کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێران

دوایین زانیاریی له‌سه‌ر خۆپێشاندانه‌كانی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ئێران

دوایین زانیاریی له‌سه‌ر خۆپێشاندانه‌كانی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ئێران

شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ ٨ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم بوو و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تا دره‌نگانی شه‌و درێژه‌ درا.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌ شاری پیراشنار لاوانی بوێری ئه‌و شاره‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون و لاوێكی ١٦ ساڵ ته‌مه‌ن به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی سه‌ركوتگه‌رانی كۆماری ئیسلامی گیانی به‌ختكرد و چه‌ند لاوی دیكه‌ش برینداربوون، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی قاره‌مانی شاره‌كانی مهاباد و بۆكان تا دره‌نگانی شه‌و به‌ ئاگركردنه‌وه‌ و داخستنی شه‌قامه‌كان دژبه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دروشمیان وته‌وه‌، له‌ چه‌ندین گه‌ڕه‌كی شاری سنه‌ش خه‌ڵكی بوێری ئه‌و شاره‌ به‌كردنه‌وه‌ی ئاگر و به‌ستنی شه‌قامه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ و له‌ ئاوایی “باوه‌رێز” لاوانی ناڕازی بنكه‌ی به‌سیجیان ئاگردا و له‌ شاری “قه‌هده‌ریجان”ی ئیسفه‌هان خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ بۆ جارێكی دیكه‌ ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دروشمه‌كانی “نیشتمان، ژنان، ئازادی، هێڵی سووری ئێمه‌یه‌” و “به‌ به‌عسیه‌كانی عێراقمان نیشان دا شۆڕشگێڕین به‌ ئێوه‌ش پیشان ده‌ده‌ین كه‌ كێین” و “خوێندكاری زانكۆ ئه‌بێ ئازاد بكرێت” ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ئاست سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی نیشان دا، له‌ شاری قوم لاوانی ئه‌و شاره‌ تا دره‌نگانی شه‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم شه‌ڕ و پێكدادانیان هه‌بوو و له‌ ئێرانشاری به‌لووچستان ئه‌فه‌سه‌رێكی سپای پاسداران كوژرا و سێ ئه‌ندامی دیكه‌ی ئه‌و هێزه‌ به‌سه‌ختی برینداركران، له‌ شاری به‌نده‌رعه‌باس خه‌ڵكی ناڕازی به‌ داخستنی شه‌قامه‌كان و وتنه‌وه‌ی دروشم ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ڕژیم بوونه‌وه‌، له‌ شاری مه‌شهه‌د و “تۆربه‌ت حه‌یده‌رییه”‌ خه‌ڵكی ناڕازی بنكه‌كانی به‌سیجیان ئاگرتێبه‌ردا و له‌ شاری سه‌رده‌شت لاوانی ئه‌و شاره‌ تا دره‌نگانی شه‌و له‌ سه‌ر شه‌قام بوون و دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی دروشمیان وته‌وه‌.