کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیاردەی گۆڕخه‌ویی، پەڵەیەکی شەرمەزاری دیكه‌یه‌ بە ناوچاوانی ڕژیمی ئیسلامییەوە

ڕۆژنامەی شەهروەند ڕۆژی سێشەممە ٧ی مانگی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لە دیاردەی نوێی گۆڕخەویی یان لەگۆڕداخەوتن کرد. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٥٠ ژن، پیاو و منداڵ، شەوانە پەنا دەبەنە گۆڕستانی نەسیرئاباد. لەم گۆڕستانەدا، به‌به‌رده‌وامیی‌ ٣٠٠ گۆڕی لەپێشدائامادەکراو هەیە کە ٥٠ کارتۆن خەو ٢٠ گۆڕیان بۆخۆیان ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ژین. لە هەر گۆڕێکدا کەسێک و جاریواشە ٣ بۆ ٤ کەس تێیدا دەژین. ئەم گۆڕانە بەگشتیی بۆ خەوتن کەڵکیان لێوەردەگیرێ و به‌ڕۆژدا و کاتێک کە کەسەکان بۆ دابینكردنی پارە و كۆكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی خۆراکیی یان سواڵکردن بڵاو دەبنەوە، چۆڵن. به‌ڵام به هه‌مووی ئه‌وانه‌شه‌وه‌، ڕاپۆرتەکەی شەهروەند له‌سه‌ر گۆڕخه‌وه‌كانی نەسیرئاباد، دەنگدانەوەیه‌كی بەرینی هەبووە.

ڕۆژنامەی شەهروەند لە ژمارەی چوارشەممەیدا و له‌سه‌رزاری یەکێک لەم شارۆمەندە بێ ماڵ و حاڵانەوە نووسیویه‌: “بەیانیی سێشەممە و دوای بڵاوبوونەوەی گوزارشی ڕۆژنامەکە سەبارەت بەو ٥٠ بێ ماڵ و مەسکەنەی کە لە سەرمای زستاندا، پەنایان بردبووەبەر گۆڕستانی نەسیرئاباد، مەئمورەکان چوون بۆ ئەم گۆڕستانە و ئەو کەسانەیان به‌ لێدان و سووكایه‌تی پێكردن، لەو شوێنە وەدەرناوە. یەکێک لەم کەسانە بەم ڕۆژنامەیەی وتووە کە: “بەیانیی ڕۆژی سێشەممە و سه‌عاتێك دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، چه‌ند کەسێك هاتن و بە مست و پێلەقە بڵاوەیان پێکردین كه‌ سەر بە شارەداریی و کەڵانتەریی بوون. ئەوانەی کە ئێمە بینیمانن، جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا نەبوو. تەنها ویستیان بڵاوەمان پێ بکەن. کەلوپەلەکانی ئێمه‌یان برد و ڕۆیشتن”.

حەسەن ڕوحانیی ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوە بە نامەی کراوەی ئەسغەر فەرهادیی، کارگەردانی ناسراوی سینەمای ئێران لەمبارەیەوە وتی: “من نامەی یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانم بینی کە دوێنێ بۆ من نووسرابوو وە زۆریش به‌ئازار بوو. خوێندبوومانەوە و بینیبوومان کە خەڵک لەتاو هەژاریی دەبنە کارتۆن خەو، بەڵام گۆڕخەویمان نەبینیبوو کە هەژارێک لەبەر نەداریی لە گۆڕدا بژی. ئەوەیکە كه‌سی خەساردیتوو‌ بۆ ڕزگاربوون لە سەرما پەنا بەرێتەبەر گۆڕێک. كاتێك كه‌ ئەم هونەرمەندە ئه‌مه‌ی بۆ من نووسی و خوێندمەوە و بینیم، بوغز گەروومی داگرت و شەرمەزاری به‌ڕواڵەتمه‌وه‌ دەرکەوت”. ڕوحانیی لە درێژەدا دەڵێ: “ئەوە چ بۆ ده‌وڵه‌ت و چ بۆ خه‌ڵك، جێگه‌ی لێوردبووه‌یه‌ كه‌ کەسێک بۆ ئەوەیکە شەو به‌ ڕۆژ بکاتەوە، خۆی بخاته‌ ناو گۆڕ و لەوێدا بژی. ئێمه‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌م كێشه‌وگرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كه‌واته‌ برایان، خوشکان، وه‌رن با هەموومان یەکبگرین.”887

ڕوحانیی لە مه‌قامی سەرۆک کۆماریی ڕژیمی ئیسلامیدا، فریوکارانە و “شەرمێونانە” لە کاردانەوە بە دیارده‌ی كاره‌ساتباری “گۆڕخەوی”، به‌ئانقه‌ست بەرپرسیارێتیی خۆی هه‌تا ئاستی مەسئولییەتی هاوڵاتییه‌كی ئاسایی داده‌به‌زێنێت. هەر دەڵێی نیهادی سەرۆک کۆماری کە خۆی ئۆڕگانێك و بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتییە و هەموو سەرچاوەی سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگه‌یەی لەکۆنتڕۆڵدایە، به‌رامبه‌ر به‌ مه‌ینه‌تیی و کارەساتێک کە بەسەر خەڵکی ئێرانیان داسەپاندوە، بەیەک ڕادە بەرپرسیارن. ڕوحانیی له‌جیاتی ئەوەیکە لانیکەم لەمبارەیەوە وەک سەرۆک کۆمارێکی ئاسایی سەرمایەداریی بجوڵێتەوە و فەرمانی چاره‌سه‌ری گرفتی دیاریكراوی “گۆڕخەویی” دەربکات، ئیجازە دەدات هه‌تا مەئمورەکانی شارەداریی و ئینتیزامیی هێرش بکەنەسەر گۆڕستانی نەسیرئاباد و بە لێدان و زەبروزەنگ، کەسە گۆڕخەوەکان دەربکەن و سوڕەتی مەسەلەکە پاک بکەنەوە.

له‌ولاشه‌وه‌ “محەممەدباقر قالیباف”ی شارەداری تاران، لە کاردانەوە بە وتەکانی ڕوحانی وتوویەتی كه‌: “بەرپرسان دەبێ لەگەڵ گۆڕخەوەکاندا بژین نەک ئەوەیکە لەڕێی نامەی هونەرمەندێکه‌وه‌ ئاگاداری ئەم مەسەلەیە بن”. لە درێژەشدا دەڵێ: “هەموو دەوڵەتەکان سەبارەت بەم برینە کۆنە به‌رپرسیارن، سوئیستیفادە لە ئازاری خەڵک لە کێشە سیاسییەکاندا زوڵمە.”

قالیباف لەحاڵێکدا ئەم قسانە دەکات کە جێگری ڕێكخراوی خزمه‌تگوزاریی کۆمەڵایەتیی و ڕێكخراوی ڕیفاهیی شارەداریی تاران، ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ر ژمارەی کارتۆن خەوەکانی تارانی بە ١٥ هەزار کەس ڕاگەیاند. ئایا حەسەن ڕوحانی کە لەم ڕۆژانەدا بەردی دیفاع لە “هه‌قی شه‌هروه‌ندیی” لە سینگ دەدا، هه‌تا بەر لە نامەکەی ئەسغەر فەرهادیی له‌سه‌ر دیاردەی “گۆڕخەویی” و لە کارەساتی کارتۆن خەوەکان ئاگادار نەبوو؟ ئایا هەر ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ر نەبوو کە نوێنەرانی ژن لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی باسیان لە زیادبوونی ژمارەی ژنانی کارتۆن خەو لە تاران کرد؟ ئایا کاربەدەستانی حکومەتیی نازانن کە دیاردەی “کارتۆن خەویی” تەنها تایبەت نییه‌ بە تاران و ژمارەیان لەسه‌ر ئاستی گه‌وره‌ شاره‌كانی وەک شیراز، ئیسفەهان، تەورێز، مەشهەد و …. هی دیكه‌شدا، ڕووی لە زیادبوونە. ئایا لەم نێوانەدا تەنها کاتێک کە چەند دە کەسێک لە کارتۆن خەوەکان لەبەر تەزووی سەرمای زستان پەنایان بردەبەر گوڕستانی نەسیرئاباد، مەسەلەکە دەبێتە کارەسات و ئه‌وكاته‌یه‌ كه‌ سەرۆک کۆمار شەرمەزار دەکات؟

ئایا دیاردەی “کارتۆن خەویی” لە ئێرانێکدا کە خاوەنی سەرچاوەیەکی گەورەی نەوت و گازە، داغێکی شەرمەزاریی نییە بە ناوچاوانی ڕوحانیی، قالیباف و باقی سەرانی حکومەتییەوە؟!

کاربەدەستانی ڕژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی و پاكانه‌كردن بۆ نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامیی کە سەبەبکاری سەرەکیی و سەرچاوەی بێ ماڵ و مەسکەنیی خەڵک و دیاردەی “کارتۆن خەویی” و “گۆڕخەوی”یە، هۆکاری پەرەسەندنی ئەم دیاردانە بە سەرچاوەگرتوو لە فاكته‌ری ئینحرافیی وەک، هەڵاتن لە ماڵ و توندتیژیی نواندن و کرداری جێنسیی و ئێعتیاد و …. ئه‌مانه‌ ناو دەبەن. “بەڵام واقعییه‌ت ئەوەیە کە هەژاریی و بێکاریی و بەرزبوونەوەی هەزینەی مەسکەن و بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵکی درووست کردووە، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌م كه‌سانه‌، توانای دابینكردنی کرێماڵی خۆیان و بنەماڵەکانیان نه‌بێت. ئەوان چارەیەکیان نییە و ناچارن شەوانە لە پارک و مەیدان و سەرشەقامەکان بمێننەوە، یان ده‌نا ئه‌گه‌ر ئه‌وێشیان پێ ڕه‌وا نه‌بینرا، ناچارن پەنا ببەنه‌ به‌ر گۆڕستانەکان. “دەوڵەتی لایەنگری مۆستەزعەفان”، لەبەر ئەوەیکە کارتۆن خەوەکان به ‌ته‌عبیری خۆیان، ڕواڵەتی شارەکان ناشیرین نه‌كه‌ن و مۆزاحیمی دانیشتیووانی باڵاشار و ناوەندی شار نه‌بن، ڕاپێچی ناوچە هەژارنشینەکانی خوارووی شار، بۆ نموونه‌ دەروازە غار، شووش و تێرمیناڵی جنووب و ڕاه ئاهه‌نیان ده‌كه‌ن.

له‌ حاڵێكدا كه‌ ده‌وڵه‌تی ڕووحانیی ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رهه‌می چه‌وساندنه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری كرێكارانی هێناوه‌ته‌ ‌خزمه‌ت پان و به‌رینكردنه‌وه‌ی داموده‌زگای سه‌ركووت، برۆكراسیی گه‌نده‌ڵی حكوومه‌تیی، به‌هێزكردنی ئۆڕگانه‌كانی گه‌مژاندنی جه‌ماوه‌ر و ده‌ستوه‌ردانی نیزامیی له‌ ناوه‌نده‌كانی قه‌یرانی ناوچه‌كه‌، له‌ بارودۆخێكدا كه‌ گه‌نده‌ڵیی و دزیی و ئیختلاسه‌ كه‌ڵانه‌كان و په‌رداختی حقووقه‌ نجوومییه‌كان چووه‌ته‌ ناخی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیی و حكوومه‌تییه‌كان، له‌ وه‌ها حاڵه‌تێكدا نابێ چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ت له‌وه‌ هه‌بێت‌ كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ كاره‌ساتباره‌ به‌ره‌و باشیی ببات. جاڕنامه‌ی “حقووقی شه‌هروه‌ندی”یه‌كه‌ی ڕووحانیی، بۆ دیفاع له‌ كارتۆن خه‌وه‌كان و گۆڕخه‌وه‌كان نییه‌، به‌ڵكوو هه‌وڵێكی فریوكارانه‌یه‌ بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵك بۆ پای سندووقه‌كانی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان.

كۆتایی هێنان به كێشه‌ و دیارده‌كانی وه‌ك بێ خانه‌ولانه‌ییی، كارتۆن خه‌ویی، گۆڕخه‌ویی و هه‌روه‌ها نه‌بوونی مه‌سكه‌ن و ماڵ و حاڵێكی شیاو، ته‌نها ده‌توانێت به‌رهه‌می خه‌باتێكی یه‌كگرتوو و به‌هێزی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش بێت. ده‌بێ له‌ڕێگه‌ی هێزی خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌وه‌، ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ ناچار بكرێت كه‌ سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رهه‌می زه‌حمه‌ت و كار و كۆششی كرێكاران، بهێنێته‌ خزمه‌ت دابینكردنی بیمه‌ی بێكاریی، ڕفاه و ئاسووده‌یی و خزمه‌تكوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و دابینكردنی مه‌سكه‌نی گونجاو بۆ هه‌مووان. ئه‌گه‌ر خه‌باتێكی سه‌رتاسه‌ریی، یه‌كگرتوو و به‌هێز له‌ئارادا نه‌بێت، هیوایه‌كیش بۆ كۆتایی هێنان به‌ دیارده‌ی كارتۆن خه‌ویی و كه‌مبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی بێ مه‌سكه‌نیی بۆ جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش له‌گۆڕێدا نابێت.