لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دێموکرات کەوتوونەتە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و نیزامی خۆیان. ئەو هێزەی کە لە سوریا پایەی سەرەکی شکستی داعش بوو و هاوکات ئەزموونێکی لە خۆبەڕێوەبەریی لۆکاڵیی بنیاتنا، ئێستا لەگەڵ سێ گوشاری یەکلاکەرەوە بەرەوڕووە: گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی لە دیمەشق، پەرەسەندنی کاریگەری و گوشارەکانی تورکیا و هەروەها ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا لە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونە درێژماوەکانی لە ناوچەکە. لە مانگی مارس دا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دێموکرات و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سوریا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئامانج لێی بریتی بوو لە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ پێکهاتە نیزامی و مەدەنییەکانی سوریا تا کۆتایی ئەمساڵ. بەڵام سەرەڕای نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراو، لە ڕاستیدا ڕێککەوتنەکە بەکردەوە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناکۆکییەکان لەسەر پرسێکی سەرەکی ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە، ئایا هێزەکانی سوریای دێموکرات دەتوانن وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بمێننەوە یان دەبێت بەسەر لیواکانی سپای سوریادا دابش بکرێن؟ ئایا لە پێکهاتەی ئەرتەشی سوریادا کە پێکهاتەیەکی پیاوانەیە، جێگایەک بۆ یەکە چەکدارەکانی ژنان بوونی دەبێت یان نا؟. هاوکات شەڕ و پێکدادان لەو بەشانەی کە سنووری نێوانی ئەو هێزانەیە، بەتایبەت لە دەوروبەری خاڵە ستراتیژییەکانی وەک بەنداوی تشرین هەروا بەردەوامە و هەردوولا یەکتر بە پەرەپێدان بە گرژییەکان تۆمەتبار دەکەن. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە ڕێککەوتنەکە لەبری ئەوەی ڕێگایەک بێت بۆ چارەسەر، بووەتە مەیدانی وتووێژ و دانوستانی لاواز و بێ ئاکام کە دەتوانێت لە هەر ئان و ساتێکدا ببێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەیەکی بەربڵاو.
شۆڕای دێموکراتیکی سوریا، واتە باڵی سیاسی هێزەکانی سوریای دێموکرات (هەسەدە)، ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی پێشنیازکراوی دەوڵەتی کاتی بەتەواوەتی ڕەتکردۆتەوە و ئەو یاسایەی وەک “فۆرمێکی نوێی پاوانخوازی” ناو بردووە، ڕەشنووسێکی کە بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتی ناوەندیدا، دەسەڵات و ئیختیارێکی ئێجگار زۆر بە دەسەڵاتی جێبەجێکار دەبەخشێت و هەر چەشنە چالاکییەکی سیاسی (لەوانە قەدەغەکردنی دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ) بەرتەسک دەکاتەوە و ڕێگا بۆ پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان و جێگیربوونی دیکتاتۆرییەکی نوێ لەبری دیکتاتۆرییەتی پێشوو خۆش دەکات. ئەم بۆشاییە دەریدەخات کە مەسەلەکە تەنیا نیزامی نییە، بەڵکوو ناکۆکییەکە لەسەر سروشت و چۆنیەتی دەوڵەتی داهاتووی سوریایە. ستراتێژی نوێی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئیدارەی ترامپ ئاماژەیە بۆ کەمکردنەوەی گرنگیدان و تەرکیزی نیزامی ئەمریکا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونە درێژماوەکانی. ئەم ستراتێژە پەیامێکی ڕوونی پێیە بۆ هێزەکانی سوریای دێموکرات، ئەویش بریتییە لە کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەکانی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە بەرگریکردن لە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا. لە وەها بارودۆخێکدا، ئەولەویەتەکانی ئەکتەرە ناوچەییەکانیش لەوانە ئیسرائیل، سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هتد… گۆڕانکاری بەسەردا دێت. تەرکیزی ئەم هێز و لایەنانەش بە پەیڕەویکردن لە سیاسەتی ئەمریکا، دەچێتە سەر یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا نەک پاراستن و پشتیوانی لە قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەر یان فیدراڵ لە کوردستانی سوریا.
مەسەلەی هێزەکانی سوریای دێموکرات بۆ دەوڵەتی تورکیا، وەک پرسێکی گرنگی ئەمنییەتی نیشتمانی چاوی لێدەکرێت، لە کاتێکدا بۆ دەوڵەتی ئەمریکا لە پاڵ ئەولەویەتە گەورەکانی تردا بە پرسێکی لاوەکی دادەنرێت. ئەم ناهاوسەنگی هێزە، دەستی تورکیا ئاواڵاتر دەکات بۆ گوشارخستنە سەر هێزەکانی سوریای دێموکرات، بەتایبەتی کاتێک وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: “سەبر و تەحەمولی دەوڵەتی تورکیا خەریکە تەواو دەبێت” و لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکیا خوازیاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی مارسە. دەوڵەتی تورکیا هێزەکانی سوریای دێموکرات بە پاشکۆ و درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت و داوا دەکات کە بەتەواوەتی لە چەک دابماڵدرێن. هەرچەندە پەکەکە خۆی چووەتە ناو پرۆسەی چەکداماڵین، بەڵام هەسەدە ڕایگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە هێزەکانی ئەوان ناگرێتەوە. دەوڵەتی تورکیاش بە ئاشکرا باسی لە سنوورداربوونی سەبر و تەحەمولی خۆی کردووە و گوشار دەخاتە سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی مارس. هاوکات هێرشەکانی تورکیا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی لاوازکردنی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە مەدەنییەکان و ناچارکردنی خەڵک بە جێهێشتنی ناوچەکە، ئاستەنگەکانی بەردەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی پەرەپێداوە.
بێ گومان هەسەدە لە ڕووی ڕێکخستن و ئەزموونی نیزامییەوە هێزێکی جدییە. بەڵام کێشەی سەرەکی لەمڕۆدا بریتییە لە نەبوونی گەرەنتییەکی باوەڕپێکراو بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا. تەنانەت ئەگەر پێشنیار گەلێکی وەک تێکەڵکردنیان لەچوارچێوەی چەند لەشکردا و پێدانی پۆست و پلە و پایەی فەرمی، یان هەندێک مافی فەرهەنگی بێننەگۆڕێ، بەڵام هێشتا نیگەرانییەکی سەرەکی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە نیزامی و سیاسییە سەربەخۆیەی ئێستا، چ گەرەنتییەک هەیە بۆ دابینکردنی ئەمنییەت، مافە سیاسییەکان، دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد و جێگە و پێگەی ژنان لە پێکهاتە نیزامی و کۆمەڵایەتییەکان، لەکاتێکدا ئەرتەشی سوریا لە بنەڕەتدا پێکهاتەیەکی بە تەواوی پیاوانەیە. لە سەردەمی “دوای ئەمریکا”دا، بژاردەکانی بەردەم هەسەدە خێراتر لە جاران سنووردار دەبێتەوە. درێژەدان بە دۆخی ئێستاش تێچوویەکی زۆری دەوێت و کارێکی دژوارە. تێکەڵبوونی بەپەلەش دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستچوونی بە شێنەیی هێز و گەڕانەوەی سەرلەنوێی هەیمەنە و دیکتاتۆری دەوڵەتی ناوەندی. توندبوونەوەی گوشارەکانی تورکیا لە ئەگەری کەمبوونەوەی پشتیوانی ئەمریکا، مەترسی ئاوارەبوون و وێرانکاری بەربڵاو لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دێموکرات پەرە پێدەدات. چارەسەر و یەکلاییکردنەوەی سیاسیی بەبێ بوونی گەرەنتییەکی ڕاستەقینە، دەتوانێت بە خێرایی دەستکەوتی چەند ساڵەی ئەزموونێکی ناوازە لە خۆبەڕێوەبەریی تووشی پاشەکشە بکات. ئەم ئەزموونە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە داڕشتنی کۆمەڵێک یاسا لەبواری یەکسانی ژن و پیاو، بەشداری ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، یەکسانی یاسایی نەتەوە و ئایینەکان و ئازادییە سیاسییەکان، توانیویەتی ئیلهامبەخش بێت. هەر ئەم تایبەتمەنیانەن کە ئەو ئەزموونە لە زۆرێک لە ڕێکخستنە تەنیا نیزامییەکان جیا دەکەنەوە و هاوکات دەیکەنە ئامانجی گوشارەکان، چونکە هەسەدە نەک تەنها هێزێکی چەکدار، بەڵکوو مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی–سیاسیشە.
هێزەکانی سوریای دێموکرات دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش و بەڕێوەبردنی بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئێستا کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە پرسی سەرەکییان نەک تەنها هێز و توانایی نیزامی، بەڵکوو گۆڕینی ژینگەی سیاسی ناوچەکەیە. ڕەوتێکی کە بەرەو گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی و بەرتەسککردنەوەی هەرچی زیاتری فەزا لە جەماوەری ستەملێکراو دەڕوات. لە کەشێکی ئاوادا بزووتنەوەی ڕۆژئاوا تەنانەت ئەگەر کارامە و ڕێکخراو و خاوەن شەرعییەتی کۆمەڵایەتیش بێت، لەگەڵ گوشاری هەرچی زیاتر بۆ تێکەڵبوون و توانەوە لە پێکهاتەی سیاسی و نیزامی دەوڵەتی ناوەندیی دا بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەزموونی بەڕێوەبردنی دێموکراتیکی کاروباری ئەم ناوچەیەی سوریا، بە هەوڵ و هیمەتی ئەو ژن و پیاوانەی کە بڕیاریان داوە چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن، بۆ دەوڵەتی تورکیا تەحەمول ناکرێت. ئەوان بە ئازایەتی و فیداکارییەکی بێهاوتا هێزێکی وەک داعشیان تێکشکاند و ناوچە ئازادکراوەکانیان بۆ دانیشتووانەکەی کردە دەڤەرێکی تاڕادەیەک ئارامتر لەچاو باقی ناوچە وێران و نیمچە وێرانبووەکانی سوریا. ئەم ئەزموونە و ناوبانگە جیهانییەکەی، لەو ڕووەوە کە ژنان و پیاوانی کوردستانی سوریا لە سەنتەری دا بوون، بەردەوام وەک دڕکێک لە چاوی ئەردۆغاندا بوو. ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ هێرشی کردۆتە سەر ئازادی و مافی بەڕێوەبردنی ژیانی ئەو خەڵکە و لە دۆخێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، لایەنگریی لە دەوڵەتی تورکیای پێی باشترە لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوا، تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان.
