کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیسانیش بوومه‌له‌رزه‌ لە ئوستانی کرماشان و پێویستی یارمەتی گەیاندنی جەماوەری

266

کاتژمێر ٨ و ٧ ده‌قیقه‌ی شەوی یەکشەممە ٤ی مانگی سەرماوەز بوومه‌له‌رزه‌یەک بە گوڕی ٦ و ٤ ده‌هۆمی ڕیشتێر، شارەکانی سەرپول زەهاب، قەسری شیرین و ئاواییەکانی دەوروبەریانی لەرزاندەوە. بوومه‌له‌رزه‌ هەروەها لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ئوستانەکانی سلێمانی، حەلەبجە و دیالەش هەستی پێکرا. دوایین ئاماری بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌کەی دوێشەو گەیشتووه‌تە ٧٢٩ کەس. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە وێرانی سەرچاوەگرتوو لە بوومە لەرزەکەوە زۆرە و گەلێک ماڵ بە تایبەت لە ئاواییەکانی ناوچەکە بە شێوەی جیدی خەسارەتیان وێکەوتووە. لەم پێوەندەدا ئەمیر خوسرەوانی مودیر کولی کاروباری روستایی ئوستانی کرماشان ڕایگەیاندووه‌ کە بوومه‌له‌رزه‌کەی شەوی یەکشەممە ١٩٠٠ ئاوایی ئوستانی کرماشانی گرتووه‌تەوە و زیانی زۆری بە ماڵەکان گەیاندووە.

ئەم بوومه‌له‌رزه‌یە لە بارودۆخێکدا ڕوویدا کە ساڵی ڕابردوو، ڕێكه‌وتی ٢١ی مانگی خەزەڵوەر بوومه‌له‌رزه‌یەک بە گوڕی ٧ و ٣ ده‌هۆم پلە بە پێوەری ڕێشتێر، کە بەهێز ترین بوومه‌له‌رزه‌ی دنیا بوو لە ساڵی ڕابردوودا، ئەو ناوچەیەی لەرزاندەوە، زیاتر لە ٧٠٠ کەس به‌هۆیه‌وه‌ خەڵتانی خوێن بوون و بە هەزاران کەسیشی بریندار بوون. هێشتا و دوای تێپەڕبوونی ساڵێک وێرانیەکانی سەرچاوەگرتوو له‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ ماوەن و خەڵکی خەسارەت دیتو لەگەڵ ئاکامەکەیدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

ئەمجارەش وەک ساڵی ڕابردوو، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باس لە دەرنگ بە هاناوە چوونی ئۆرگانەکانی ڕژیم بۆ یارمەتی گەیاندن بە ناوچە بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوەکان دەکەن. ٣٦ کاتژمێر دوای ڕوودانی بوومەلەرزە هێشتا گەلێک ناوچە هەن کە هیچ یارمەتیەکیان وەرنەگرتووە. سەرمای زستان لە ناوچە بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوەکان دەستی پێکردووە و لە حاڵێکدا کە بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوانی ساڵی پار هێشتا لە کانێکس و خێوه‌ت دان، بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوانی تازە ئەو ئیمکاناتەشیان وەرنەگرتووە.

بوومه‌له‌رزه‌ی بانتر لە ٦ پلەی ڕێشتێر بەهێزتر لەوەیە کە ماڵی قوڕێنەی نا قایم، بەتایبەت لە ئاواییەکان بتوانێ خۆی لەبەردا ڕابگرێ. لە شاره‌كانیش، بە تایبەت پەڕاوێز نشینەکان له‌ماڵ گه‌لێك دا دەژین کە بە کەرەسەی بیناسازی نا ستاندارد دروست کراون و لە بەرانبەر ئەم جۆرە ڕووداوانەدا توانایی خۆڕاگرتنیان نییە. ئەم هۆکارانە بوومه‌له‌رزه‌ لە وڵاتێکی وەک ئێران، بە بەراورد لەگەڵ گەلێک لە ناوچەکانی تری دنیا مەرگبار تر و کارەسات بار تر دەکه‌ن. خەڵکی هەژار کە لەم جۆرە ماڵانەدا دەژین، قوربانیان هەمیشەیی ئەم جۆرە بەڵا سروشتیانەن.

لە ئێران، کاتێک کارەساتێکی وەک بوومه‌له‌رزه‌ ڕوو ئەدات، دەزگایەکی ئیداری نوقمی گەندەڵی و بوروکراسی، ئەرکی ڕزگار کردنی زیان وێکەوتوان دەگرێتە ئەستۆ. لە حاڵیکدا یارمەتی گەیاندن لە ئانوساتە سەرەتاییەکاندا دەورێکی چاره‌نووس سازی لە کەم کردنەوەی ڕێژەی تەلەفاتدا هەیە، مەعمولەن ئەم کارە بە درنەگییەوە دەست پێ دەکرێت. کاتێکیش عەمەلیات دەست پێدەکات کاری ڕزگار کردنی خەڵکی گرفتار و زیان وێکەتوو بە هۆی تەرخان کردنی ئیمکاناتی ناتواو و ناکارا زۆر بە شێنەیی و بە درەنگەوە بەرەو پێش دەچێت. ئەگەر سوننەتە بە هێزە ئینسان دۆستانەکانی نێو خەڵک کە لەم جۆرە کاتانەدا دەکەوێتە کار، و دەچن بە هانی یەکتروە، نەبێت، ئاسەواری وێرانگەری دوو هێندە دەبێت.

ساڵی ڕابردوو لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کرماشان و ئێران سەحنەگەلێکی شکۆداریان لە هاوپشتی ئینسانی لەگەڵ زیان وێکەوتوان و ئاوارەکانی ئەم ڕووداوە پیشاندا. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی ڕوودانی بومەولەرزە، بە خێرایی ئیکیپەکان لە شارە جۆراو جۆرەکان ڕێکخران و کاروانی یارمەتی جەماوەری لە ماڕشێکی هاوپشتی گەورەدا، بەرەو ناوچە زیان وێکەوتوەکان کەوتە ڕێ. جەماوەری خەڵک بە هەر ئیمکاناتێکی کە لە تواناییان دابوو، وەسایل و کەلوپەلی پێویستیان بە ئیکیپی تایبەتی کۆکردنەوەی ئەو یارمەتیانە ده‌گه‌یاند. ڕیکخستنی ئەم ئیکیپانە و کۆکردنەوەی یارمەتی و ناردنی بۆ ئاوارەکانی بوومه‌له‌رزه‌ی ئوستانی کرماشان و پێشوازی خەڵک لەم حەرەکەتە ئینسانیە، جارێکی تر زەرفیەتی باڵای مەوجود لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی نیشاندا. ژمارەیه‌ك له‌ ئیکیپانە، لە ڕۆژەکان و مانگەکانی دواتردا، دڵخوازانە لە ناوچە بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوەکاندا مانەوە. بە ئیمکاناتێکی کەم بەڵام بە بەکار هێنانی هێزی ئیبتیکار و خەللاقییەت، تا ئەم ڕۆژانەش به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش درێژەیان بە خزمەت بە خەڵکی زیان لێکەوتوو داوە. کۆماری ئیسلامیی کە خۆی بە درەنگەوە و بە سستیەکی ئاشکرا لەم ناوچانەدا کار دەکات، چاوی دیتنی ئەم هاوپشتیەی نییە و بەردەوام لەسەر ڕێگای چالاکییە جەماوەریەکاندا کۆسپ دادەنێ، تا ئەو جێگایەی جاری وا هەیە پیلانی ئەمنییەتیشیان ده‌داته‌ پاڵ.

لەگەڵ گشت ئەرزشە مەعنەوی و مادیەکانی ئەم حەرەکەتە ئینسانی و شٶڕشگێڕانەدا، دەبێ جەخت بکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی وەزیفەیەتی کە هەموو زیانەکانی سەرچاوە گرتوو لە بوومە لەرزەکە بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئەو ناوچەیە قەرەبوو بکاتەوە. برینداران و زیان لێكه‌وتووان بە خێرایی دەرمان بکرێن. یارمەتییە سەرەتاییەکان بۆ کەمکرانەوەی ئاسەواری کارەساتەکە هەرچی زووتر دابەش بکرێن. کاری بنیاد نانەوەی ماڵە وێرانەکان بە خێرایی دەست پێ بکرێتەوە. ئەمە مافی سروشتی هەموو خەڵکی ئێرانە کە خاوەنی سەرپەنایەکی گونجاو و وەها ئەمن بن کە بتوانن بێ دڵەراوکێ ژیانی تێدا بەسەر بەرن. لە وڵاتێکی وەک ئێران کە سەروەت و سامانەکەی لە لایەن ڕژیمێکی دژی خەڵکییەوە سەرفی سیاسەتی سەرکوت گەرانە دەکرێت، لە وڵاتێکی وەک ئێڕان کە هێزی کاری بەرهەمهێنەری دەیان ملیۆن ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش کە خوڵقێنەری سەرجەم ئەرزشەکانی ئەم کۆمەڵگایەن، لە خزمەت كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانج بۆ تاقمێک سەرمایەدار و بەهێز کردنی دەوڵەتی پشتیوانیان دایە، ئەم ئیمکانە مادی و عەمەلیە هەیە کە لە ئەگەری ڕزگار بوون لە حاکمیەتی ئەم ستەمکار و چەوسێنەرانە، بە تەنزیم کردن و به‌ڕێوه‌چوونی بەرنامەی قایمتر کردنی بینا مەسکونییەکان، تەلەفاتی بوومه‌له‌رزه‌ لە سەرتاسەری وڵاتدا بگاته‌ کەم ترین ئاست. ئێمە هاو خەمی و هاو دەردی خۆمان لەگەڵ خەڵکی زیان وێكه‌وتووی ئوستانی کرماشان دەردەبڕین و داوا لە هەڵسوڕاوانی مەدەنی دەکەین بدوور لە دخاڵەتی ڕژیم و هێزەکانی، ئەمجارەش، ڕاستەوخۆ دەست بکەن بە ڕێکخستنی پشتیوانی لە بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوان، و بە کەڵک وەرگرتن لە هەر ئیمکاناتێک کە شک دەبەن، یارمەتی دەری کەم کردنەوەی دەرد و ئازارەکانی بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوان بن.