کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیفاعی خامنەیی لە ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ و دەور و نەقشی ئیبڕاهیم ڕەئیسی

دوێنێ “عەلی خامنەیی”، لە سوخەنڕانیەکدا بە بۆنەی ساڵگەردی مەرگی خومەینیەوە سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕەخنە لە ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ دەگرن، هۆشداری دا. ئەو وتی ” دەیەی شەست، دەیەی شانازییە، دەیەی خەبات لەگەڵ جودا خوازییە.” خامنەیی وتی کە ” کۆنترۆڵی مێژوو خەریکە لە دەست حکومەتدا نامێنێ.” دوو رۆژ لەوەپێشیش ” غوڵامعەلی حەدادی عادل” دیفاعی لە دەوری ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە ئێعدامی هەزاران زیندانی سیاسیدا کرد.

لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، بە بۆنەی کاندید بوونی ئیبڕاهیم ڕەئیسیەوە وەک ڕەقیبی رووحانی، بابەتی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، هەر جار ناجارێک و بە شێوەی نا ڕاستەوخۆ دەهێندرایە گۆڕێ. ڕەئیسی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بوو کە بە پێی فەتوای خومەینی لە مەودای نێوان مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رماناندا، پێی سپێردرا بوو کە ئامادەکاری بۆ ئێعدام کردنی هەزاران زیندانی سیاسی لە ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامیدا بکات. بەڵام ئەگەر ڕەئیسی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بوو، ئەندامێکی دیكه‌شی، مستەفا پورمحەممەدی، وەزیری کابینەی حەسەن رووحانی بوو. بەم جۆرە هەرچوار ئەندامی هەیئەتی مەرگ بریتی بوون لە :حسێنعەلی نەییری “حاکمی شەرع”، مورتەزا ئیشراقی “دادستان”، ئیبڕاهیم ڕەئیسی “جێگری دادستان” و مەستەفا پور محەممەدی “نوێنەری وەزاڕەتی ئیتلاعات”، تێكڵاوێكن له‌ هه‌موو باڵه‌كانی حكومه‌ت.139 1

زۆری پێ نەچوو کە هەواڵی ئەم جەنایەتە وەحشەتناکە لە ئێران و لە دەرەوەی وڵاتدا بڵاو بووه‌وه‌. خەڵکی ئێران کە کەم کەم خەریک بوون جەستەی ماندوو و هێلاکیان لەژێر وێرانەکانی شەڕی ئێران و عێراق دەردەکێشا زانیان کە چ کارەساتێک لەدژی ئازیزەکانیان بەڕێوەچووە. ژمارەیەکی کەم هاوخەباتانی قوربانیەکانی جەنایەتی هاوینی ٦٧ کە لەم کوشتارە بەکۆمەڵە بە سڵامەتی ڕزگاریان ببوو لە بیرەوەریەکانیاندا چەند گۆشەیەک لە وەحشیگەری جەنایەتکارانی زیندانوان و مەزڵومیەتی زیندانیانی بەندکراو و بێ دیفاعیان بۆ هەموان گێڕاوەتەوە. بەڵام هێشتا ئەمەش هەموو ڕاستیەکە نییە. هێشتا بەشێکی زۆری ڕاستیەکانی ئەم جەنایەتە لە خەڵک شاردراوەتەوە. پەروەندەی ئەم جەنایەتە دانەخراوە. مۆتەکەی ئەم رووداوە بەسەر سەری هەموو ده‌ست و پێوه‌نده‌ زیندوو ومردوه‌كانی ئەم رووداوەوە، وێستاوە. ئەوان لە داوەری و سزا دران ڕزگاریان نابێت.

هیچکام لە باڵەکانی ڕژیم چ ئەوانەی کە لەو دەورەیەدا لە دەسەلاتدا بوون و چ ئەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ناتوانن یەخەی خۆیان لە جەنایەتێک کە ئەنجامیان داوە، ڕزگار بکەن. ئەگەر توانیان ئەو جەنایەتە وەحشەتناکە لەو رۆژانەدا لە ڕای گشتی ئێران و دنیا بۆ ماوەیەک بشارنەوە، لەمرۆدا دەیان جڵد کتێب و وتار و هەزاران بەڵگە لەم بارەیەوە بڵاو کراوەتەوە.

ساڵی پار بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی نەوارێکی دەنگی مونتەزیری لەبارەی ئەم رووداوەوە، هێندێک لە کاربەدەستانی ڕژیم کە تا ئێستا بێدەنگ بوون، هاتنە قسە. قسەکانیان دەریخست کە هێشتا لە جەنایەت كردندا خاوەنی چ زەرفیەتێکی بەرزن.

لاریجانی سەرۆکی قوەی قەزاییە وتی: “ئەوەی لە ئەحکامی دادگاکاندا بە پێی یاسا و ڕێسای شەرعی و قانونی بەڕێوەبراوە جێگای ڕەخنە نییە و بێ خەوشە و حوکمی گروپە مۆحاربەکان بە تەواوی روون و ئاشکرایە.” ئەحمەد خاتەمی ئیمام جومعەی تاران وتی:” ئەوەی ئیمامی ڕاحل لە ساڵی ٦٧ دا دەستوری لەسەردا کارێکی فیقهی، قورئانی، شۆڕشگێڕانە و خزمەتێکی گەورە بوو بە میللەتی موسڵمانی ئێران. ئەگەر لەو رۆژەدا ئیمام ئەو خزمەتە گەورەیه‌ی ئەنجام نەدایە لەمرۆدا گەلێک کێشە و گرفت بەرۆکی دەگرتین.”

عەلی خومەینی، نەوەی خومەینی لە کۆمەڵێک قسەدا لەم بارەیەوە نیشانیدا کە تا چ ئاستێک چۆتەوە سەر باوەگەورە جەنایەتکارەکەی. ئەو دەڵێ: “ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ مەرجی هاتنە ئارای ئارامیە له‌ ئه‌مڕۆی ئێراندا، ئەمڕۆ ژمارەیەک کەس بوونەتە دڵسۆز و دەڵێن بۆچی ئەمانە سزا دراون؟” و ئه‌مڕۆش بیستمان كه‌ خامنەیی بە بێ شەرمی تەواوەوە شانازی بەو جەنایەتەی دەیەی شەستەوە دەکات.

له‌ ڕاستیدا داسی مەرگی ئەم ڕژیمە لە زیندانەکاندا لە هەموو ٣٨ ساڵی ڕابردودا قەت نەوێستاوە. لەو ماوەیەدا لەپاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەموو ناڕەزایەتییەک و دەنگێکی ئازادی خوازنە، سزای ئێعدامیان وەک توندوتیژیەکی ئاگاهانە و سازماندراو بۆ لەنێوبردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداری، لە خزمەت بە دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن و بێدەنگ کردن و وادار بە تەسلیم بوون لە کۆمەڵگەدا بەکار هێناوە. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی ڕیکخراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ترساندنی خەڵک. کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لەسەر سەرکوت دامەزراندوە، بەڵام ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بەشوێنەوە بێت، بوارە عەینیەکانی هەڵچونی قین و توڕەیی جەماوەر فراوانتر دەکات. گومانی تێدا نییە کە سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای عه‌داڵه‌تی خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا دادگایی بکرێن، ڕازە سەربە مۆرەکانی جەنایەتێکی بێ ئەژمار کە ئەنجامیانداوە زیاتر ئاشکرا بێت و سزای شیاوی خۆیان وەربگرن.