کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دینی ئیجباری، مەزهەبی داسەپاو

4cbdc153 f158 42fb b50b 9b0fdf578403 permlink

هاتنە سەرکاری تاڵەبان لە ئەفغانستان، کۆنەپەرستیی شیعەی لە ئێرانیش بۆ داسەپاندنی زیاتری یاسای زۆرەملیی ئیسلامی بەسەر خەڵک، وەجمووجۆڵ خستووە. لە ئێران حیجابی ئیجباری بۆ ژنان، ڕۆژووی ئیجباری و یان سزادانی کەسانێک کە لە ڕەمەزاندا لەبەرچاوی خەڵک خۆرادەمەنی دەخۆن، جیاکردنەوەی ژنان لە پیاوان لە هێندێک لە شوێنە گشتییەکان لەوانە لە مەدرەسە و ترانسپۆرتی شاری، دانیشتووانی ئەم کۆمەڵگایەی وەتەنگ هێناوە. بەڵام گۆیا ئەوەی تا بە ئەمڕۆ ئەنجامیان داوە بەس نەبووە و بەتەمان لەم بوارەدا هەوڵی تازە بدەن. عەلی موعەلیمی ئەندامی مەجلیسی خۆبرێگانی ڕێبەریی ئێران، وێڕای ئاماژە بەوەیکە لە ئەفغانستان تاڵەبان نوێژکردنی ئیجباری کروودە، خوازیاری ئیجباری بوونی نوێژ لە ئێران هەروەک تاڵەبان لە ئەفغانستان بووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (عصر ایران)، نوێنەری ئۆستانی مازەندەران لە مەجلیسی خۆبرێگانی ڕێبەری، پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز وتوویەتی کە: “بەداخەوە پاش ئینقلاب لادان دەستپێکرد و هێندێک لە بەرپرسان وتیان کە نوێژ ئیجباری نییە. منداڵەکەتان بەزۆر دەبەن بۆ مەدرەسە، بۆچی نوێژ کە ئاڵای دینە نابێ بەزۆر و ئیجبار بێت!”

لە زیندانەکان و بەتایبەت لە زیندانە سیاسییەکانی دەیەی ٦٠دا، مەرگ و ژیان بە وڵامی ئەرێ یان نای پرسیاری ئایا نوێژ دەکەی لە لایەن هەیئەتی مەرگەوە گرێ درابوو. سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران ئەندامی ئەم هەیئەتە بوو. بەندکراوانی سیاسییان دەستە دەستە دەبردە حزووری هەیئەتی مەرگی حکوومەتی ئیسلامی لە زیندانی ئێوین و باقیی زیندانە سیاسییەکانی دیکە و بە پرسیاری ئایا نوێژ دەکەی یان نا، هەزاران بەندکراوی سیاسییان ئێعدام کرد.

لەئێستادا بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵەبان لە ئەفغانستان و داسەپاندنی توندترین و کۆنەپەرستانەترین فەرمان و یاسا شەرعییەکانی مەزهەبی سوننی دژبە ژنان و تەنانەت پیاوان، دژبە کەمینە مەزهەبییەکان، کۆنەپەرستیی شیعەشی چالاکتر و توندتر لە ڕابردوو کردووەتەوە.

لە ئێران گەلێک مەزهەبی جۆراوجۆر بوونی هەیە کە پەیڕەوانیان لە کەمترین مافیان بێبەرین، بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و بەتایبەت لاوان لە ناوچە شارنشینەکان باوەڕێکیان بە مەزهەب نییە، تەنانەت کۆمەڵێک لە خەڵک کە بیروباوەڕی مەزهەبیشیان هەیە دژی ئیجباری بوونی یاساکانی شەرعن.

تاڵەبان لە ئەفغانستان، داعش لە عێراق و سووریە چەکیان لە ڕووەوە بەستووە و بەلاشیانەوە ڕواڵەت پارێزی هیچ گرینگ نییە. ئەوان بە بەربەرییەتی سەدەکانی ناوەڕاست خەڵکیان بۆ هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر گەڕاندووەتەوە و دوژمنایەتییەکی ئاشتی هەڵنەگر لەگەڵ مافی ئینسان، لەگەڵ ئازادی و یەکسانی، لەگەڵ زانست و پێشکەوتن، لەگەڵ هەرچی دیاردەی مۆدێرنە نیشان دەدەن.

ڕژیمی ئیسلامی کە نەیتوانیوە یاسای کۆنەپەرستانەی بەسەر جەماوەری ئێراندا بسەپێنێت، لە لایەکەوە بە شێوەیەکی ئاشکراتر لە ڕەوتە کۆنەپەرستە مەزهەبییەکان دیفاع دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی میدیای تەبلیغی و لە کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان لەسەر داسەپاندنی دین و داب و نەریتی زۆرەملیی مەزهەبی، لەگەڵ تاڵەبان خەریکی کێبەرکێیە.

لە باروودۆخێکدا کە خەڵک زیاتر لە ڕابردوو لە دەسەڵاتی مەزهەبی دوور کەوتووەوە، لە سەردەمێکدا کە زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری ئێران خوازیاری ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکار و کۆنەپەرستە ئیسلامییەن، ئاخوندە حکوومەتییەکان و سیاسەتوانانی دەمارگرژ و کۆنەپەرست بەخاتری نەبوونی گوشار و هەڵاواردنی زیاتر دژبە خەڵک و لەوانە ئیجباری نەبوونی نوێژ، داخ و کەسەر دەردەبڕن.

خەڵکی ئێران لە سبەینێی ڕووخاندنی ئەم نیزامە کۆنەپەرستەوە خوازیاری جیایی دین لە دەوڵەت، جیایی دین لە پەروەردە و بارهێنان، هەڵوەشاندنەوەی مەزهەب و دینی ڕەسمی، هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی ماڵیی حکوومەت لە دەزگای دین و مەزهەب دەبن.

گوشاری زیاتری کۆماری ئیسلامی دژبە خەڵک بۆ پەیڕەوکردن و بەڕێوەبردنی یاسا و ڕێساکانی مەزهەب لە باروودۆخێک دایە کە ئەم ڕژیمە لەگەڵ قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی بەرین و بەردەوام بەرەوڕوویە و ملیۆنان کەس لە کرێکاران، جووتیاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینکراوان، ژنان، چالاکانی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ پتر لە ڕابردوو لە بەرامبەر ڕژیمدا ڕاوەستاون و خوازیاری مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان و گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستەن.

حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران و تاڵەبان لە ئەفغانستان هی دنیای ئەمڕۆ نین و هیچ ئاستێک لە بەربەرییەتی ئیسلامی ناتوانێ بۆ درێژماوە کۆمەڵگاکان و خەڵکی ئێران و ئەفغانستان بەرەو سەدە تاریکەکانی ڕابردوو بگەڕێنێتەوە و درەنگ یان زوو ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە بەرەوڕووی  شکست و ناکامی و ڕسوایی دەبنەوە.