خەباتی کرێکاران، موعەلیمان و پەرهستاران لەم مانگانەی دواییدا نیشانیاندا کە سەرەڕای ئەو لاوازی و کەموکوڕیانەی ئێستا هەیانە، خاوەنی ئەو زەرفیەتەن کە ببنە هێزێکی کاریگەر لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ئێران. ئەوەی کە لە یەکەم روانیندا لەم حەرەکەتە ناڕەزایەتیە بەرچاو دهكهوێت، زیاد بوونی رێژەی وشیاری ناڕازیانە کە لە رێکخستنی حەرەکەتی ناڕەزایەتی و لە تەرح کردنی داواکاریەکانیاندا خۆی دەردەخات. ئەوەی دەیبین بە دیقەت و وشیارانە هەوڵ ئەدرێت توانایی مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەرتەسک بکاتەوە، پەیگیری تەرح کردنی ویست و داواکاریەکانی بێت، یەکێتی دەروونی خۆی بپارێزێ، هەموو ئەم تایبەتمەندیانە لە راستیدا مەسیری بە فێعل دەرهاتنی زەرفیەتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری نیشان ئەدات.
بهكردهوه دهرهێنانی سیاسەتی ریازەتی ئابووری دەوڵەتی رۆحانی، لەسەر بنەمای نوسخەکانی سندوقی نێودهوڵهتی دراو و بانکی جیهانی، بەتوندی پەرەی بە ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی بێبەش و زۆرلێکراو داوە و زەمینە عەینیەکانی دەرکەوتن و وەجوڵە کەوتنی ئەم ناڕەزایەتیانەی بەهێزتر کردووە. دەوڵەتی رۆحانی، لە چوارچێوەی سیاسەتە ئابووریەکانی، لە بودجەی ئەمساڵدا، بۆ زیاد کردنی راستەقینەی حەقدەستی کرێکاران و کارمەندانی بەشە جۆراوجۆرەکان، ئیعتیباراتی ماڵی لەبەرچاو نەگرتووە.ئیعتیبارات زۆرتر بۆ ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامیەکان و باقی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی تەرخان کراوە. بڕیاری شورای باڵای کار لە بابەت حەقدەستی ئەمساڵی کرێکاران و مامناوەندی حقوقی کارمەندان لەمساڵدا، سەلمێنەری ئەم راستیەیە کە ئەمساڵ هەروا لەسەر رەواڵی رابردوو دەرۆن و دەوڵەت بەهیچ شێوەیەک بەنیاز نییە بۆ باشتر کردنی بارودۆخی کرێکاران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگا سەری کیسەکەی شل بکاتەوە. بە ئیجرا کردنی فازی سێی تەرحی هەدەفمەند کردنی یارانەکان، نرخەکان بەدوای رێكهوتنی هەستەیی لە لۆزان، دوای راوهستانێكی کورت سەرلەنوێ بەرز دەبنەوە. ئەم بابەتە، زیاتر لە رابردوو فەزاکە بەرەو سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر دەگۆڕێت. کەلێنەکانی سەرچاوەگرتوو لە رقابەتی باڵەکان لە پێوەند لەگەڵ قەیرانی هەستەیی و هەروەها کێشمەکێشی نێوخۆی رژیم لە سەروبهندی نزیک بوونەوە لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی مەجلیس، رژیمی ئاسیب پەزیرتر و دەرفەتی لەبارتر دەنێتە بەردەست هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکانی بزوتنەوەکانی ناڕەزایەتی بۆ پەرەدان بە بزوتنەوەی متالباتی.
راستیەکی بەرچاتری دیکە ئەوەیە کە ڕژیم لەپاڵ رووبە روو بوونەوی سەرکوتگەرانەی راستەوخۆ بۆ لەغاو و کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتیەکان، دەستیشی داوەتە سەرکوتی نەرم، واتا فریوکاری و دانی وەعدە و بەڵێنی بێ ناوەرۆک، پەرەدان بە رۆحیەی ئینفیعالی و بێ تەفاوەتی لە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا، ئیجادی کەش و هەوای چاوەڕوانی لە کۆمەڵگەدا. ئەم ئاراستە گرتنەی دەوڵەتی رۆحانیش دەبێ لە لایەن هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیەوە لە ئێران بدرێتەبەر سرنج. سیاسەتەکانی رژیم بە سرنجدان لە هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە ئارادان و هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتە گشتیەکانی رژیم لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیدا بهرنامهڕێژی و ئیجرا دەکرێن. لەم پێوەندەدا هەموو هەوڵی دەزگاکانی حکومەت، بەرگرتنە لە قوڵ بوونەوەی خەباتی ناڕەزایەتی، دەرنەچونی بزوتنەوەی کرێکاری لە حاڵەتی بەرگری و بەرگرتن لە سەرتاسەری بوونەوە و پێوەندی گرتن لەگەڵ باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. لەم روەوەیە کە خانەی کارگەر، کانونی باڵای شورای ئیسلامی کار و هەموو ئۆرگان و دەزگاکانی سەربە حکومەت و پێوەندیدار بە مەسایلی کرێکاریەوە، بە بەرنامەیەکی دەقیق، هەموو هێز و ئیمکاناتی خۆیان بۆ راگرتنی بزوتنەوەی کرێکاری لە حاڵەتی بەرگریدا خستوەتە کار. داسەپاندنی ئاستێکی دیاریکراو لە داواکاری و بەسەر حەرەکەتی ناڕەزایەتیدا و دەنگدانەوە تەبلیغاتیەکەی بە ئامانجی هێنانەخواری ئاستی تەوەقوعات و چاوەڕوانیەکان، لە زومرەی ئەو شگردانەیە کە لە لایەن خانەی کارگەر، ئاشکرا و شاراوە بە وردی پەیگیری و ئیجرا دەکرێت.بەڵام نارەزایەتی قوڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و پەرەسەندنی حەرەکەتی ناڕەزایەتی لەم دەورەی دواییدا، سەرەڕای سینفی بوونی داواکاریەکانیان، بەکردەوە فەزای سیاسی کۆمەڵگای خستۆتەژێر کاریگەریەوە و رژیمیش بەم ئیعتیبارەوە هەڵیان دەسنگێنێ و لە بەرانبەریاندا سیاسەت دەگرێتەبەر. بەم هۆیەوەیە کە دەبینین رژیم بەرنامەی کۆنترۆڵ کردنی ئەم بزوتنەوانەی لە ئاستی جۆراوجۆردا ئامادە کردوە. وەکارکەوتنی ماشێنی ئینسان کوشتنی کۆماری ئیسلامی لەدژی مەحکوم کراوانی دادگا ئاساییەکان کە ماوەیەکی زۆرە ئەوانی لەژێر تیغی ئێعدامدا لە چاوەڕوانیدا راگرتوە، توند کردنەوەی گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوراوانی کرێکاری و مەدەنی، لە زومڕەی بەشە جۆراوجۆرەکانی سیاسەتێکن. بۆ ڕژیمی ئیسلامی، بێدەنگی شێوە گۆڕستانی مەتڵوبە و ئەگەر بیتوانیبا، وەک دەیەی خوێناوی شەست و سەرکوتی بەردەوام لە شوێنە کرێکاریەکان، ئیجازەی هەناسەدانی بە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بەگشتی خەڵکی ناڕازی نەئەدا.بەم پێیە، دەبێ بە هەموو هێز و تواناو و ئیمکاناتەوە، بچین بەپیر ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کەوا لە ئارادایە. دەبێ بە پاراستنی وشیاری، بەشێوەیەکی ماندونەنانسانە، پشتیوانی ئەم ناڕەزایەتیانە بین و بەهێزیان بکەین. ئەرکی هەڵسوراوانی کرێکاری و چالاکانی سیاسی و مەدەنی وەشاندنی تۆوی وشیاری چینایەتی و یەکگرتوو کردنی کرێکاران و ریزی خەڵکی خەحمەتکێشە. لەگەڵ ئەوەدا، ئەو ئەرکە هەنوکەییەش نابێ بۆ ساتێک لەبیر بکەین کە، رەمزی بە ئاکام گەیشتنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و تەکامول و بەردەوام بوونی، لە سەربەخۆ بوونی تەشەکولە ڕاستەقینەکانیدایە. نابێ ئیجازە بدرێت بەرنامەی رژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی نارەزایەتیەکان سەرکەوتووو بێت. ئەمساڵ، بە سرنجدان لە کۆی روداوەکانی گۆڕەپانی سیاسی، ساڵێکی پڕ لە کێشە و هەستیارە. ئابووری شپرزە و قەیراناوی کۆماری ئیسلامی، دەزگای بروکراتیک و ناکارا و گەندەڵی ئیداری، لە پاڵ پەرەسەندنی ئاستی ناڕەزایەتی گشتی لە کۆمەڵگادا، چونەسەرهوهی ئاستی تەوەقوعی خەڵک، بەتایبەت بەشوێن لاچونی بیانووی سزا ئابووریەکانی رۆژئاوا، وشیاری هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خەباتی پێشڕەوی بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان، بەگشتی ئەو فاکتۆڕانەن لە خزمەت بەرژەوەندی بزوتنەوەی متالباتیدان.