کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دوای کوردستانی عێڕاق، بزوتنەوەی ڕۆژئاوا لەبەردەم پیلانی دەوڵەتانی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان

بەشوێن بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئازادکرانی ڕەقە لە چنگ داعش لە لایەن هێزەکانی سوورییەی دێمۆكراتیکەوە کە سەرەکی ترینیان هێزە کوردییەکان بە ڕێبەریی “یه‌په‌گه‌” پێکی دێنن، نیگەرانی کۆماری ئیسلامیی لە پێگەی ئەم هێزانەی لە سوورییە زیاتر کردووە.

لەم پێوەندەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ ی مانگی ڕەزبەر حسێن باقری سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی چوو بۆ سوورییە و لە وتووێژێکی هه‌واڵنێریی لەگەڵ هاوتا سووریەکەی هۆشداری دا کە نابێ لە كوردستانی سوورییە خەتاکەی مەسعود بارزانی دووپات بێتەوە.” لەم قسانەی باقریدا دەکرێ بەو ئاکامە بگەین کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی لە چوون بۆ سوورییە، نیگەرانی سەبارەت بە هەر چەشنە ئیمتیازێکە کە ڕەنگە هێزەکانی سوورییەی دێمۆکراتیک، دوای سەرکەوتنە نیزامیەکانیان بەسەر داعشدا داوای بکەن.

بەشوێن گشتپرسی سەربەخۆیی لە کوردستانی عێڕاق، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی بەشار ئەسەد مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ناوەندی سوورییە دژایەتییەکی لەگەڵ جۆرێک خۆبەڕێوەبردن بۆ کوردەکانی سوورییە نییە و ئامادەیە سەبارەت بەو بابەتە لەگەڵ هێزە کوردەکان وتووێژ بکات. لەم بارەیەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەر هێندێک له‌ هەواڵنێرییه‌كان باسیان لە دەست پێکردنی وتووێژی نێوان دەوڵەت و ڕێبەریی سیاسی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا، کردبوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە بوسنییە شەعبان جێگری بەشار ئەسەد هەیئەتێکی بۆ بەشداری کردن لەم وتووێژانەدا دیاری کرد.

مەعمولەن حکومەتە سەرکوتگەر و داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، لە دۆخی لاوازی و داماویاندا، کۆمەڵێک پێشنیار بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گرفتی کوردستان پێشکەش دەکەن و ڕەنگە وتووێژەکانیش درێژە پێبدەن. بۆ خەڵکی کوردستانیش هێنانه‌گۆڕی ئەم جۆرە پێشنیارانە لە لایەن دەوڵەتانی ناوەندییەوە بابەتێکی تازە نییە. خەڵکی کوردستان پێشتریش لە بەشەکانی دیكه‌دا بەرەوڕووی کۆمەڵێک پێشنیار لە لایەن سەدام حسێن، خومەینی و ئه‌ردۆغان بوونەتەوە و ئەوانەیان ئەزمون کردووە. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ماهیەتی دژی دێمۆکراتیکی ئەم دەوڵەتانە گشت ئەم وتووێژانە دوای ئەوەی کە حکومەتی ناوەندی سەرلەنوێ خۆی گرتۆتەوە، توشی بونبەست هاتووە و دەوڵەتی ناوەندی بە زۆری چەک دەستی کردووە بە وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیاز و دەستکەوتانەی كه‌ خەڵکی کورد بەدەستی هێناون. بوسنییە شەعبان و وەلید موعەلیم کاربەدەستانی هەمان دەوڵەتن کە تا بەر لە ساڵی ٢٠١١، ناسنامەی کوردانی سوورییەی بە ڕەسمیەت نەدەناسی و کارتی پێناسیشی ته‌نانه‌ت وه‌ك هاوڵاتیی كورد نە دەدانێ. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەری هەیە جەریاناتی سیاسی کوردستانی سوورییە پێشنیاری وتووێژ ڕەد نەکەنەوە و لەوه‌ وەک ئامرازێک بۆ بەدەست هێنانی ئیمتیاز لە معادلاتی سیاسیدا کەڵک وەربگرن.

لەگەڵ دیداری حسێن باقریدا و ئەمانجی پیلان گێڕانەی کۆماری ئیسلامیی، دەوڵەتی تورکییەش لەم بارودۆخەدا بە لەشکر کێشی بەرە باکوری سوورییە و جێگیر کردنی کۆمەڵێک پێگەی نیزامی لە ئوستانی ئێدله‌ب، کانتۆنی عەفرینی کوردستان زیاتر دەخاتە بازنەی گه‌مارۆکانییەوە و هەوڵ دەدات پێوەندی کانتۆنەکان بە یەکەوە بپچڕێنێ. دەوڵەتی تورکییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ دەستەبەر بوونی هەموو جۆرە مافێک بۆ خەڵکی کوردستان بە ئاشکرایی دەربڕیوە و لەگەڵ ” یەکینەکانی پاراستنی گەل”، بە شێوەی نیزامی دەگیر بووە.

دەوڵەتانی شۆوینیستی تورکییە، سوورییە، عێڕاق و کۆماری ئیسلامیی کە هەرکامەیان بەشێک لە کوردستانیان داگیر کردووە، سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان و دژایەتیەکی بەرژەوەندی کە بە یەکەوە هەیانە، لە بەرانبەر هەموو جۆرە حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی و داخوازی لاچوونی ستەمی نەتەوایەتیدا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دوژمنایەتی دەکەن. ناکۆکی نێوانیان وەلا دەنێن و لەدژی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دەست دەکەن بە پیلان گێڕان و دەست تێوەردانی سیاسی و نیزامی. لە چەند دەیەی ڕابردوودا گەلێک جار بینیومانە لەگەڵ ڕووخان و یان لاواز بوونی یەکێک لەو دەوڵەتانە خەڵکی کوردی ئەو وڵاتە ڕاپەڕیوە و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی دەستی داوەتە خەباتی سیاسی و تەنانەت نیزامی. لەماوه‌ی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمان کە چلۆن دەوڵەتی عێڕاق بە بەکارهێنانی هێزی حەشدی شەعبی، کە لەسەر بنەمای ئۆلگوی سپای پاسداران ڕێکخراوە و بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی مۆدێڕنی ئەمریکایی، شاری کەرکووک و باقی ناوچە جێ ناکۆکەکانی داگیر کرد و ئەم کردارە جەنایەتکارانەیە بێدەنگی یان ڕەزامەندی دەوڵەتانی ئۆرووپایی و ئەمریکاشی لەگەڵدا بوو.

ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی نیشانیدا کە بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەحزابی ناسیۆناڵیستی کوردستان به‌ڵێننیان بە خەڵک دەدا، دەوڵەتی ئەمریکا لە عێڕاق بێجەگە لە دابین بوونی بەرژەوەندییەکانی خۆی بیر لە هیچ شتێکی تر لەم ناوچەیەدا ناکاتەوە و لەم قۆناغەدا بەرەژەوەندییەکانی لە هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دەبینێ.

وادیارە ئێستا دوای کوردستانی عێڕاق نۆرەی کوردستانی سوورییەیە. تا دەوڵەتانی تورکییە و کۆماری ئیسلامیی بە هاوکاری دەوڵەتی نیوە ئیفلیجی بەشار ئەسەد لەوێش لەدژی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی ڕەوای ئەو خەڵکە، کۆمەڵێک پیلانی نوێ گەلاڵە بکەن. لە ساڵی ٢٠١١دا هاوکات لەگەڵ ئاخێزی جەماوەری خەڵکی سوورییە، خەڵکی کوردستانی سوورییەش هاتنە مەیدان و لەو خەباتە ڕادیکاڵ و ڕەوا سەرتاسەریەدا بەشدار بوون. لەگەڵ دەست پێکردنی ئەو شەڕە وەحشیانەیەی کە زل هێزە سەرمایەداریەکان بە هاوکاری دەوڵەتانی ناوچەکە و گوروپە کۆنەپەرست و جەنایەتکارە ئیسلامییەکان لەدژی خەباتی خەڵکی سوورییە خستیانە ڕێ، خەڵکی کوردستانی سوورییە و هێزە تێکۆشەرەکانی، هەوڵیاندا لانیکەم کوردستان لە ئاگری ئەو شەڕە بە دوور بگرن. ئەوان بە دامەزراندنی حاکمیەتێکی خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک تا ئێستا توانیویانە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنی بەشێک لە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتیان، لەم قۆناغە پڕ لە شەڕ و کێشە سیاسی و نیزامیەدا، بە کەمترین تەلەفات و خەسارەت تێپەڕن.

لەگەڵ شکست و لاواز بوونی گوروپە ئیسلامییەکان لە شەڕی سوورییەدا بە تایبەت بە شکست هێنانی داعش لە لایەن هێزەکانی سوورییەی دێمۆکراتیکەوە، نیگەرانییەکانی دەوڵەتانی کۆماری ئیسلامیی و تورکییە زیاتر بووە. ئەوان بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی سوورییە لە هەوڵدان تا ئەم ئەزمونە دێمۆکراتیکەی خەڵکی کوردستان لە پەیڕەو کردنی دەسەڵات و حاکمییەتی خۆیان توشی شکست بکەن. لەشکرکێشی تورکییە بۆ سوورییە و جێگیر بوون لەو ناوچانەدا جگه‌ له‌وه‌یكه‌ دەبنە هۆی پچڕانی پێوەندی نێوان هەرسێ کانتۆنەکانی کوردستان، هه‌روه‌ها هاوکاری و پشتیوانی ڕەوتە بەکرێ گیراوەکانی ” ئەڕتەشی ئازاد” و باقی گوروپە ئیسلامییەکان لەدژی خەڵکی کوردستان بەشێک لەو کردارانەیە کە دەوڵەتی ئه‌ردۆغان لەم دواییانەدا ڕەچاوی کردووە. تا ئەو جێگایەی کە لەم پێوەندەدا بۆ کۆماری ئیسلامیی هەڵدەگەڕێتەوە، سەفەری حسێن باقری یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران و سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سوورییە و قسە وباس کردن سەبارەت بەم بابەتەی کە ” نابێ لە سوورییە خەتای مەسعود بارزانی تێکرار بێتەوە”، دەرخەری پیلانێکە کە ئەم دەوڵەتە سەرکوتگەر و شۆوینیستانە لەدژی خەڵکی کوردستانی سوورییە خەریکی ئاماد کردنین.

بەڵام خەڵکی کوردستان لە کۆبانی و هەروەها لە نەبەردەکانی دواتردا بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی داعش، نیشانیاندا کە خاوەنی عەزم و ئیرادەیەکی پتەون لە خەبات لەدژی دوژمنان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و پشتیان بە هێزی خۆیان و پشتیوانی ئینسانە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکان لە ئاستی ناوچەکە و دەرەوە بەستووە. و تا کاتێک کە خاوەنی وەها یەکگرتویی و ڕێكخرابوون و وەها ئیرادەیەک بن، دەتوانن بەرەنگاری ئەم پیلانانەش ببنەوە. داگیر کردنی ناوچەیەکی بەرین لە کوردستانی عێراق لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە جارێکی دیكه‌ نیشانیدا کە خەڵکی کوردستان ناتوانن هیوا بە ڕزگار بوون بێجگە لە پشت بەستن بە هێزی خەباتی ڕاستەخۆی خۆیان و پشتیوانی خەڵکی ئازادیخواز و هاو چارەنووسیان لە ناوچەکە و جیهاندا، بە هیچ هێزێکی دیکەوە سه‌لماندنی ویست و داخوازییه‌كانیان گرێ بدەن. ئەوەی کە بۆ ئەمریکا و باقی هێزە سەرمایەداریەکان گرینگە تەنیا بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی سەرمایەیە و هیچی كه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-