بەپێی دوایین ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان، ڕێژهی گیان لەدەستدانهكان بە هۆی ویرووسی كۆرۆنا ٩٠ هەزار كەسی تێپەڕاندووه و ژمارەی توشبوانیش گەیشتووهتە زیاتر لە یەك ملیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس.
بەگوێرەی داتاكانی زانكۆی “جۆنز هۆپكینز”ی ئەمریكا، كە پڕۆژەیەكی تایبەتی بۆ چاودێریكردنی كۆرۆنا بەگەڕخستوە، تا ڕۆژی ههینی ٢٢ی خاكهلێوه، كۆی گشتی توشبوانی ویرووسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان گەیشتووهتە یەك ملیۆن ٦٠٢ هەزار و ٢١٦ كەس. هەر بەگوێرەی ئهم داتایانه، ٩٥ هەزارو ٧٣٥ كەس بەم ویرووسە لەسەر ئاستی جیهان گیانیان لەدەستداوە. به پێی ئهم ڕاپۆرته، ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەكەمی ریزبەندیی وڵاتاندایە بۆ توشبون بە كۆرۆنا كە تا ئێستا لەو وڵاتە زیاتر لە ٤٦٦ هەزار كەس توشی ئهم ویرووسه بوون و دوای ئەویش وڵاتانی ئیسپانیا و ئیتالیا دێن. له لایهكی دیكهوه ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه ڕۆژی پێنجشەممە کیانووش جههانپوور وتەبێژی وەزاەتی تەندروستیی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دوایین ئامارەکانی کۆرۆنا لە ئێران کرد و ڕایگەیاند: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ههزار و ٦٣٤ حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار کراوە و بەوەش کۆی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووهتە ٦٦ هەزار و ٢٢٠ كهس. ههروهها ڕاشیگهیاندووه كه لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١١٧ نەخۆشی تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و تا ئەم کاتە ٤ هەزار و ١١٠ هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە. ئهوه له كاتێكدایه كه پێشتر ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگهیاندبوو، بە پێی خەمڵاندنەکانیان نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ویرووسی كۆرۆنا بووه. “حەمید سوری” ئهندامی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندبوو، ئەو ژمارەیە ورد نییە، بە هۆی ئەوەی تووشبوان یان هیچ نیشانەیەکیان نییە یان نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بە سوکی تێیاندا تۆمار کراون.