کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دواکەوتوویی و هەژاری لە کوردستان و کێشمەکێشی باڵەکانی حکومەت

لە جەریانی سەرهەڵدانی ناکۆکی دەروونی ڕژیمدا جار جارە کۆمەڵێک ڕاستی ئابڕو بەرانە بە تایبەت لە بوارە ئیداری و ئابووریەکاندا لە دەرەوەی بازنەی خودیەکانی ڕژیمدا ئاشکرا دەبێت و دەگاتە ڕاگەیەنەرەکان. هێندێک حاڵەتی دزی کەڵانی ئەم یان ئەو باڵ، گەندەڵی ئیداری، تەخشان و پەخشانی بێ حێساب، پرۆژەی پیلان گیڕانە، ڕشوە وەرگرتن و ڕانت خۆری و پارتی بازی بەشێک لەو حاڵەتانەن. هەڵبەت جار جاریش فریوکارانە بۆ هێور کردنەوەی قین و ناڕەزایەتی خەڵک، باڵە ڕەقیبەکان خۆیان لە پێگەی ڕەخنەگری بەناو دڵسۆزدا دادەنێن و گۆشەیەک لە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن.ڕاپۆرتی ئەم دواییەی هەواڵنێری فارس سەربە سپای پاسداران لە سنە یەکێک لەم حاڵەتانەیە. لەم ڕاپۆرتەی سپادا لە لایەکەوە لەبەر بەناو سەرکەوتنی خۆی لە پاراستنی ئەمنیەت لە کوردستان میداڵ دەکات لە سینگی و لە لایەکی دیکەشەوە باری دواکەتوو مانەوەی ئابووری کوردستان دەخاتە سەر شانی دەوڵەتی رۆحانی. بەڵام باڵی بەرانبەر کە جورئەتی بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ سپای پاسداران لە خۆیدا نابینێ، هەوڵ ئەدات بەرپرسیاریەتی دواکەوتو ڕاگیرانی کوردستان لانیکەم لەخۆی دوور بخاتەوە و بیخاتە ئەستۆی دەوڵەتەکانی پێشوو. چاوگێرانێک بەسەر هەردوو ڕاپۆرتە هەواڵەیەکەدا یەکێکیان لە لایەن هەواڵنێری فارسەوە و ئەویتیریش لە لایەن سمینارێکی زانکۆیی بە بەشداری کاربەدەستانی دەوڵەتی لەم بارەیەوە روون و ئاشکرایە.723

هەواڵنێری فارس لە ڕاپۆرتی رۆژی شەممە ٨ ی مانگی جۆزرداندا نووسیویەتی ” تەمەنی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید روو لە کۆتاییە، بەڵام نەیتوانیوە سەهم و دەوری خۆی لە سارێژ کردنەوەی برینەکانی هەژاری، بێکاری، دواکەوتویی، بێبەشی و باقی حاڵەتەکانی تر لە کوردستان ئەدا بکات و بنوێنێ. دەوڵەت لە کاتی تەبلیغاتی سەرۆک کۆماری یازدەهەمدا پەردەی لەسەر کلیلێک لادا کە درگاکانی هیوای بەروی خەڵکی ئێران، بە تایبەت خەڵکی کوردستاندا نەکردەوە. خەڵکی کوردستان بە دانی دەنگی ئیعتماد بە رۆحانی، بەو هیوایە بوون کە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەم ئوستانەدا رووبدات بەڵام رۆژ بە رۆژ کە لە تەمەنی ئەم دەوڵەتە تێپەڕ ئەبێت، خەڵکی کوردستان سەبارەت بەو بێ ئیعتیماد تر دەبن.”

بەڵام هەواڵنێری سپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا لەبیری ناکات کە لەنێوان کێشەکەدا نرخ دیاری بکات و میداڵێکی گاڵتەچاڕیش بە گەردنی خۆیدا بکات. لە راپۆرتەکەدا هاتوە ” ئوستانی کوردستان ڕەنگە بێبەش بێت و دواکەوتو، بەڵام ساڵانێکە کە بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی، هێزە چەکدارە بەهێزکان و گیانبازی سەربازانی گومناودا لە ئەمنیەت و ئارامشدا دەژیت.”

بەڵام دەوڵەتیەکانیش لەم بوارەدا بێکار دانەنیشتون. ئەوانیش وێرای ئیعتیڕاف بە ناکامیەکانی ئەم دەورەیە لە حاکمیەتی خۆیان، دەوڵەتانی پێشو بە سەبەبکاری ئەم بارودۆخە دەزانن و خەتاکان دەخەنە ئەستۆی ” نەبوونی ژێرخانی ئابووری لە ڕابردودا.” لەم رۆژانەی دواییدا و لە جەریانی کۆبونەوەیەکدا لەژێر ناوی ” پێنجەمین کۆبونەوەی تەخەسوسی گوروپی زانستی ئابووری زانکۆی کوردستان”، ” کێشە و گرفتەکانی بەرهەمهێنان لە کوردستان”، درایە بەر باس و هەڵسەنگاندنی بەناو کارناسان، کاربەدەستانی سازمانی پیشەسازی، مەعادن و بازرگانی و کاربەدەستانی ئیداری ڕژیم. ” محەممەد دەروەزمی” سەرۆکی سازمانی پیشەسازی، مەعدەن و بازرگانی ئوستانی کوردستان ددان بەوەدا دەنێت کە ” زیاتر لە ٦٠ لەسەدی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کوردستان داخراون یان نیوە چالاکن.” ” ڕەحیم حەسەن زادە” جێگری دەفتەری هاوئاهەنگی کارباری ئابووری ئوستانی کوردستان ئەڵێ ” ئوستانی کوردستان لە ئاستی وڵاتدا پلەی ٢٧ ی گەشە نەکردویی هەیە.” هەروەها کەماڵ حسێنی سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە ئەڵێ ” کوردستان ژێرخانی پێویستی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری نییە. لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا کارێکی ئەوتۆی لەم بوارەدا بۆ نەکراوە.” سەرئەنجام نەتیجەگیری ئەوەیە کە هۆکاری دواکەتوو مانەوە و کەمتەرخەمی دەوڵەتانی پێشوو، بووەتە سەبەبکاری گەشەنکردنی ژێرخانی ئابووری بە ئامانجی پێشخستن.

بەم جۆرە هەرکام لە دوو باڵەکەی رەژیم بە ئامانجی پاشقولدانی یەکتر، گۆشەیەک لە هۆکاری دواکەوتوو مانەوەی ئوستانە کوردنشینەکانی رۆژئاوای ئێران ئاشکرا دەکەن. بەڵام هیچکامیان لە ڕاستیدا ئاماژە بە هۆکارەکانی ئەم دواکەوتوییە ناکەن. ئەوان ناڵێن کە بۆچی لەگەڵ تێپەڕبونی ٣٧ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی هێشتا ” کوردستان خاوەنی ژێرخانی پێویست بۆ سەرمایەگوزاری نییە؟” چەند دەیەی دیکە دەبێ پێبچێت و ژیانی چەند بەرەی تر لە لاوانی ئەم ناوچەیە دەبێ لەنێو بچێت تا ئەم ژێرخانە پێویستە فەراهەم بکرێت؟ بۆچی بۆ دامەزراندنی بە قەولی فەرماندەکانی سپای پاسداران ” ئەمنیەتی بەردەوام لە کوردستان” توشی هیچ بەربەست و کۆسپێکی ئیعتیباری و ژێرخانی و سەرمایەگوزاری و هێزی ئینسانی نین، بەڵام بۆ وەڕێخستنی بەرهەمهێنان، ژێرخان فەراهەم ناکرێت؟

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە سپا و هەموو هێزە دەوڵەتیەکەیەوە، ئەم بەشە لە ئێران کە تێیدا بزوتنەوەیەک لە ئارادایە، لەسەر بنەمای قانونی سەرزەمینێکی داگیرکراو بەڕێوەدەبەن و کۆنترۆڵ دەکەن. کار و بەرهەمهێنان و شوغڵ تەنیا لە ڕاستای دابین بوونی ئەم نیازەدا واتە دابین بوونی ئەمنیەتی ئەم ڕژیمەدا مانای دەبێت. سەرجەم گەڵاڵە ئابووریەکان و گەشە کردن دەبێ پەسندی ژووری عەمەلیاتی سپای پاسداران بێت و وڵام دەرەوەی نیاز و ئیستراتیژی ئەمنیەتی ڕژیم بێت نەک نیاز و پێداویستیەکانی خەڵکی کوردستان. هەڵوێستی ڕیاکارانەی سپا و کاربەدەستانی دەوڵەتی سەبارەت بە دواکەوتوویی کوردستان لە ئاستی یاریەکی منداڵانەی ” کێ بوو کێ بوو من نەبووم” ە و کەس هەڵنافریوێنێ. ئەوەی کە گرنگە ئیعتیرافە بەم ڕاستیە.

گەشە نەکردنی جوغرافیایەک کە ناوی کوردستانە، سەرچاوە گرتوو لە ئیجرای ئیستراتیژیەکی دوژمنکارانەوەیە لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیەدا. لە باقی ناوچەکانی ئێرانیش لەم بوارەدا گوڵێکیان لە رووی خەڵکی ئەم وڵاتە نەداوە. تا ئەم ڕژیمە لەسەر کاربێت ئەم ئیستراتیژیە درێژەی ئەبیت. خەڵکی کوردستان ڕێگایەکی تریان بێجگە لە درێژەدان بە خەبات لە دژی ئەم ڕژیمە لە وحدەت و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئێران لەبەر دەمدا نییە. گەشەی ئابووری، ئینسانی و فەرهەنگی کوردستان لە گرەوی ڕوخاندنی ئەم ڕژیمەدا و دامەزراندنی حاکمیەتی شۆڕشگێرانە و خەڵکی دایە.