گۆڕێکى به كۆمهڵ، کە ڕووفاتی ٨٠ ھاوڵاتی ئێزدی دانیشتووى گوندی “حهردانی” سنوورى شارۆچکەى شەنگالى تێدابوو و لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لە لایەن چەکدارانی داعش ئەنفاڵ کران، هەڵدرایەوە.
بەگوێرەی بەرنامەیەک، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسایەتیە ئێزدییەکان دانرابوو، کاتژمێر ١٠ ى بەیانى ڕۆژی ڕابردوو لە مەراسیمێکدا بە بەشدارى “بابا شێخ ئەلى شێخ ئەلیاس” و بەشێکى زۆر لە هاوڵاتیان و بە ئامادەبوونى بەرپرسانى عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، گۆڕێکى بە کۆمەڵ لە گوندى حەردان، کە تەرمى ٨٠ هاوڵاتى ئێزدى تێدابوو هەڵدرایەوە. لەپاش هەشت ساڵ لە فەرمانی ٣ی ئابی ئێزدییەکان لە ساڵى ٢٠١٤ دا، کە تیایدا چەکدارانی داعش، شەنگال و چەندین ناوچەى دەوروبەرییان کۆنتڕۆڵکرد و بەهۆیەوە هەزاران کەس ڕفێنران و کوژران و بێسەروشوێن کران، تا ئێستاش چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە کە ڕووفاتى ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەیان تێدا دۆزیوەتەوە.
