردنەوەی ئیستبداد و ئیختیناق، ئێعدام و کەم ئەندام کردنی قوربانیانی کۆمەڵگا و بەردانی دزە ڕاستەقینەکان نییە. ئەم ڕاستیانە بەشێوەیەک ئاشکران کە نابیناترین کەس لە کاربەدەستانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیش دەیبینێ، لەگەڵ ئەمەدا ئەوان هەموو رۆژێک بەرینتر لە دوێنێ دەست ئەدەنە داسەپاندنی سزا دژی ئینسانیەکان. هۆکارکەشی روونە. کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی مەشروعیەت دۆڕاو، خاوەنی ئابووریەکی وەرشکستە و موسیبەت ئافەرینە کە لە ژێر مەترسی ئاخیزی جەماوەردایە. لەم رۆژانەدا سەرانی ڕژیم هیوایان لەسەر چنینەوەی بەروبومی تەسلیم لە بەرانبەر داواکاری دەوڵەتانی رۆژئاوایی و لە سەرویانەوە ئامریکا لە دەرەوە و توند کردنەوەی دیکتاتۆڕیی، گرتن، ئێعدام کردن و ئەزیەت و ئازاردان لە ناوخۆدا وەک ڕێگای مانەوە هەڵچنیوە.بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا دەرکەتوە، بەرز بوونەوەی ئاستی تەوەقوعی خەڵکە لە بەرانبەر ڕژیمێکدا کە زۆر ترین بێمافی سیاسی و هەژاری بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا سەپاندوە. ئاسەواری ئەم بەرز بوونەوەی تەوەقوع و چاوەڕوانیە لە داواکاری مافی شارۆمەندی لە لایەن خەڵک و بەهرەمەند بوونی خێرا لە ئازاد بوونی ١٣٠ ملیارد دۆلارێکە کە لە بانکەکانی دەرەوەدا بلۆکە کراوە، بوون. رژیم بۆ پاشەکشە کردن بە تەوەقوعی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئاماری دۆلارەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر گۆڕیوە و لە بڕەکەیان کەم کردۆتەوە و لە بەرانبەردا ئێعدام کردنی زیندانیانی مەحکوم کراو لە دادگا ئاساییەکاندا پەرەپێداوە.بڕینی دەست و پا و کەم ئەندام کردنی قوربانیەکانی کۆمەڵگا لە زیندانەکاندا و بەگشتی سزای دژی ئینسانی بۆ هەر تاوانێک بێت، جێگای نەفرەت و بێزاری خەڵکە. بەڵام سەرانی کۆماری ئێسلامی بە ئارەزوی خۆیان دەست لە ئەنجامدانی کارێک و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازیک ناکێشنەوە کە مانەوەی خۆیانی پێوە گرێداوە. تەنیا خەباتی یەکگرتوانەی خەڵک دەتوانێ رژیم ناچار بکا دەست لە مجازاتی وەحشیانەی ئیسلامی هەڵگرێت.