خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له عێراق و لۆبنان دژبه ڕژیمهكانی ئه‌م دوو وڵاته ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه. له عێراق ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه پاش یه‌ك مانگ ڕاوه‌ستان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، دیسان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. پارێزگاكانی ناوه‌ند و باشووری عێراق، ٧٢ كاتژمێر پاش ئه‌وه‌یكه سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ “مسته‌فا كازمی” متمانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی به‌ده‌ست هێنا، شایه‌دی حزووری به‌رینی خه‌ڵكێك بوو كه له مانگی ئۆكتۆبری ساڵی ڕابردووه‌وه، به خواستی ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار، شه‌قام و مهیدانهكانیان خستبووه ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان.
له لۆبنان، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه كه له ١٧ی ئۆكتۆبری ساڵی ڕابردووه‌وه ده‌ستی پێكردبوو، به‌هۆی ناله‌بار بوونی باروودۆخی ئابووری و گه‌نده‌ڵیی ده‌وڵه‌ت و له‌گه‌ڵ تا ڕاده‌یه‌ك كه‌م بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له شكڵێكی تازه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه. ناوه‌ندی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو شاری ته‌رابلۆس بوو. ڕۆژی دووشه‌ممه ئۆتۆمبێله‌كانی هه‌ڵگری خۆپیشانده‌ران له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك به‌یرووته‌وه، هاتنه ترابلۆس. كۆمیته‌ی ڕێكخه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی ترابلۆس ڕایگه‌یاند كه ئاخێزهكهیان هه‌تا وه‌دی هاتنی خواسته‌كانیان درێژه‌ی ده‌بێت. خۆپیشانده‌ران له دژی ده‌وڵه‌تی نوێی “كازمی” له عێراق و “دیاب” له لۆبنان هاتوونه‌ته مه‌یدان. له به‌غدا، خۆپیشانده‌ران وه‌ك ڕۆژانی پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، سه‌ره‌تا له گۆڕه‌پانی ته‌حریر كۆبوونه‌وه و پاشان به‌ره‌و پردی جمهووری و به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز وه‌ڕێ كه‌وتن. ئه‌وان سه‌ره‌تا له كۆسپی یه‌كه‌م تێپه‌ڕین و پاشان خۆیان گه‌یانده كۆسپی دووهه‌م. به‌هۆی تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منیه‌كان له‌و مه‌سیره‌دا، لانیكه‌م ١٠ كه‌س له ناڕازیان بریندار بوون و دواتر پاشه‌كشه‌یان كرد. له پارێزگای “دیوانیه”، خۆپیشانده‌ران ڕێگای سه‌ره‌كیی دیوانیه ــــ نه‌جه‌فیان به‌ست. له پارێزگای “واست“، ناڕازیان باسیان له‌وه كردووه كه ده‌ڵه‌تی خۆجێیی ئه‌م پارێزگایه ڕووخێندراوه و له هاتنی نوێنه‌رانی واست بۆ ئه‌م پارێزگایه ڕێگری كراوه. له به‌یانییه‌ی ناڕازیان دا هاتووه كه : “ئێمه ئه‌مڕۆ ڕووخانی ده‌وڵه‌تی خۆجێیی ڕاده‌گه‌یه‌نین و وه‌ك نوێنه‌رانی خه‌ڵك و كه‌سانی شۆڕشگێڕ، ده‌وڵه‌تی خۆجێیی و فه‌رمانداره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ران له‌سه‌ر كار لاده‌به‌ین و به‌رپرسایه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌م پارێزگایه به ده‌زگای قه‌زایی ده‌سپێرین“. له به‌سره ناڕازیان خوازیاری ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی خۆجێیی و له‌سه‌ر كار لاچوونی پارێزگار و جێگرانی ئه‌و بوون و به وته‌ی یه‌كێك له به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌هۆی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌وه، خۆپیشانده‌رێك كوژراوه و چواری دیكه‌ش بریندار بوون. ناڕازیان له شاری “كوت“، نووسینگه‌ی چه‌ند حیزبی ئیسلامی و ماڵی یه‌كێك له به‌رپرسانی پارێزگاكه‌یان ئاگر تێبه‌ردا.
سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌كان له ئێران و عێراق و لۆبنان هیوادار بوون كه ویرووسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر، له خزمه‌ت مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دابێت، به‌ڵام ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌وانی شێواند. خزمه‌تی ویرووسی كۆرۆنا له عێراق و لۆبنان، به‌م ڕژیمانه كاتیی بوو و له ئێرانیش كۆماری ئیسلامی هه‌موو ساتێك چاوه‌ڕوانیی ئاخێزێكی ملیۆنی ده‌كات. به‌ڵام له هه‌ر دووی ئه‌م وڵاتانه‌دا، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك دژبه نیزامی سیاسیی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ڕاپه‌ڕیون. هه‌ربۆیه ڕووداوه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له عێراق و لۆبنان، ترسی خستووه‌ته ناو دڵی سه‌رانی كۆماری ئیسلامییه‌وه. ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی ئه‌م دوو وڵاته كه ڕژیمی ئێران ساڵه‌هایه له‌سه‌ر دانیشتوانی شیعه مه‌زهه‌بی ئه‌وان حیسابی كردووه‌ته‌وه، هیواكانی كۆماری ئیسلامیی وه‌به‌ر با داوه. ئه‌و درووشمانه‌ی كه له‌دژی حیزبه هاوپه‌یمانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له عێراق و لۆبنان ده‌وترێنه‌وه، نیشانی ده‌دات كه ته‌مه‌نی كه‌ڵك وه‌گرتنی نابه‌جێی ڕژیمی ئیسلامی له باوه‌ڕه ئایینیه‌كانی خه‌ڵك، ڕوو له كۆتاییه. هه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و هه‌م ئۆتۆریته‌ی كۆماری ئیسلامی له‌م وڵاتانه‌دا، بوونه‌ته ئامانجی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك.
ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ك، هاووڵاتیانی ناڕازی له عێراق و لۆبنان و ئێران، له كرده‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووانه‌دا و بۆ په‌یڕه‌و كردنی خواستی گشتی و به ئامانجی ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، شه‌قامه‌كانیان چۆڵ كرد، له‌ئێستادا به هه‌ر ڕاده‌یه‌ك كه ئه‌م قه‌یرانه كه‌متر بێته‌وه، زیاتر په‌یگیری وه‌دی هاتنی ئامانجه ڕه‌واكانیان ده‌بن. بێ گومان دواهاته‌كانی قه‌یرانی پاش كۆرۆنا، به‌رۆكی كۆماری ئیسلامیش ده‌گرێت. هه‌ژاری و باروودۆخی دژواری ژیان، كه له پاییزی ٩٨ی هه‌تاویدا، خه‌ڵكی به‌ره‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕژیم برد، له ماوه‌ی مانگه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، زیاتر په‌ره سه‌ندووه. داغی پتر له هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س له‌و ئازیزانه‌ی كه له‌م جه‌ره‌یانه‌دا گیانیان به‌خت كرد، هێستاش له‌سه‌ر جه‌رگی خه‌ڵك ماوه‌ته‌وه. هێستاش هه‌زاران كه‌س له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دواتری، هه‌روا له زیندانه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و چاره‌نووسیان ناڕوونه. به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكراینیه‌كه له لایه‌ن سپای پاسداران و داغدار كردنی چه‌ند سه‌د بنه‌ماڵه، هه‌رگیز فه‌رامۆش ناكرێت.
ئه‌گه‌رچی كۆرۆنا ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی به ڕژیم دا تا به شێوه‌ی كاتی، مه‌ترسیی ئاخێزهكانی خه‌ڵك له‌خۆی دوور خاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان حاڵیش‌دا داماوی و بێ تواناییی كۆماری ئیسلامی و ناته‌باییه‌كان و خه‌سڵه‌تی كۆنه‌په‌رستانه و دژه جه‌ماوه‌ریی ئه‌م ڕژیمه‌ی بۆ جیهان ئاشكرا كرد. كۆماری ئیسلامی له‌چاو ڕۆژه‌كانی پێش كۆرۆنا له باروودۆخێكی زۆر دژوارتر دایه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی ڕژیم له ده‌روه‌ی سنووره‌كانی ئێران، زه‌رووره‌تی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بوو، ئه‌مڕۆكه له هه‌موو ناوه‌نده قهیراناویهكانی ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ بنبه‌ست به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له عێراق و لۆبنان ئۆتۆریته‌ی ڕژیم له لایه‌ن ملیۆنان خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوه‌وه خرایه ژێر پێ، له ئێتسادا له سووریه له ژێر گوشاری نیزامیی ئیسرائیل و به‌هۆی ڕێكه‌وتنه نهێنی و ئاشكراكانی ڕووسیه و ئه‌مریكا، به دوای ڕێگایه‌كی بێ هه‌را و ده‌نگه‌وه‌یه بۆ ڕۆیشتنه ده‌ر له‌م وڵاته. كار به جێگایه‌ك گه‌یشتووه‌ته كه خامنه‌یی پاش شاخ و شانه كێشانی بێ ناوه‌رۆكی دژبه ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆكه ده‌ست به داوێنی چاره‌نووسی “ئیمام حسن“ه، تا ڕێگایه‌كی “ئابڕوومه‌ندانه”ی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له‌م قه‌یرانه بۆ بدۆزێته‌وه.
له ڕاستیدا، كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دات تا به یارمه‌تیی ویرووسی كۆرۆنا خه‌ڵك ماندوو و ناهۆمێد كات. به‌هێز كردنی هاوپشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه بۆ نموونه له‌م ڕۆژانه‌دا له كوردستان له بوار ڕێكخستنی خه‌ڵك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا له جه‌ره‌یان دایه، یه‌كێك له ڕێگاكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵه‌ی ڕژیمه. بێ گومان، كۆماری ئیسلامی بێجگه‌له ئه‌وانه تاكتیكی دیكه‌شی بۆ مانه‌وه له‌سه‌ر دایه. پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م تاكتیكانه ته‌نیا به هێزی وشیاری جه‌ماوری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و به به‌شداریی به‌رینی ئه‌وان له هه‌موو بواره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، دێته دی.