شه‌و و ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٤ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌زه به‌رده‌وام بوو و له به‌رانبه‌ریش دا هێرشه‌كانی حه‌ماس و حیزبۆڵڵای لوبنان له ڕێگه‌ی مووشه‌كه‌وه بۆ سه‌ر شاره‌كانی ئیسڕائیل درێژه درا، به‌پێی دوایین زانیاریی ده‌یان كه‌س له هێرشه‌كانی ئیسڕائیل كوژراو و بریندار بوون.
ڕۆژی ڕابردوو، له وڵامی هێرشه‌كانی حیزبۆڵڵای لوبنان بۆ سه‌ر شاره سنوورییه‌كانی ئیسڕائیل، فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل بنكه‌كانی حیزبۆڵڵایان به چڕی بۆردوومان كرد. هاوكات فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل ده‌رگای سنووری ڕفه‌حیان بۆردوومان كرد له حاڵێكدا سه‌دان شارۆمه‌ندی فه‌له‌ستینی ده‌یانویست له‌و ده‌روازه‌وه تێپه‌ڕ بن و به‌هۆیه‌وه ٢٨ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. به‌پێی ڕاپۆرتی میدیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ٣١ كارمه‌ندی ناوه‌نده‌كانی یارمه‌تی مرۆیی و مافی مرۆڤ له هێرشه‌كانی ئیسڕائیل دا كوژراون. شایانی باسه كه شه‌وی ڕابردووش فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق و بنكه نیزامیه‌كانی حیزبۆڵڵای لوبنانیان بۆردوومان كرد به‌ڵام زیانه‌كانی هێشتا ئاشكرا نه‌كراوه.
