کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیمەنگای هیوا بەخشی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە پێویستە دروست بکرێت

رۆژەکانی پێنجشەممە و هەینی ٧ و ٨ی مانگی بەفرانبار، شارەکانی ئێران مەیدانی پڕ شور و جموجوڵی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری و بەرین بوون لەدژی گرانی، هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و نادادپەروەری و سەرکوت. بەیانی رۆژی پێنجشەممە ٧ی مانگی بەفرانبار هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکانی مەشهەد، نەیشابور، کاشمەر و بیرجەند لە ئوستانی خۆراسان هاتنە سەر شەقامەکان و لە ناڕەزایەتیی بە هەژاری و گرانی، بێکاری بەرین، ئیختیلاس و دزیە گەورەکانی کاربەدەستانی حکومەتی دەستیاندایە ڕێپێوان. بەدوای ئەودا رۆژی هەینی خەڵکی باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران لەوانە تاران، ئیسفەهان، کرماشان، ڕەشت، قوم، مەشهەد، قائم شار، خورەم ئاباد، هەمەدان، ساری، سەبزەوار، زاهدان، ئەهواز، بیرجەند، قوچان و میاندوئاو و هێندێک شاری دیکەی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دانی کۆمەڵێک دروشم لەدژی ڕژیم دەستیاندایە خۆپیشاندان و ڕێپێوان. لە تاران و هێندێک لە شارەکان، هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم بۆ بەرگرتن لە حزوری خەڵک، مەیدانەکانیان گەمارۆدا و فەزای شارەکانیان بە توندی ئەمنیەتی کرد. لە کرماشان بە هەزاران کەس بە دانی دروشمی “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت، یان مردن یان ئازادی” هاتنە سەرشەقامەکان. خۆپیشاندەران لە کرماشان هەروەها لەدژی پێڕانەگەیشتن بە بومەلەرزە لێدراوان دروشمیاندا و ناڕەزایەتیان دەربڕی. هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم لە کرماشان بە هیرش کردنەسەر ناڕازییان، ژمارەیەکیان لێ دەسبەسەر کردن. 

ئەو دروشمانەی کە لە کۆبوونەوە جۆراو جۆرەکاندا دەدران، هەمەڕەنگ نەبوون و هێندێک جار ئاوێتەی ژاری سەڵتەنەت خوازان، و باڵە حکومەتیەکان بوون. بەڵام جەریانی سەرەکی کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵاتیەکانەوە هاوئاهەنگ کرابوو، پێشڕەو و هیوا بەخش بوو. لەوانە دروشم گەلێکی هاوبەش کە دبیسترا، دەکرێ لەو نمونانەی خوارەوەدا باسیان بکرێت:” مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین”، “وڵاتەکەمان دزخانەیە، لەدنیادا نمونه‌یه‌”، ” سەید عەلی شەرمکە، دەست بەرداری سوریە به‌”، ” چەوساندنەوە، بێکاری، مەنتیقی سەرمایەداری”، ” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەت نیزامیەکی ڕانەگەیەندراو بە تایبەت لە شارە گەورەکانی ئێراندا بوونی هەیە و هێزە دژی شۆڕشەکان فەزای شارەکانیان بە توندی ئەمنیەتی کردۆتەوە. ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون باسی ئەوە دەکەن کە شارەکانی سنە، مەریوان و مهابادیش بە هۆی ترسی ڕژیم لە پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتیانە، بە توندی ئەمنیەتی کراون، ئەوەی کە روون و ئاشکرایە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی خەڵک، حکومەتی ئێڕانی گەلێک ترساندوە.

بەڵام ئەوەی کە لە رۆژەکانی پێنجشەممە و هەینیدا بینیمان کۆمەڵێک رووداوی لە ناکاو و لەخۆڕا نەبوون، بەڵکوو لە چەند مانگ لەوە پێشەوە نیگا ورد بینەکانی پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و شاخەکە هەسته‌یەکانی سەرانی ڕژیمیش کە لە هەموو جێگایەک بوونیان هەیە، روودانی ئەم جوڵانەیان پێشبینی کردبوو. نمونەکان ئەگەرچی بە بەرینایی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی ڕابردوو نەبوون، بەڵام لە هەمان ئاستیشدا نیشانیان ئەدا کە هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵکی ناڕازیی و ڕژیم، بە قازانجی بەرەی خەڵک گۆڕاوە. ئەو ڕاستیە دەکرا لە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی و خەبات لە ناوەندە گرنگە کرێکارییەکان، لە بەرپا بوونی خۆپیشاندانی بەرینی خیابانی لە شارە جۆراو جۆرەکان لەدژی گرانی، لە ڕادیکاڵ بوونەوەی ئەو دروشمانەی بزوتنەوەی خوێندکاری دەیوتنەوە، لە گەشەی بزوتنەوە ناڕەزاتییەکان و جەماوەری لە کوردستان، و هەروەها لە دژکردەوەی ڕژیمدا ببیندرێت. کاتێک فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تاران و دەوروبەر بەڕەسمی ڕایدەگەیەنێ کە لەمە بەدواوە کاریان بە بەد حیجابی ژنان نییە، بە واتای سەرکەوتنی خەڵکە لە نەبەرد و خۆراگریەکدا کە نزیکەی چوار دەیەیە سەرسەختانە بەردەوامە. کاتێک فەرماندەی سپای پاسداران ڕایدەگەیەنێ کە متمانەی بە هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت نییە بۆ دابین کردنی ئەمنیەت، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی نیگەرانییە لە بەدیهاتنی بارودۆخێک کە ئەمنیەتی سەرتاپای ڕژیم بخاتە مەترسیەوە.

بەڵام ئەزمونی تا ئیستای خەباتی مافخوزانەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، توێژی سوکایەتی پێکراو و ستەم دیتوی کۆمەڵگە، کە گەلێک جار سەریان هەڵداوە و بە ئامانجەکانیان نەگەیشتون، ڕاستیەکی ساکار وەبیر ئێمە دێنێتەوە. بۆ زاڵبوون بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا دەبێ بەهێز بیت، دەبێ هێزێکی ئامادە بوونی هەبێت، و بکەوێتە کار. بەڵام وەکار خستنی ئەم هێزە پێویستی بە کاری وشیاری دەرانە و ستراتیژی روون هەیە. ئەوەی کە لەم بەرەوڕوو بوونەوەیەدا، کە لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردودا شاهیدی چەند سەحنەیەکی پڕ شورین لێی، ڕژیمی ئیسلامی بە چۆکدا دێنێ، درێژەی ئەم خەباتە، رۆشن بوونی ئامانجی کورت ماوە و درێژ ماوەكه‌ی، ڕادەی ڕێکخراو بوونی و شکڵ گرتنی ڕێبەریەکەیەتی. درێژەی ئەم خەباتە ئەو ئیمکانە ئەدات بە هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە کە تا خەباتکارانە بەسەر لاوازیەکانی نێوخۆیاندا زاڵ بن. رۆشن بوونی درووشمەکان و ئامانجەکانی ڕێگا، لەو هەلپەرستانەی کە لە هەستی ڕەوای خەڵکێک کە لە هەر دەرفەتێک و هێندێک جار لەژێر هەر دروشم و ناوێکدا، توڕەیی پۆنگ خواردویان دەردەبڕن، بەهرەبەرداری دەکەن تا بە ئامانجی نا ڕەوای سیاسی خۆیان بگەن، دەگرێت. ڕادەی ڕێکخراو بوون لە عەینی حاڵدا دەبێتە هۆی زەمانەتی ئیدامەکاری ئەو حەرەکەتەی کە هەنگاوی تاکتیکی و سیاسی وشیارانە، بۆ پاراستنی وەحدەتی خەباتکارانەی خەڵک و بەرگرتن لە تەلەفاتی نا پێویست هەڵدێنێتەوە.

بەرەی خۆڕاگری خەڵک دەبێ لە پڕژوبڵاوی ئیستای ڕزگاری بێت. تۆڕ و شەبەکەی مەحافل و هەڵسوراوانی بزوتنەوە ڕادیکاڵ و پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان، دەبێ بە یەکەوە گرێ بدرێن و ئیرادەیەکی یەکدەست پێکبێنن. لە بارودۆخێکدا کە لە ناخی خۆپیشانەکانی ئەم رۆژانەی دواییدا زەمزەمەی ئەو دروشمانەی کە مۆری سەڵتەنەت خوازان، ئیسلاح خوازانی دەرکراو لە دەسەڵاتیان پێوەیە، لە خەڵکێکی توڕە و ناڕازیی کە هێشتا ڕێگای خۆیان نەدۆزیوەتەوە، دەبیسترێن، ئەرکی کۆمۆنیستەکانە کە پتانسیەلی شٶڕشگێڕانە و خەباتکارانەی خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازیی بە بارودۆخی مەوجود ڕێکوپێک بکەن و وەگەڕی بخەن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-