کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیفاع لە خەڵکی تورکییە لەگرەوی بەرەنگاربوونە لەگەڵ سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتی ئاکپارتی دایه‌

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ڕێبەرانی پارتی دیموکڕاتیکی گەلان و ٩ کەس لە په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌م حیزبە لە پاڕلمانی تورکییە، گیرانی سەرنووسەر و ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی ” جۆمهورییەت” لەم ڕۆژانەی دواییدا، بووه‌ به‌ یەکێک لە گرنگترین سەردێڕەكانی هه‌واڵ. لەوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ هه‌تا سەرۆکی پاڕلمانی ئوروپا، لە وتەبێژی ده‌ره‌وه‌ی کومیسیۆنی ئۆروپاوە هه‌تا ڕاوێژكاری سه‌ره‌كیی ئاڵمان، ئه‌مانه‌ هەرکامەو بە زمانی خۆی، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئه‌ردۆغان نیگەرانییان دەربڕی. هیچکام لەم نیگەرانیی ده‌ربڕینانه‌ لە قسەی خێرخوازانەی کەشیشەکان لە ڕۆژانی یەکشەماندا واوەتر نەچوون. هەڵبەت لەبیرمان نەچێته‌وه‌ كه‌ هەموو ئەم دڵنیگه‌رانییانه‌ کاتێک کە بۆمبهاوێژەکانی ئەڕتەشی تورکییە شارەکانی کوردستانی ئه‌م وڵاته‌یان بۆمباران دەرکرد، یان کاتێک کە تورکییە بەپێچەوانەی هه‌موو کۆنوانسیۆنی هەر ئەم ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووان، له‌سه‌ر ڕێزگرتن لە مافی حاکمیەتی وڵاتان ئەڕتەشەکەی بۆ نێو عێڕاق و سوریە بەڕێکرد و بە بیانووی به‌ربه‌ره‌كانێی داعش چوونە شەڕی ” ڕۆژئاوا” یان پێگەکانی “په‌که‌که‌”یان لە عێڕاق بۆمباران دەکرد، متەقیان نەکرد و هیچ چەشنە “نیگەرانییەکیان” دەرنەبڕێ. لەبەر ئەوەیکە تورکییە لقی باشووری پەیمانی نیزامیی ناتۆ بوو. لەبەر ئەوەیکە ساتوسه‌ودای قیزه‌ونی یەکێتی ئوروپا لەگەڵ تورکییە لەسه‌ر چارەنووسی سەدان هەزار پەنابەر دەکەوتە مەترسیی و ئیتر نەدەکرا تورکییە وەک وڵاتێکی “ئەمن” هه‌ژمار بكرێ و پەنابەرانی بۆ بگێڕنەوە و ئەرکی دیفاع لە قەڵای ئۆرووپای پێ بسپێرن. لەبەر ئەوەیكه‌ نەدەکرا لە حاڵێکدا كه‌ تەنها لە ماوەی چەند هەفتەدا ده‌یان هەزار کەس دەگیرێن و زیندانیی دەکرێن و به‌دەیان هەزار کەسی دیكه‌ش تەسفییە کرابوون، دیسانیش بەوپه‌ڕی بێشەرمییەوه‌ بیروڕای گشتیی فریو بدەن و سیاسەتی هەڵکردن و نەرمی نواندن لەگەڵ ئەم ڕژیمە فاشیستە درێژە پێبدەن.ئەو شته‌یکە بۆتە هۆی دەربڕینی ئه‌م “نیگەرانییانه‌”، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك سەرچاوەگرتوو لەوەیه‌ کە ئه‌ردۆغان له‌ڕێگه‌ی هێرشکردنەسەر حیزبێکی ئۆپۆزێسیۆنی یاسایی و گرتنی ڕێبەران و نوێنەره‌كانیه‌وه‌، گه‌مه‌ی پاڕلمانتاریزمی بوورژوازیی تێکداوە. وه‌ ئەمەش زۆر به‌دڵی دەوڵەتانی بوورژوایی نه‌بوو کە لە چەکی “هەڵبژاردن” بۆ فڕیودانی گشتیی خەڵک کەڵک وەردەگرن. ئەگەر تەنانەت هەر بەم ڕادەیەش بایه‌خێكی کەم بۆ دەنگی زیاتر لە پێنج میلیۆن دەنگدەر لە تورکییە دانەنێی و بەفەرمانێک دەکرێ پارێزبەندیی لەسەر نوێنەرانی ئەم دەنگدەرانە هەڵبگیرێ و زیندانی بکرێن. کەواتە چۆن دەکرێ خەڵک لە چوارچێوەی په‌رله‌مانتاریسمی بوورژواییدا، ئەسیری تەوەهوماتی “مافی هەڵبژاردن” بکەی و چۆنچۆنی دەکرێ لەم چەکە بۆ سەرکوتی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی كه‌ڵك وه‌ربگریت کە بچوکترین ڕەخنەی لەم موناسباتە ئاوەژووە هەیە.847

هێرشی ڕژیمی “فاشیستی- ئیسلامی”، زۆر بەڕوونیی بە گشت بەشەکانی کۆمەڵگه‌ی نیشاندا کە ئێمە و بەشێکی بەرین لە بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی جیهانیی هەقمان بوو كه‌ باس لە کوده‌تای ئه‌ردۆغان لەدژی خەڵکی تورکییە بە بیانووی کوده‌تای بەشێکی کەم لە ئەرتەش بکەین. لەم ڕووەوە نابێ ڕێگه‌ بده‌ین کە بوورژوازیی جیهانیی بە ده‌ربڕینی “نیگەرانییه‌” بێ خه‌ته‌ره‌كه‌ی خۆی لەدژی ئه‌ردۆغان، ڕاستییەکانی ئەوشته‌یکە خەریکە لە تورکییەدا ڕوودەدات، لەپشت پەردەدا بشارێتەوە. دەبێ ئاشکرا و ڕووڕاست بڵێین كه‌ ئەو شته‌یکە لە تورکییە لەئارادایە، سەرهەڵدانی فاشیزمێکی ئیسلامییە و لە ئێستاشدا کوده‌تایەکە لەدژی بەرەی چەپ و ئازادیخوازی و لەدژی خەڵکێک کە بە شێوەی جۆراوجۆر نایانهه‌وێ تەسلیمی ئەم دیاردەیە بن.

نابێ گومان هەبێ لەوەیکە ئەگەر بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی خەڵکی تورکییە و جیهان، نەتوانن هەر لە ئەمڕۆوە بزووتنەوەیەکی هاوپشتیی بەرینی جیهانیی لەدژی سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامیی لە تورکییە پێک بهێنن، سبەینێ زۆر درەنگ دەبێت. لەبیرمان نەچێته‌وه‌ كه‌ نە فاشیزمی هیتلێریی لە ڕێگای نەرمی نواندن و موزاكره‌وه‌ پاشەکشەی پێکرا، نە کوده‌تای فاشیستیی پینۆشە و بەرگوللەدانی خوڕاگریی خەڵک له‌ شیلیی و نە فاشیزمی کۆماری ئیسلامییش بۆ ئەنجامدانی نەسل کوژیی. ئەمانە ئەزمون گه‌لێكی بەنرخی مێژوویین، هەر چەند کە لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا و بە ئاستیێكی جیاواز له‌ جەنایەته‌وه‌ ڕوویانداوە. تەنانەت نابێ بۆ ساتێکیش لەبیرمان بچێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێك لەسه‌ر بەستێنی بێدەنگیی کۆمەڵگه‌ی جیهانیدا و لەسه‌ر بەستێنی هاوجیهەتی چینایەتیی بوورژوازیی نێونه‌تەوەیی بۆ دژایەتیکردنی شۆڕش، بە دەسەڵات گەیشت و لە جەریانی سەرکوتی بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگەدا توانی شوێن پێی خۆی قایم بکات و دەست بداتە نەسل کوژی.

خۆڕاگریی لە بەرانبەر کوده‌تاكه‌ی ڕژیمی ئه‌ردۆغاندا، تەنها لە ئەستۆی خەڵکی تورکییە نییە لەبەر ئەوەیکە شەڕی ئه‌ردۆغان لەدژی هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی چەپ و دێمۆکڕاتیک و ئازادیخوازانەیە لە ناوچەکەدا. ڕێکخستنی هێرشی ئەم ڕۆژانەی دوایی ڕێك لە ساڵیادی سەرکەوتنی خەڵک لە کوردستانی سورییەدا، ئه‌مه‌ خۆی ئاشکراترین نیشانەی ئیستراتێژیی دەوڵەتی فاشیستی تورکیەیە به‌ ئاراسته‌ی بەرەنگاربوونەوەی هەر بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە.

ئەگەر خەبات وخۆڕاگریی ژنان و پیاوان لە “ڕۆژئاو” هاوپشتییەکی بەرینی جیهانیی بۆخۆی دەستەبەر کرد، هێرشی ئێستای ئه‌ردۆغانیش دەبێ لە ڕێگه‌ی پێكهێنانی بزووتنەوەیەکی هاوپشتیی جیهانیی بەرینەوە، تێک بشکێندرێت و خەونی مەزنخوازانەی ئه‌ردۆغان به‌ئاراسته‌ی ژیاندنه‌وه‌ی ئێمپڕاتۆریی عوسمانیدا بکرێتە بڵقی سەرئاو.

ناڕەزایەتیی بەرینی ڕۆژانی هەینی و شەممە لە زۆربەی شارەکانی جیهان و ڕاگەیاندنی هاوپشتیی لەگەڵ خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی تورکییە و پشتگیریکردن لە “ڕۆژاوا” بە خێرایی دوای ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ڕێبەران و نوێنەرانی پارتی دێمۆکڕاتیکی گەلان بە بەشداریی دەیان هەزار کەس دەتوانێ و دەبێ بە واتای پێش قەره‌وڵی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانیی، خەبات لەدژی هێرشی دەوڵەتی تورکییە و دیفاع لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە ناوچەکەدا بێت. هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و پێشڕەوەکان لەو ڕووەوە کە خۆیان بە هاوچارەنووس لەگەڵ بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازانەی خەڵکی تورکییە و سەرجەم ناوچەکە دەزانن، دەبێ لە پێكهێنانی وەها بزووتنەوەیەکدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

بابەتی پەیوەندیدار

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-