ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له‌م ڕۆژانه‌دا بۆ جارێكی دیكه گوشار بۆسه‌ر به‌هاییه‌كان و به‌تایبه‌ت ڕه‌وتی زه‌وتكردنی داراییه‌كانیان توندتر بووه‌ته‌وه. له نوێنترین نموونه‌دا، دادگای ڕژیم له ئۆستانی سمنان بڕیاری زه‌وتكردنی مڵك و ماڵی شه‌ش به‌هایی له‌سه‌ر داوای “ستادی به‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌رمانی ئیمام” ده‌ركردووه. زه‌وتكردنی داراییه‌كان ته‌نیا سته‌مێك نییه كه له‌ئێران له‌م كه‌مینه مه‌زهه‌بییه ده‌كرێت. گیان و بوونیان به‌رده‌وام له‌ژێر مه‌ترسیی كۆماری ئیسلامی دایه. خوێندكارانی بنه‌ماڵه به‌هاییه‌كان له هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندندا ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڵاواردن و ئازار و بێبه‌شی.
ئایینی به‌هایی له ئایینه ڕه‌سمییه‌كانی وڵات نییه. هه‌ربۆیه خوێندكاران ئه‌گه‌ر بڵێن په‌یڕه‌وی دینی به‌هایین، له مه‌دره‌سه ده‌رده‌كرێن. له‌و فۆرمانه‌دا كه بۆ وه‌رگرتن له زانكۆكان پڕ ده‌كرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر خوێندكاران بڵێن به‌هایین، به‌ڕه‌سمی وه‌رناگیرێن و ئه‌گه‌ر به پرسیاری پێوه‌ندیدار به مه‌زهه‌بی خۆیان وڵام نه‌ده‌نه‌وه دیسان به بیانووی “ته‌كمیل نه‌بوونی په‌روه‌نده” ڕه‌ت ده‌بنه‌وه. به‌ڵام كێشه‌ی به‌هاییه‌كان ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی خوێندنی منداڵه‌كانیان نییه.
لە سبەینێی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، بەهاییەکان، سێکۆلارەکان، کۆمۆنیستەکان، خەڵکی کوردستان و ژنان کەوتنە ژێر گوشاری حکوومەتی ئیسلامییەوە و دوژمنایەتیی ئاشکرای ئەم ڕژیمە لەگەڵ ئەم چوار بەشەی کۆمەڵی ئێران، بوو بە ئاڵا و ناسنامه‌ی ئه‌و ڕژیمه‌یه.
حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ هەموو شتێکی پێشکەوتنخواز، ئینسانی، مۆدێرن و خاوەن بایەخی جیهانی دژایەتی دەکات. لە مۆسیقا و هونەر تا سینەما و شانۆگه‌ری، لە ئازادیی ڕادەربڕین تا ئازادییی چاپەمەنی، لە حزووری دەنگی نەیاران و چالاکیی حیزبە سیاسی و کرێکارییەکان تا ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە مافی ئاژەڵەکانەوە تا پاراستنی ژینگە، دژی هەر هەموویانە. هیچ بوارێک نەبووە کە لەگەڵ سەرکوت و زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدامی چالاکانی سەرەکیی ئه‌و بوارانه بەرەوڕوو نەبووبێتەوە. بەڵام هەڵسووکەوتی ڕژیم لەگەڵ بەهاییەکان بەشێوازێکی یەکجار ڕەزیلانەتر و کۆنەپەرستانەتر بووە.
ڕژیمی ئیسلامی بۆ لەناوبردنی فیزیکیی بەهاییەکان بەردەوام هەوڵی داوە. دین و باوەڕی بەشێک لە خەڵک گومڕاکەر و قەبووڵنەکراو پێناسە کردن، ژن و پیاوی بەهایی، لاو و پیر و تەنانەت منداڵانیان زیندانی کردن، زەوت کردنی ماڵ و داراییان، بێبەری کردنی لاوانی بەهایی لە خوێندن لە زانکۆکان ، وێران کردنی شوێنە پیرۆزەکانیان، جیا کردنەوەی شوێنی ناشتن و قەبری بەهاییەکان لە باقیی خەڵک و بە بەردەوامی بەردی سەر قەبرەکانیان شکاندن، لە دامەزرانی بەهاییەکان ڕێگریی کردن و لە هەموو پیشه‌یه‌كی حکوومەتی و خسووسی دەرکردن، ناچار کردنیان بە کۆچ و لە میدیا و شوێنە مەزهەبییەکان بەردەوام دژبە بەهاییەکان پاپۆش و پەروەندە درووست کردن، تەنیا بەشێکی چکۆلە لە سیاسەتی جینۆسایدی بەهاییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی‌دا بووە.
ئەوەیکە حکوومه‌تی ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی بەهایی ئەنجامی دەدات هەمان سیاسەتی ئاڵمانی نازی و باقیی فاشیستەکانی سەدەی ڕابردوویە کە دژبە یه‌هوودیه‌كان، قه‌ره‌جه‌كان و سۆسیالیستەکان بەکاریان هێنا. هەمان سیاسەتی خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام یان داعشە کە دژبە کوردە ئیزەدییەکان لە شەنگال بەکردەوەیان دەرهێنا.
بێدەنگیی خەڵک و تەنانەت چاوپۆشی هێندێک لە ڕووناکبیران بەرامبەر سیاسەتی سڕینەوە و لەناوبردنی خەڵکی بەهایی لە لایەن ڕژیمەوە، دەستی حکوومەتی ئیسلامی و ئەرازێل و ئەوباشەکانی بۆ داسەپاندنی کارەساتی زیاتر بەسەر بەهاییەکان ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەگەر خەڵکی ئێران لەسەری وەختی خۆیدا و بەشێوەیەکی گونجاو لە بەرامبەر لەشکرکێشی و فەرمانی جەهاد دژبە خەڵکی کوردستان ڕاوەستابایەن، ئەگەر هەڵاواردن و سەرکوتی بەهاییەکانیان بە دەسپێکی سەرکوت و بێمافیی خۆیان زانیبایە، ئەگەر کوشتاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیان مەحکووم کردبایە، ئەگەر هەڵاواردنی ڕیشەدار و توندوتیژی دژبە ژنانیان، هەڵاواردن و بێمافیی دژبە کۆمەڵ پێناسە کردبایە، ئێستا هەموو ڕۆژێ شایەدی کارەسات دژبە خەڵکی بەهایی نەبووین.
دیفاع و پشتیوانی لە خەڵکی بەهایی لە بەرامبەر سیاسەتی فاشیستی و جێنۆسایدی حکوومەتی ئیسلامی، دیفاع لە مافی مرۆڤ، دیفاع لە ئازادیی دین و بێ دینی، دیفاع لە جیایی دین لە دەوڵەتە.
جیایی دین لە دەوڵەت، نەبوونی دینی ڕەسمی، جیایی دین و مەزهەب لە پەروەردە و بارهێنان، ئازادیی دین و لەوەش گرینگتر ئازادیی بێ دینی و بڕینی هەرجۆرە یارمەتییەکی ماڵی و دەوڵەتی بە ناوەندەکان و دەزگای مەزهەب و ماڵیات وەرگرتن لە سەرچاوەی دارایی و تەجاریی ناوەندە مەزهەبییەکان، مەرجی پێویستی ڕێگری لەو کارەساتانەیە کە دژبە خەڵکی بەهایی و باقی کەمینە مەزهەبییەکان لە ئارا دایە. ئەگەرچی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران پتر لە چوار دەیە بە توند‌وتیژترین شێوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێشێل دەکرێت، بەڵام لەو نێوەدا بەهاییەکان تەنیا لەبەر باوەڕیان، گەلێک بێبەشی و ڕەنج و ئازاری زیاتریان بەسەردا سەپاوە و گیان و بوون و نەبوونیان لە مەترسیدا بووە. هەر ئەم ڕەئیسییەی سەرۆک کۆمار، حوکمی ئێعدامی دەیان بەهایی بە پەروەندەی ساخته و تۆمەتی درۆیین ده‌رکردووە.
پێویستە هەر لەمڕۆوە، بە هەموو ئیمکاناتی بەردەست و بە بێ هیچ ئەما و ئەگەرێک، لە مافی ئینسانی خەڵکی بەهایی لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامی ئێران‌دا دیفاع بکەین. یەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی خەباتکار لە کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو دین و مەزهەبەکان لەوانە حزوور و ته‌حه‌مولی بەهاییەکان بووە. کوردستان هێستاش تەنیا ناوچە و یان لەو دەگمەن ناوچانەیە کە بەهاییەکان لە لایەن خەڵکەوە بە باوەشی ئاواڵەوە وەردەگیرێن و دین بە بابەتی شەخسیی خەڵک پێناسە دەکرێت.
بەهاییەکان و پەیڕەوان و باوەڕمەندانی هەر دین و مەزهەبێک، هەر بیر و باوەڕێک پێویستە بتوانن لە ئازادی و ئەمنییەتدا بژین و گیان و ماڵیان لە هەرجۆرە دەستدرێژیی حکوومەتی و یان توندوتیژیی دارودەستەی ئەرازێل و ئەوباشی مەزهەبی، لە ئەمان دا بێت. هێرش و توندوتیژی دژبە بەهاییەکان، ڕق و کینە نانەوە لەدژیان پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و بەهاییەکان بتوانن لە ئەمنییەت و ئازادی‌دا کار بکەن و بژین.