ڕۆژی سێشه‌ممه ١ی ڕه‌زبه‌ر، “ڕافائل گرۆسی” سه‌رۆكی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، له ڕاگه‌یاندنێكدا وتی تیمی پشكنینی ئه‌و ئاژانسه له ڕێگای ئێراندان، به‌ڵام ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئه‌و تیمه به سایته ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، گرێ‌دراو به “ئیراده‌ی سیاسی” ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه.
“ڕافائل گرۆسی” هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆركی ئا‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه به ته‌نیا چه‌ند ڕۆژ ده‌رفه‌تی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌یه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك به مه‌به‌ستی ڕێگرێكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سه‌ر ئێران. شایانی باسه ڕۆژی شه‌ممه ٢٩ی خه‌رمانان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سێ وڵاتی ئۆروپایی ئه‌ندامی ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌رجام كۆبوونه‌وه، به‌ڵام له سه‌ر هیچ یه‌ك له بابه‌ته‌كان ڕێنه‌كه‌وتن. هاوكات وه‌زیری ده‌روه‌ی ئاڵمان ڕایگه‌یاندووه كه یه‌كێتی ئۆروپا داوای له ڕژیمی كۆماری ئیسلامی كردووه كه پێویسته ئێران كرده‌وه‌یه‌كی كاریگه‌ر به مه‌به‌ستی ڕێگری كردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام بدات و له ئه‌گه‌ری ڕێنه‌كه‌وتنی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئۆروپا، له ڕۆژانی داهاتوودا “مكانیزمی ماشه” چالاك ده‌كرێته‌وه‌ز