لە بارودۆخێکدا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی قەیرانە قووڵ و چارە هەڵنەگرەکانی لە لێواری داڕماندایە، باس و خواس دەربارەی داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بووەتە پێویستییەکی سیاسی بۆ هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی. لەم نێوەندەدا، ڕەزا پەهلەوی بە بڵاوکردنەوەی «نامیلکەی سەردەمی نائاسایی» (دفترچە دوران اضطرار) هەوڵی داوە خۆی وەک کەشتیوانی قۆناغی ڕاگواستنی دوای ڕووخانی ڕژێم بناسێنێت. بەڵام ئایا ئەم نامیلکەیە نەخشەڕێگایەکە بەرەو ئازادی و یەکسانی، یان گەڵاڵەیەکە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری لە بەرگێکی نوێدا؟
پێش هەموو شتێک، با لەوە بگەڕێین کە ئەوەی ڕەزا پەهلەوی و تەنانەت هێزە بۆرژواکانی تری ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووی بەرنامەی ئابوورییەوە لێرە و لەوێ بە شێوەیەکی شەرمنانە باسی لێوە دەکەن، لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا شتێک زیاتر نییە لە ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو و لە ڕاستیدا “نیۆلیبرالیزمی ئابووری“. بەرنامەیەک کە دەزانین لە وڵاتانی «لە حاڵی گەشەسەندندا» بووەتە هۆی چ کارەساتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بە هەر حاڵ، ئەم بەڵگەنامەیە ئیدیعای ئەوە دەکات کە پرسی دیموکراسی لە سەردەمی ڕاگواستنی کردووەتە ئەولەویەتی خۆی؛ ئێمەش لێرەدا بێبنەمایی ئەم ئیدیعایە دەسەلمێنین.
لەم بوارەدا پرسیارە سەرەکییەکە لەم بەڵگەنامەیە ئەوەیە: لەو مۆدێلەی کە “نامیلکە“کە باسی دەکات، دەسەڵات بە کێ دەسپێردرێت و میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی ئەم دەسەڵاتە کامەیە؟ پێداچوونەوە بە ناوەرۆکی ئەم بەڵگەنامەیەدا نیشانی دەدات کە وەڵامی ئەم پرسیارە، بە پێچەوانەی ڕووکەشە ڕازاوەکەی، زۆر مەترسیدارە.
دیارترین تایبەتمەندی «نامیلکەی نائاسایی»، ناوەندگەراییەکی توندڕەوانەیە. بەپێی بەندە جیاجیاکانی ئەم بەڵگەنامەیە، «ڕێبەری ڕاپەڕینی نەتەوەیی» لە سەرووی هەموو کاروبارەکاندایە؛ لە پەسەندکردنی کۆتایی دەستنیشانکردنی ئەندامانی حکومەتەوە بگرە تا دەستپێشخەری بۆ پێکهێنانی دامەزراوەکان بە بیانووی سەردەمی ڕاگواستن، هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەرێکی خۆسەپێندا دەبێت. ئەم پێکهاتەیە نەک هەر پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێ دەخات، بەڵکو بە کردەیی دەسەڵاتێکی بێسنوور لە دەستی یەک کەسدا کۆدەکاتەوە. لەم مۆدێلەدا، «ڕێبەر» شەرعییەتی خۆی نەک لە دەنگی جەماوەر، بەڵکوو لەو پێگەیەوە وەردەگرێت کە بە ئارەزووی خۆی وەک ڕێبەری خۆسەپێن پێناسەی کردووە.
«نامیلکەی نائاسایی» لە کاتێکدا ئیدیعای بەڕێوەبردنی ئێرانی سبەینێ دەکات کە لە تەواوی ئۆرگانەکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنیدا، هیچ شوێنەوارێک لە ڕۆڵی ژنان نابینرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»، بە ڕوونی نیشانی دا کە ژنان نەک هەر پێشەنگی خەباتن، بەڵکوو یەکێک لە بنیاتنەرە سەرەکییەکانی داهاتووی ئێران دەبن. هەر گەڵاڵەیەک بۆ داهاتوو کە ژنان پەراوێز بخات، لە بنەڕەتدا دژە دیموکراسییە.
یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیموکراسی، ئامادەیی چالاکانەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە کرێکارییەکان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانە لە پرۆسەی بڕیارداندا. بەڵام لەم نامیلکەیەدا، ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە نادیارە. ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وەک پیشەسازی نەوت و گاز و پێترۆشیمی و گواستنەوە لە کوێن؟ کۆڕ و کۆمەڵە گشتییە خۆجێییەکان لە گەڕەکەکان لە کوێن؟ بۆچی شۆڕاکانی ژنان، خوێندکاران و کەمینە نەتەوەییەکان غایبن؟ بۆچی ئەم جەماوەرە لە داڕشتنەوەی نەخشەی داهاتووی وڵاتێکدا کە خوێنیان لەپێناو ئازادییەکەیدا ڕشتووە، خاوەن ڕا نین؟
ئاماژە گشتییەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم نامیلکەیەدا، لە غیابی میکانیزمە جێبەجێکارییەکان و دامەزراوە سەربەخۆکانی چاودێری، تەنها دروشمێکی بێ ناوەرۆکن. مێژووی هاوچەرخی ئێران پڕە لە بەڵێنی مافی مرۆڤ کە لە کردەوەدا پێشێل کراون. بەبێ بوونی دەزگای دادی سەربەخۆ، میدیای ئازاد، ئەنجومەنە کرێکارییە سەربەخۆکان و تەنانەت ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، ئەم بەڵێنانە لە پارچە کاغەزێک زیاتر نین.
کێشە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە تەنانەت ئەو مافانەی مرۆڤ کە ڕەزا پەهلەوی ئیدیعای دەکات، بەبێ دەسەڵاتی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لێی، هەمیشە دەکرێت زەوت بکرێنەوە. مافی کرێکاران بەبێ شۆڕای کرێکاری، مافی ژنان بەبێ ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و ئازادی ڕادەربڕین بەبێ میدیای ئازاد، هیچ مانایەکی نییە.
یەکێک لە تاریکترین خاڵەکانی ئەم نامیلکەیە، پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەیە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. لۆژیکی زاڵ بەسەر ئەم بەڵگەنامەیەدا، هەمان لۆژیکی «خاوەنماڵ و کرێنشین»ە کە تێیدا گێڕانەوەیەکی تایبەت بۆ ناسنامەی ئێرانی وەک ناسنامەی زاڵ دەردەکەوێت. لەم دیدگایەدا، نەتەوەکانی تری ئێران (کورد، بەلووچ، ئازەری، عەرەب و…) نەک وەک هاوبەشی یەکسان لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێدا، بەڵکوو وەک کەمینەگەلێک دەبینرێن کە دەبێ ئەو یاسایانە قبوڵ بکەن کە لە ناوەندەوە بۆیان دیاری کراوە. ئەمە هەمان ئەو سیاسەت و ڕێگەیەیە کە هەم لە سەردەمی پەهلەوی و هەم لە کۆماری ئیسلامیدا، ستەمی نەتەوەیی لە هەموو ڕەهەندە زمانەوانی، کولتووری و هەروەها مافی دیاریکردنی چارەنووسی، بە ئاگر و خوێن بەسەر کۆمەڵانی خەڵکدا سەپاند.
نامیلکەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی–سەربازییەکانی ڕژێم، ڕێگای «تێکەڵکردنی شارەزایانی» سپای پاسداران و دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی تر لە ناو پێکهاتە نوێیەکەدا پێشنیار دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم شارەزایانە، هەڵگری کولتووری ڕێکخراوەیی، تۆڕەکانی دەسەڵات و وەفادارییە ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێمی پێشوون. تێکەڵکردنی ئەوان لەو پێکهاتە نوێیەی مەبەستی ڕەزا پەهلەوییە، مانایەکی نییە جگە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان تۆڕەکانی دەسەڵات لە بەرگێکی تردا.
ڕەنگە گرنگترین لاوازیی ئەم بەڵگەنامەیە، نەبوونی هیچ ستراتیژییەکی ڕوون بێت بۆ «چۆنیەتی ڕووخاندنی» ڕژێم. پشت بەستن تەنها بە گوشاری دەرەکی و داڕمانی خۆبەخۆ، نیشانی دەدات کە نووسەرانی ئەم دەقە نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی وڵات دروست بکەن. لەم بەڵگەنامەیەدا، جەماوەر نەک وەک هێزی بزوێنەری گۆڕانکاری، بەڵکوو وەک بینەرێکی پاسیڤ دەبینرێن کە تەنها لە کۆتایی ڕێگەکەدا، ئەو بڕیارانەی پێشوەختە دراون، پەسەند دەکەن.
ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران پێویستی پێیەتی، نەک نیمچە بەرنامەیەک لەژێر ناوی «نامیلکەی نائاسایی» لەسەر بنەمای تاکەکەسێک، بەڵکوو بەرنامەیەکی گشتگیرە کە پشت بە ویست و ئیرادەی هۆشیارانەی زۆرینەی خەڵکی ئێران دەبەستێت؛ ئەو خەڵکەی کە نەک وەک تاک، بەڵکوو لە ڕێکخراوە و دامەزراوە مەدەنییەکانی خۆیاندا، توانای ئەوەیان هەبێت دەسەڵاتی خۆیان لە هێزەوە بگۆڕن بۆ کردەوە. پەیماننامەیەک کە تێیدا دەسەڵات لە هەموو ئاستەکاندا دابەش کرابێت و مافی کار، مافی یەکسانی ژنان و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بە فەرمی بناسرێت. بە پێچەوانەوە، «سەردەمی نائاسایی» و «قۆناغی ڕاگواستن» دەکرێ ببێتە ئامرازێک بۆ هەمیشەیی کردنی دۆخی نائاسایی و گەڕانەوە بۆ ستەمکاری لە شێوازێکی نوێدا.
