له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما، كارتۆن خه‌وی و بێ ماڵوحاڵی، به‌ژانتر له وه‌رزه‌كانی پێشوو، به‌ئازارتر له ساڵانی ڕابردوو، دیمه‌نی گه‌لێك دڵته‌زێنمان له پاركه‌كان، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له مه‌یدانه‌كان، پێ نیشان ده‌دات. حه‌سه‌ن موسه‌وی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران وێڕای ته‌ئكید له‌سه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی كه‌سانی كارتۆن خه‌و و بێ ماڵوحاڵ له زۆربه‌ی شاره‌كان، وتی: “ئه‌گه‌رچی ئامارێكی ڕه‌سمی له‌مباره‌وه له‌به‌رده‌ست نییه به‌ڵام روخساری شاره‌كان خۆی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌مان پێ ده‌ڵێ كه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه چووه‌ته سه‌رێ“. كوروش محه‌ممه‌دی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئازارناسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێرانیش له‌مباره‌وه له وتووێژ له‌گه‌ڵ سایتی هه‌واڵنێریی “ئێقتێساد ئانڵاین” وتی كه: “به له‌به‌رچاوگرتنی كۆرۆنا و هه‌ژاریی، ژماره‌ی كارتۆن خه‌وه‌كان و بێ ماڵوحاڵان له شاره‌كان ده‌ڕواته سه‌رێ و نیگه‌رانی ئه‌وه‌ین كه نه‌كا ئه‌م زستانه، كه دژواریش پێش بینی كراوه، ته‌ڵه‌فاتی لێبكه‌وێته‌وه”. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاریكاریی كۆمه‌ڵاتی ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێریی مێهر، وێڕای ئاماژه به په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێران، ده‌ڵێ: “خوكوژی به‌هۆی باروودۆخی ناله‌باری ژیان و له‌شفرۆشی به‌هۆی هه‌ژاریی و هه‌روه‌ها منداڵانێك كه له مه‌دره‌سه داده‌بڕێن و ناچار ده‌بن له باروودۆخی دژواری سه‌رشه‌قامدا ژیان به‌سه‌ر به‌رن، به‌رده‌وام ده‌ڕواته سه‌رێ“.
په‌ره‌سه‌ندنی كارتۆن خه‌وی و بێماڵوحاڵی له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا، ساڵ به ساڵ پانتاییه‌كی خۆفناكتر به‌خۆی ده‌گرێ. ئه‌وه‌یكه ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵانی ڕابردوو زیاتر له‌به‌رچاوه، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی بنه‌ماڵه‌كان، ژنان و منداڵانی بێ ماڵوحاڵ و كارتۆن خه‌وه. ئه‌گه‌ر ساڵانی ڕابردوو ژنان و كچانی كارتۆن خه‌و، ناچار بوون بۆ خۆ به‌دوور گرتن له مه‌ترسییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، جل و ئارایشی پیاوانه به‌كار بێنن، ئه‌مڕۆ، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژنانی كارتۆن خه‌و و هاتنه خواره‌وه‌ی مامناوه‌ندی ته‌مه‌نیان، وای كردووه كه چیتر به پێویستی نازانن تا ڕه‌گه‌زی ژن بوونیان بشارنه‌وه. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئازارناسیی كۆمه‌ڵاتیی ئێران ده‌ڵێ كه: “له ماوه‌ی حه‌وت مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، ته‌نیا له تاران، ٢٧ هه‌زار و ١٠١ ژن سه‌ردانی گه‌رمخانه‌كانی شاره‌دارییان كردووه. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه له ماوه‌ی حه‌وت مانگی ئه‌وه‌ڵی ساڵی ١٣٩٨ دا، ژماره‌ی ژنانێك كه سه‌ردانی گه‌رمخانه‌كانی شاره‌داریی تارانیان كردبوو، ٢٢ هه‌زار و ٧١٥ كه‌س بوو”. ئه‌وه سیمای ژیانه له وڵاتێك كه له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له سه‌روه‌تی سرووشتییه. له وڵاتێك كه تێیدا ملیۆنان ئینسانی كرێكار، ڕۆژانه سه‌روه‌ت و داهات به‌رهه‌م دێنن و خۆیان له به‌رهه‌می كاره‌كه‌یان نامۆن.
ته‌نیا كارێك كه كۆماری ئیسلامی له‌و په‌یوه‌نده‌دا ئه‌نجامی داوه، درووست كردنی ژماره‌یه‌ك گه‌رمخانه بۆ پیاوان و له‌م دوایانه‌شدا، گهرمخانهیهك بووه بۆ ژنان له تاران. به‌رپرسانی ڕژیم دان به‌وه داده‌نێن كه: “خه‌ڵك وه‌ك شوێنێكی باش چاو له گهرمخانهكان ناكه‌ن و قه‌بووڵی ناكه‌ن كه بڕۆنه ئه‌و شوێنانه”. له ڕاستیدا خه‌ڵكی بێسهرپهنا به‌خاتری هه‌ڵسووكه‌وتی نامرۆڤانه، متمانه‌یان به‌و گه‌رمخانانه نه‌ماوه. بێ ئیمكاناتی ئه‌م گه‌رمخانانه و هه‌ڵسووكه‌وتی نه‌شیاو و سووكایه‌تیی به‌رپرسانی ڕژیم به نیسبه‌ت كه‌سانی كارتۆن خه‌و، به‌جۆرێكه كه ئه‌وان پێیان باشتره له پارك و باقیی شوێنه‌كان بمێننه‌وه تا بڕۆنه ئه‌م گهرمخانانهوه.
بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی كه به یارمه‌تیی دیكتاتۆریی ئایینی، مرۆڤه‌كان به وه‌حشیانه‌ترین شێوه ده‌چه‌وسێنێته‌وه و دزی و گه‌نده‌ڵی ماڵی و ئیداری، سنوورێك ناناسێ، ده‌بێ ملیۆنان مرۆڤ بێ سه‌رپه‌نا و بێ ماڵوحاڵ و ئاواره بن. له مه‌مله‌كه‌تێك دا كه له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له سه‌روه‌تی سرووشتییه، و هه‌موو سه‌روه‌ت و داراییه‌كه‌ی له چنگ مشتێك زه‌روو سفه‌تی تاڵانكه‌ر و خوێن‌ڕێژ دایه، ده‌بێ ملیۆنان مرۆڤ بێ سه‌رپه‌نا و بێ ماڵ و حاڵ بن. به خستنه‌گه‌ڕی كهسرێكی چكۆله له هه‌زینه كهڵانهكانی پڕۆژه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی، ده‌خاڵه‌ت له قه‌یرانه ناوچه‌ییه‌كان، په‌ره‌پێدانی كۆنه‌په‌رستی، پاراستنی ده‌زگای پان و به‌رینی نیزامی و سه‌ركوتی خه‌ڵك، ده‌كرێ بۆ هه‌میشه كارتۆن خه‌وی و بێ سه‌رپه‌نایی كۆتایی پێبێت.
تا كاتێك كه ئه‌م ڕژیمه له‌سه‌ر كار بێت و هه‌موو سه‌روه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له چنگ مشتێك تاڵانكه‌ر و خوێن‌ڕێژ دابێ و ساخت و سازی بیناكان له خزمه‌ت قازانجپه‌ره‌ستی دابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژماره‌شیان زۆر زیاتر له ڕێژه‌ی پێویست بێت، دیسان كه‌سانێك په‌یدا ده‌بن كه له سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌ژێر پرده‌كان، له قه‌راخ گۆڕستانه‌كان و له باشترین حاڵه‌ت دا، له چارداخهكانی په‌راوێزی شاره‌كاندا بژین. دیسان سه‌دان هه‌زار منداڵ له كهڵانشارهكان په‌یدا ده‌بن كه خواردنی ڕۆژانه‌یان به گه‌ڕان له ناو زبڵهكاندا دابین ده‌كه‌ن و شه‌و له سه‌رشه‌قامه‌كان و یان له چارداخی په‌نا زبڵه‌كان ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه و شاره‌داریش بۆ ئه‌وان كارتی زبڵگه‌ڕی ده‌رده‌كات!
بێگومان، كارتۆن خه‌وی و بێ سه‌رپه‌نایی چاره‌نووسیی حه‌تمیی ئه‌م مرۆڤانه نییه. هه‌بوونی سه‌رپه‌نا و به‌هره‌مه‌ند بوون له گشت ئیمكاناتی ئیمه‌نی و ڕێفاهی و كلتووری، مافی سه‌ره‌تایی و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای هه‌موو ئینسانه‌كانه و ده‌وڵه‌ته‌كانیش ئه‌ركی سه‌ر شانیانه كه وڵامده‌ره‌وه بن.