کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دوواین ئاڵقەکانی هەڵبژاردنی موهەندیسی کراوە، بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەردوو مەجلیس تەواو بوو

 هەڵبژێردرانی جەننەتی و لاریجانی وەک سەرۆکی دوو مەجلیسی خوبرەگان و شوڕای ئیسلامی، بۆ ئەوانەی کە تووشی نەخۆشی چەند لایەنەی خۆ فریودانن، ڕووداوێکی ناخۆش بوو. ئەم دوو کەسە، هەردووکیان لە سیما دیارەکانی سەربە خامنەیی و سپای پاسداران، واتە لە باڵی ناسراو بە ئوسولگەراکانن. ئەم گروپە کەسە بە بینینی ڕواڵەتی ئاکامی شانۆگەری هەڵبژاردن، شانازیان بەخۆیانەوە دەکرد کە بە هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنەدا، گۆیا توانیبویان هاوسەنگی هێز بە قازانجی باڵی بەقەولی ئەوان ” کەمتر خراپی” ڕژیم بگۆڕن. لێرە و لەوێ بە فەخر فرۆشیەکی ساویلکانەوە، باسیان لە سەرکەوتنی ” تاکتیکی سیاسی خۆیان” دەکرد. بەڵام هەر ئەو کاتە، چ پێش و چ دوای ” هەڵبژاردن” وتمان کە هاوسنگی هێزی ڕاستەقینەی نێوان دوو باڵی حکومەتی، واتە خاوەنانی دوو ستراتێژی جۆاراوجۆر بۆ پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی، نە لە رۆژی هەڵبژاردندا و لە ڕێگای ئەم جۆرە سندوقی دەنگانەوە، بەڵکوو لە دەرەوەی، واتە لەو جێگایەی کە هێزە ڕاستەقینەکانی بەدەست هەردوو باڵەکەوە، دەکەونە بواری کرداریەوە، دیاری دەکرێت.ئێمە وتمان کە ئەم شانۆگەریە کە بۆ ڕوایەتیدان بە سیاسەت و کردارەکانی نیزامێک کە پایەی حاکمیەتەکەی لەسەر بێ مافی خەڵک داندراوە، وتمان کە ئەم حاکمیەتە نایەوێ یان ناتوانێ بۆ مانەوە و درێژەدان بە بوونی خۆی مافەکانی خەڵک، ئارامی و ئاسایش و ئەمنیەتیان بپارێزێ. وتمان حاکمیەت و باڵی زاڵتری واتە خامنەیی و بەیت و سپاکەی، بە ئەهرومە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی نیزامی و ئەمنیەتی و ئابووریەکی کە لەبەر دەستیاندایە، ئیمکانی خۆ دەرخستن و حوزوری کاریگەر لە مەیدانی سیاسیدا تەنانەت بە باڵەکانی نیوخۆی حکومەتیش نادەن، چ بگات بە نوێنەرانی بەناو ” سەربەخۆ و خۆشناو”. وتمان پەرەدان بەم جۆرە خۆشباوڕیانە بۆ ڕەوتە سیاسیەکان شتێک نییە بێجگە لە تەسلم تەڵەبی سیاسی.731
لەمرۆدا ڕازێنەرەوانی شانۆی هەڵبژاردنێک کە دوێنێ خەڵکیان بۆسەر دووڕێیانی هەڵبژاردن لە نێوان ” خراپ و خراپتر”دا بۆ بانگەواز دەکرد، قسەیەکیان بۆ وتن نییە. ئەوان خزاونەتە قاوغی خۆیانەوە تا لە دەرفەتێکی تردا ڕێگایەکی دیکە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە بدۆزنەوە.
بزوتنەوەی ئیسلاحاتی حکومەتی ناسراو بە دووی خورداد و دواتر” بزوتنەوەی سەوز” و دوای ئەویش سەرهەڵدانی حەرەکەتی ” ئیعتیدال” ی دەوڵەتی رۆحانی، بە گشتی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی خۆیاندا دەیانویست لە ئامادە بوونی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئامرازێک بۆ دەرهێنانی ڕژیمی ئیسلامی لە قەیران دروست بکەن. ئەوان دەیانویست بزوتنەوە ڕاستەقینەکان کۆنترۆڵ بکەن، و کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی لە چاوەڕوانی پێهاتنی ئاڵوگۆڕ لەسەرەوە، قین و بێزاری و نەفرەتیان کپ بکەنەوە. لەم پێوەندیەدا جەریاناتی تەسلیم تەڵەب کە بەردەوام چاویان لەسەرەوەیە تا بەڵکوو لە کەلێنەکانی دەسەڵاتدا جێگایەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بە بیانوی جۆراوجۆر خەڵکیان بۆ چاوەڕوان مانەوە و بێ باوەڕی بە هێز و ئیمکاناتی خۆیان بۆ دروست کردنی ئاڵوگۆڕ لە ژیاندا هان داوە و هان ئەدەن. هان دانی خەڵک بۆ بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردندا نمونەی بەرچاوی ئەم جۆرە سیاسەتە بوو.
دوای چەندین حەفتە حەدس و گومان و یاری تەبلیغاتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری و سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، و قسە کردن لە توانایی باڵە جۆراو جۆرەکان لەم دوو مەجلیسەدا، سەرئەنجام بە هەڵبژێردرانی جەننەتی و لاریجانی بە دەنگی زۆرینە بۆ سەرۆکایەتی مەجلیسی خوبرەگان و مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، هێڵی سووری بەتاڵکەرەوە بەسەر چاوەڕوانیە خەیاڵاویەکانی ئەوانەدا کە دڵیان بەم جۆرە یاریە ناسراوانە لە ئاستی باڵای حکومەتیدا خۆش دەکەن، کێشرا.
هەڵبژێردرانی جەننەتی و لاریجانی بە سەرۆکی دوو مەجلیسی خوبرەگان و شوڕای ئیسلامی نیشانیدا کە باڵی زاڵ لە ڕژیمی ئیسلامیدا بە چ دیقەت و وردەکاریەکەوە شانۆگەری هەڵبژاردنی تا کۆتایی ئاڵقەکانی موهەندیسی کردوە. چلۆن بەشێک لە خەڵکی ناڕازی کە لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریان کردبوو، بە هیوا بەوەی کە گۆیا ئیسلاحخوازەکان کۆنترۆڵی قوەی یاسادانانیان بەدەستەوە گرتوە، لە بیاباندا ناردوە بەشوین سەراودا.
چ بەر لە ” هەڵبژاردن” کە فریوکارانە خەڵکیان دەنارد بەشوێن تراویلکەی هەڵبژاردن لەنێوان ” خراپ و خراپتردا” و چ دوایەش کە پێکهاتەیەک لە ” ئوسولگەراکان” و ” لایەنگرانی ئیعتدال”و ” سەربەخۆکان” لە سندوق سەریان دەرهێنا، بەگشتی دیاردەکان دەرخەری ئەوە بوون کە باڵی زاڵ خەریکی یاریەکی ڕێكخراو و بیرلێکراوەیە. ئاشکرا بوو کە ئەوان لەپاڵ لەدەستادا بوونی ئەهرومەکانی دەسەڵات واتە هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکان و ئابووری، لە کۆتاییدا چاوپۆشی لە کۆنترۆڵ کردنی دەسەڵاتی یاسادانان و قەزاییەش ناکەن. بەڵام لە هەمانحاڵدا ڕێگا بۆ فریوکاریەکانی دواییش دەکەنەوە.
ڕاستیەکی ئەوەیە کە بە بەڵگەی گەلێک دیاردە، نیشانەکانی سەرهەڵدانی حەرەکەتێکی بەرینی جەماوەری لە ناخی کۆمەڵگای ئێستادا، لەنێو جەرگەی بارودۆخێکی دژواردا کە حاکمیەتی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندوە دەکرێ بەدی بکەین. پەرەسەندنی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنەکان لە پێوەند لەگەڵ خەڵکدا و هەڵپژان بەسەروسەکوتی یەکتردا لە پێوەند لەگەڵ ناکۆکیە نێوخۆییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک کە بەردەوامی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی زەمانەت بکات، دەرخەری سەرلێشێواوی خاوەنانی دەسەڵاتە. کۆمەڵگای ئێران لە ناخەوە دەکوڵێ و بە شوێن کەلێنێکدا دەگەڕێ بۆ بڵێسەساندن. لەمرۆدا ئەگەر حاکمیەت توانیویەتی خۆی لەژێر باری قورسی نەفرەت و بێزاری گشتیدا هەروا بەسەر پێوە ڕابگرێت، تەنیا بەم هۆکارەیە کە هێزی خەڵکی ناڕازی لە بارودۆخی مەوجود، پڕژوبڵاوە و هێشتا ڕێگاکەیان نەدۆزیوەتەوە. بۆ دەرچون لەم بارودۆخە، حوزوری ڕێکخراوی چینی کرێکار، وشیاری، تەشەکول و ڕێبەریەکی سیاسی جێی باوەڕ پێویستە.