کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێ ئاكام بوونی وتووێژەکانی ئاشتیی سوورییە لە ژێنێڤی٤

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ ی مانگی ڕەشەمە دەوری تازەی ” وتووێژەکانی ئاشتی سوورییە” ناسراو بە کۆنفرانسی ژێنێڤی٤، بە نێوبژیوانی “دیمستۆرا” نێردەی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە کاروباری سوورییەدا، لە ژێنێڤ دەستی پێکرد. قەرارە ئەم دەورە لە وتووێژەکان تا ڕۆژی هەینی ١٣ ی مانگی ڕێبەندان بەردەوام بێت. لە وتووێژەکانی ژێنێڤی٤ دا بۆ یەکەم جار نوێنەرانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هەیئەتی نوێنەرایەتی هاوبەش لە لایەن بەشێک لە ئوپۆزسیۆنی سوورییە ڕاستەوخۆ و لە ژوورێکدا بەیەکەوە کۆبوونەوە.

پێکهاتەی شاندی ئوپۆزسیۆن لەم وتووێژانەدا بەتەواوەتی دەستەبژێر و ئاکامی ئێعمالی نفوزی دەوڵەتانی ناوچەکە لەوانە تورکییە و عەڕەبستان بووە. ئەندامانی ئەم شانده‌ لە نێو گرووپە پەڕاوێزخراو و بێ کاریگەریەکانی سەربە دەوڵەتانی ناوچەکەدا دیاری کراون. بەشێکی گرنگ لە هێزە سەرەکییە دەرگیرەکانی گۆڕەپانی شەڕ، لەم وتووێژانەدا غایبن. سروشتییە ئەگەر نە داعش خۆی ئامادەی بەشداری کردن لەم وتووێژانەدا بێت و نە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بەشیوەی شاراوە یارمەتی ئەدەن، داوا کردن لەم ڕەوتە بۆ بەشدار بوون لە یەکلایی کردنەوەی داهاتوی سوورییە، کارێکی مومکین بێت. بەڵام بۆچی جەریانێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی جەماوەری و هێز لە مەیدانی شەڕ و کێشمەکێشە سیاسیەکانی سوورییە وه‌كوو “په‌یه‌ده‌” بانگهێشت نەکراوە و بە جێگای ئەوان گوروپێکی لاواز و کەم نفوز بانگهێشت کراون.

ئەم کۆنفڕانسە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئاگربه‌سی ڕاگەیەنراو لە لایەن ڕووسییەوە لە به‌رواری ٨ ی مانگی ڕێبەندان، له‌ ناوچەیەکی بەرینی کە لەژێر کۆنترۆڵی گوروپە توندڕەوە ئیسلامییەکاندایە، بەڕێوەنەچووە و تا ئێستا شەڕ و کوشتار لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا بەتوندی دەرێژەی هەیە. لە لایەکی دیکەوە هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ هه‌ر كامه‌یان به‌ شێوه‌یه‌ك، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌ وڵاتی سووریه‌ هه‌یه‌، له‌ پێناوی دابین بوونی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ و بۆ حیساب لێك ده‌ركردن بە کردەوە کۆسپ دەخه‌نه‌ بەردەم وتووێژەکان و بەرقەرار بوونی ئاشتیی. کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵا و دەوڵەتی بەشار ئەسەد کە کۆتایی شەڕ و بە زیانی خۆیان دەبینن، بە هێنانه‌گۆڕی کۆمەڵێک مەرج و بیانوو بە کردەوە کارشکێنی دەکەن. تا ئەو جێگایەی کە دیمستۆرا وەتی ” هیوادارم کە هەڵوێستی ڕووسییە ئەرێنی و بە قازانجی خەڵکی سوورییه‌ بێت و پابەندی ئێرانییەکان نەبێت کە بۆ لەبار بردنی هەموو جۆرە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتیی لە سوورییە لە هەوڵدان.”59 1

لە بارودۆخێکدا کە لە تەرحەکەی “دیمستۆرا”دا باس لە ئیمکانی پێكهاتنی حکومەتی ئینتیقالی، بەڕێوەچوونی هەڵبەژاردن و ئامادە کردنی ڕەشنووسی قانونی بنه‌ڕه‌تیی کراوە، هەیئەتی ڕژیمی ئەسەد بۆ بە بۆنبەست گەیاندنی ئەم وتووێژانە پێداگری لەسەر ئەولەویەتدان بە بابەتی لە جۆری بە تیرۆریست ناساندنی گورووپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات. ئەم هەڵوێست گرتن و هەڕەشەی بەشار ئەسەد سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بست بە بستی خاکی سوورییە لە گوروپە تیرۆریستییەکان لە کاتی وتووێژەکاندا، خۆی هۆكاری مه‌یلی ئەم ڕژیمەیە بۆ شکست پێهێنان و بێ ئاکام کردنی وتووێژەکانی ژێنێڤ. ئێستا دوای دوو دەور دانشتین لە ئاستانە و تێپەڕ بوونی حەفتەیەک لە دەست پێکردنی دەوری چوارەمی کۆبونەوەکان لە ژێنێڤ هێشتا هیچ بەرەو پێشەوە چوونێک تێیدا بەدی نەهاتوە. ڕیزبه‌ستنی زل هێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە لە شەڕی ٦ ساڵەی سوریەدا لەسەر قازانج و بەرژەوەندییەکانیان نە تەنها ئاگری شەڕی ماڵوێرانکەری سوورییە دانامرکێنێتەوە بەڵکوو بڵێسەدار تریشی ده‌كات.

هەر لەم پێوەندەدا ڕۆژی سێشەممە ١٠ ی مانگی ڕەشەمە ڕووسییە و چین بۆ حەوتومین جار بڕیارنامه‌ی پێشنیار کراوی ئه‌مریکا، ئینگلیس و فەرانسەیان لەدژی دەوڵەتی سوورییە لە شوڕای ئەمنیەت ویتۆ کرد. ئەم بڕیارنامه‌یه‌ کە خوازیاری پەیڕەو کردنی مەحکومیەت و گه‌مارۆی زیاتری بەرپرسانی دەوڵەتی سوورییە بوو، لە لایەن ئەم سێ دەوڵەتەوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر بۆسەر سوورییە بە مەبەبستی سازش و ئیمتیازدان لە وتووێژەکانی ژێنێڤی٤ دا برایە شوڕای ئەمنییەت. پوتین لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا ئاشکرای کرد کە گه‌مارۆی دەوڵەتی سوورییە زه‌ره‌ر به‌ وتووێژەکان ئه‌گه‌ێنێ. بەم هۆیەوە ئێمە ویتۆی دەکەین.

یەکێکی دیكه‌ لەو هۆكارانەی کە قەیرانی سوورییەی توند تر کردۆتەوە لەشکرکێشی تورکییەیە بۆ باکوری سوورییە. ئامانجی ئەم کردارە داگیرکارانەیە لە پله‌ی یه‌كم دوژمنایەتی لەگەڵ حاکمیەتی دێمۆکراتیکی ڕۆژئاوا لە هەرسێ کانتۆنی جیزە، کۆبانی و عەفرینه‌. دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکییە بەم بیانووە کە حه‌ڕه‌كه‌ی ڕۆژئاوا له‌ سوورییه‌ هەڕەشەیە بۆ ئەمنییەتی تورکییە بەردەوام لەهەوڵی پیلانگێڕی له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی دێمۆكراتیكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌. لەگەڵ هاتنە سەرکاری ترامپ ململانێ نێوان ئه‌مریكا و ڕووسییه‌ش له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ر كردنی به‌شی زیاتر بۆ خۆیان په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. ئاڵترناتیوی حکومەتێکی کە ئه‌مریكا و دەوڵەتانی ناوچەكه‌ وەک عەڕەبستان و تورکییە و قەتەر بۆ داهاتووی سوورییە لە نەزەریاندایە، حکومەتێکی لە جۆری عێڕاقی ئێستایە. حکومەتێک کە ئەرکانی دەسەڵات و سەروەت تێیدا لەسەر بنەمای فێرقە، تایەفە، مەزهەب و ئەحزاب و جەریاناتی سەربەواندا دابەش بێت. پێکهاتنی وەها دەوڵەتێک نە تەنها ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵک دروست ناکات بەڵکوو دەشبێتە هۆی درێژە و توند بوونەوەی شەڕ و خوێنڕشتن و جەنایەتی زیاتر. وەک ئەوەی ئێستا و دوای ١٤ ساڵ لە ڕووخانی ڕژیمی سەدام لە عێڕاقدا دەیبینین.

بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا لەگەڵ وەزعەتێکی نالەبار کە بەهۆی دخاڵەتی زل هێزە ئیمپڕیالیستییەکان، دەوڵەتانی ناوچەکە و گورووپە جەنایەتکارە ئیسلامییەکانی کە لە لایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ خەڵکی سوورییە بەدی هاتووە، ڕەنگە تەنها ڕێگه‌ی مومکین بۆ ڕزگار بوون لێی پەیڕەوی کردن بێت لە ئۆلگو و نمونەی حاکمیەتێک کە لە کوردستانی سوورییە خەڵک بۆ خۆیان دروست کردوە. حاکمیەتێک کە لە پێكهاتنی دا هەموو خەڵک بە دوور لە جیاوازیە نه‌ته‌وه‌یی، ڕەگەزیی، مەزهەبی و جنسیەتیی، بە شێوەی دێمۆکراتیک تییدا بەشدارن.

ده‌سه‌ڵاتێك کە سەرجەم به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ قه‌زایی و ئیدارییه‌وه‌ لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیکدا و لە خوارەوە بۆ سەره‌وه‌ هەڵدەبژێدرێن. ده‌سه‌ڵاتێك کە تێیدا یەکسانی حوقوقی و حەقیقی ژنان و پیاوان بە پێی بەیانییەی مافەکانی ژنان بەڕەسمیەت ناسراوە. حاکمیەتێکی سیکۆلار و غه‌یه‌ر مەزهەبی کە سەرچاوەی قانونەکانی نەک شەرع و مەزهەب بەڵکوو لەسەر بنەمای مافی یەکسانی تاک بە تاکی دانیشتوانی کۆمەڵگە بۆ دخاڵەت لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیاندا بنیات نراوە. حاکمیەتێک کە ئەمنییەت و مەجودییەتی لە لایەن ئۆرگانە چەکدارە جەماوەرییەکانی هەڵقوڵاو لە ئێرادەی خەڵکەوە بپارێزرێت و دیفاع لە دەستکەوتەکانی بکات وەک ئەوەی لە کۆبانی بینیمان. ده‌سه‌ڵاتێك کە بە هێزی جەماوەری خەڵکی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە نێوخۆدا پشت ئەستور و پاڵ پشت و پشتیوانەکانی لە نێو ئینسانە پێشڕەو و پێشکەوتوەکان، چەپ و کومونییستەکانی سەرتاسەری دنیادا بدۆزێتەوە.