بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان هاووڵاتیی بەهایی و لە دوای پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە شەخسییەکانیان، ژومارەیەکیشیان دەستبەسەر کردووە. وهزارهتی ئیتلاعاتی ئێرانیش هەواڵی دەستبەسەرکردنی ژمارهیهك له بەهاییەکانی پشتڕاست کردەوە و به سیخوڕ تۆمهتباری كردوون. کۆمەڵگای بەهاییەکان بە رەتكردنەوەی تۆمەتی سیخوڕی رایانگەیاند كە، حكوومەت بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخاته سهریان، درۆ دەكات و دۆسیەیان بۆ دروست دەكات.
ئایینی بەهایی یەکێک لە ئایینە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە نییە. بۆیە ئەو قوتابیانەی کە دەڵێن پەیڕەوی ئایینی بەهایین، لە قوتابخانە دەردەکرێن. لەو فۆڕمانەی کە بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پڕیان دەکەنەوە، ئەگەر ئاماژە بەوە بکەن کە بەهایین بە فەرمی وەرناگیرێن، ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە کە پەیوەندی بە بیروباوەڕی ئایینی خۆیانەوە هەیە نەداتەوه، ئەوا بە بیانووی پێشێلکردنی یان تەکمیل نەبوونی پەروەندەکە ڕەتدەکرێنەوە. بەڵام کێشەی بەهاییەکان تەنیا لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا سنوردار نابێتەوە.
هەر لەو ڕۆژەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتە سەر دەسەڵات، بەهاییەکان، کۆمۆنیستەکان، خەڵکی کوردستان و ژنان، لەژێر گوشار و سەرکوتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بوون و دوژمنایەتی ئاشکرای ئەم ڕێژیمە لەپاڵ سەرکوتکردنی هەر بیرێكی جیاواز و هەر دەنگێکی ناڕازی، ئەم چوار بەشەی کۆمەڵگای ئێران بوون بە هێما و هۆکاری بوون و مانەوەی ئەو ڕژیمە.
حکومەتی ئیسلامی دووژمنی له ئاشتی نههاتووی هەر شتێکی پێشکەوتنخواز، ئینسانی، مۆدێرن و بەهای گشتگیری ههیه، لەوانە: لە موزیک و هونەرەوە بگرە تا سینەما و شانۆ، لە ئازادی ڕادەربڕین بگرە تا بڵاوکردنەوەی ئازادانەی کتێب و بڵاوکراوەکان، لە ئامادەبوونی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و چالاکی حیزبە سیاسی و کرێکارییەکانەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە مافی ئاژەڵەوە بگرە تا دەگاتە ژینگەپارێزهكان. تا ئێستا هیچ ڕێکخراو و یان دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نەبووە کە لەگەڵ سەرکوت و زیندانی و ئەشکەنجە و ئێعدامی چالاکە سەرەکییەکانیان ڕووبەڕوو نەبووبێتەوە. بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ بەهاییەکان بە شێوەیەکەی زۆر خراپتر و کۆنەپەرستانەتر بووە.
ڕژێمی ئیسلامی بۆ لەناوبردنی فیزیکی بەهاییەکان بێوچان هەوڵی داوە. قەبوڵ نەکردنی ئایین و بیروباوەڕی بەشێک لە خەڵک، زیندانی كردنی ژن و پیاوی بەهایی، گەنج و پیر، تەنانەت منداڵەکانیشیان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و دارایی بەهاییەکان و بێبەشکردنی گەنجانی بەهایی لە خوێندن لە زانکۆکان، وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکانیان و جیاکردنەوەی شوێنی ناشتن و گۆڕی بەهاییەکان لە باقی خەڵک و بەردەوام شکاندنی بەردی گۆڕەکانیان، بێکارکردنی بەهاییەکان و دەرکردنیان لە هەر کارێکی حکوومی و تایبەت، ناچارکردنیان بە کۆچکردن و دژایهتی و پهروهنده سازی بهردهوام لە دژیان له میدیا و ڕێوڕهسمه ئایینیهكاندا، ، هەموو ئەمانە نموونەی ژینۆسایدی بەهاییەکانن، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا.
ئەوەیکە حكومەتی ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی ئاشتیخواز و بێ دیفاعی بەهایی دەیكات، سیاسەتی ئەڵمانی نازی و فاشیستەكانیتری سەدەی ڕابردووه، كه له دژی یەهودییەکان، كۆچهر و سۆسیالیسته كان، یان هەمان سیاسەتی خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام، یان داعشە، کە لە شنگال له دژی کوردی ئێزدی بهكاریان هێنا.
دیفاع و پشتیوانی لە بەهاییەکان لە بەرامبەر سیاسەتی فاشیستی و ژینۆسایدی حکوومەتی ئیسلامی، دیفاع لە مافی مرۆڤ و دیفاع لە ئازادی ئایین و بێباوەڕی بە ئایین و دیفاع لە جیایی دین لە دەوڵەتە. ژنان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، جەماوەری هەژار و بێبەش، هێزە چەپ و جەماوەرییەکان، لە هاوچارەنووسی و خەباتێكی هاوبەشدا، دژی بەربەریەتی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، لە بەهایی و هەر بەشێکی دیکەی کۆمەڵگا کە هەڕەشەی لەسەرە و سەرکووت دەکرێ، دەبێ دیفاع بکەن. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، نەبوونی ئایینی فەرمی، جیاکردنەوەی ئایین لە پەروەردە، ئازادی ئایین و لەوەش گرنگتر ئازادی بێ ئایینی و نەبوونی هیچ ئایینێک، وەستانی تەواوەتی هەر هاوکارییەکی دارایی و حکوومەتی بۆ دامەزراوە ئاینییەکان و ماڵیات وەرگرتن لە موڵک و ماڵی دامەزراوە ئاینییەکان و سەرچاوە بازەرگانییەکان، مەرجێکی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی کە دژی بەهاییەکان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە ڕوودەدەن. پێویستە بە هەموو ئامرازەکانی بەردەست و بە بێ هیچ دوو دڵی و ڕاڕاییهك، بەرگری لە كۆمهڵگهی بەهاییەکان بکرێت، لە بەرامبەر ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا.
بێدەنگی و دهست لهسهر دهست دانان لە بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە بەهاییەکان، ژینۆسایدی ئەوانی لێ دەکەوێتەوە، سبەینێ ئەو خەڵکەی كه لهئاست تاوانانهكانی دژ به بههاییهكان بێدەنگ بوون، لەبەردەم مێژوو و نەوەکانی داهاتوودا، جگە لە شەرمەزاری، هیچی تریان به نهسیب نابێت.
یەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایینەکانە، بەتایبەت تەحەمولی بوون و حوزوری بەهاییەکان بووه و ههشه. ئێستاش کوردستان تاکە هەرێمە کە بەهاییەکان لە لایەن خەڵکەوە بە باوەشێکی ئاواڵەوە قبوڵ دەکرێن و ئایین بە بابەتێكی تایبەتیی خەڵک دەزانرێت.
دهبێ بههایی و پهیڕهوانی ڕهخنهگرانی ههر دین و ئایینێك و ههر بیر و باوهڕێك بتوانن له ئازادی و ئهمنییهتدا بژین و گیان و ماڵیان لهههر چهشنه دهستدرێژییهكی حكوومهتی و یان تووندوتیژی تاقم و گرووپه لات و چهقۆكێشه ئایینییهكان و هیتر، پارێزراوبێت.
دەبێت دەستبەجێ هێرش و توندوتیژی دژ بە بەهاییەکان کۆتایی پێ بێت و بەهاییەکان بتوانن به ئازادی و ئاسوودهیی بژین.
پێویستە خوازیاری وەرگرتنەوەی ماڵ و موڵکی بەهاییەکان بین کە لە لایەن حکوومەت و دەسەڵاتدارانی ئایینیهوه دەستیان بەسەرداگیراوه و هەروەها خوازیاری دادگایی کردنی هەموو ئەو کەس و دامەزراوانە بین کە نهفرهت و بێزاری له دژی بەهاییەکان بڵاودەکەنەوە.