١٢ی ڕێبه‌ندان ساڵڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی بۆ ئێرانه. كۆماری ئیسلامی بۆ كه‌م ڕه‌نگ كردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبه‌ندان كه به پێچه‌وانه‌ی خواستی خومه‌ینی ڕوویاندا، ڕۆژانی كۆتایی ته‌مه‌نی ڕژیمی پاشایه‌تیی كردبه ١٠ ڕۆژ و ناوی “ده‌یه‌ی فه‌جر“ی له‌سه‌ر دانا. له‌و ڕۆژه‌وه هه‌موو ساڵێك بۆ ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ، تا ٢٢ی ڕێبه‌ندان، جێژن و ڕێوڕه‌سمی تایبه‌ت له لایه‌ن ڕژیمه‌وه له سه‌رتاسه‌ری ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌گه‌رچی ده‌مێكه ئه‌و نومایشه فه‌رمایشیانه له ڕه‌ونه‌ق كه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌مساڵ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بێ ڕونهقتر له هه‌میشه بوو. فێستیواڵی هونه‌ری كه هه‌موو ساڵێك له‌و ڕۆژانه‌دا و به‌و بۆنه‌یه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ته‌حریمی به‌رینی هونه‌رمه‌ندان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. پتر له ١٤٠ هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ له بواره جۆراوجۆره‌كاندا، له سینه‌ماوه بگره تا شانۆ و مۆسیقا، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه و گوشاری به‌رده‌وامی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، به‌شداری نه‌كردنی خۆیان له‌و نومایشه ده‌وڵه‌تیه‌دا ڕاگه‌یاندووه و له خێری خه‌ڵاتی ئه‌و فێستیواڵهش گوزه‌راون.
سه‌رانی كۆماری ئیسلامی، له‌ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه كه له گرینگیی ڕووداوی ٢٢ی ڕێبه‌ندان كه‌م بكه‌نه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك له‌و ڕۆژه‌دا نه ته‌نیا به‌رهه‌می فه‌رمانی خومه‌ینی و ڕه‌وتی ئیسلامی نه‌بوو، به‌ڵكوو بهپێچهوهوانهی مه‌یلی ئه‌وان ڕوویدا و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه له ساڵه‌كانی دواتردا كاری سه‌ركوتی شۆڕشی بۆ ڕژیمی ئیسلامی دژوارتریش كرده‌وه. به شایه‌تیی به‌ڵگه مێژووییه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان، خومه‌ینی به‌رده‌وام ڕووبه خه‌ڵك دهیكوت كه ده‌ست نه‌ده‌نه ڕاپه‌ڕینی چه‌كداری و هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر ناوه‌نده نیزامیه‌كان و په‌یڕه‌وانی خومه‌ینیش هۆشداریان ده‌دا كه “هێشتا ئاغا فه‌رمانی جه‌هادی ده‌رنه‌كردووه”. به‌ڵام جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك له سه‌رتاسه‌ری ئێران، به‌رده‌وام په‌ره‌ی ده‌ستاند و فه‌رمانه‌كانی خومه‌ینی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی كاریگه‌ر نه‌بوون. كاتێك كه ڕاپه‌ڕینی چه‌كداری بۆ تێكشكاندنی ماشێنی ده‌وڵه‌تیی ڕژیمی پاشایه‌تی بوو به ئه‌مری واقع، ئه‌وكات ده‌رفه‌ت په‌رستانه هه‌وڵیان دا له قالبی پشتیوانی كردن دا، به‌رینایی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه سنووردا بكه‌ن. به‌ڵام جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك كه هه‌ستیان به مه‌ترسی زه‌وت كردنی شۆڕش كردبوو، گوێیان به‌و قسانه نه‌ده‌دا. ڕۆژی ٢٢ی ڕێبه‌ندان، هێرش بۆسه‌ر ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی شا، كه هه‌وادارانی خومه‌ینی ده‌یانویست ده‌ست نه‌خواردوو ته‌حویلی وه‌ربگرن، ده‌ستی پێكرد. له‌و ڕۆژه‌دا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرێك له پادگان و پازگاكان داگرت و هه‌زاران چه‌ك كه‌وته ده‌ست خه‌ڵكه‌وه. له ڕاستیدا ڕاپه‌ڕینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان لووتكه‌ی شۆڕشی ٥٧ بوو.
له ماوه‌ی پتر له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، كۆماری ئیسلامی، دژه شۆڕشێكی واقعیی ناولێنا “ئینقلابی ئیسلامی” و به‌سه‌ر بیروڕای گشتییی دا سه‌پاند. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆكه كار به جێگایه‌ك گه‌یشتووه كه له ده‌ره‌وه‌ی ڕژیمیش كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی وا به ناڕه‌وا ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی ئێران دژبه ڕژیمی شا “ئینقلابی ئیسلامی” ناولێده‌نێن و له ڕابردووی خۆیان به‌خاتری به‌شداری كردنیان له‌و ئینقلابهدا، په‌شیمانن.
بێ گومان ڕه‌وتی ئیسلامی به ڕێبه‌ریی خومه‌ینی، یه‌كێك له ئاراسته به‌هێزه‌كانی ئه‌وكات بوو دژبه ڕژیمی شا. ئه‌و ئاراسته‌یه‌ش له مێژووی ئێران‌دا سوننه‌تی خۆی هه‌بوو و خاوه‌نی ڕێبه‌ری و ناوه‌ند و پایه‌ی فیكری بوو. ئه‌و ڕه‌وته ساڵیانێكی زۆر وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌دا، له كۆمه‌ڵگای ئێران چالاكیی ده‌كرد. هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش ئیمكانی به‌و ڕه‌وته دا كه به كه‌ڵك وه‌رگرتن له خاڵه لاوازه‌كانی ڕه‌وتی شۆڕشگێڕانه‌ی واقعی، سواری شه‌پۆلی شۆڕش بێت و مه‌هاری كات و سه‌ره‌نجام له‌ماوه‌ی ٢ تا ٣ ساڵدا ئه‌و كاره‌ی كه ڕژیمی شا نه‌یتوانی ئه‌نجامی دات، ڕژیمی ئیسلامی به ئه‌نجامی گه‌یاند. پێناسه كردنی شۆڕشی ٥٧ به ” ئینقلابی ئیسلامی“ به هۆكاری عه‌ینی و مێژوویی، دوور له ڕاستیه و ساخته‌كاریه‌كی به‌ته‌واو مانایه. كۆماری ئیسلامی میراتگری ئه‌و شۆڕشه نییه، به‌ڵكوو به‌رهه‌می شكستهكهیهتی. باس كردنی ته‌نیا چه‌ند نموونه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و وته‌یه به‌سه. ئه‌وه ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه پشتی ڕژیمی شا به مانگرتنی كرێكاران و كارمه‌ندان و موعه‌لیمان و خوێندكاران شكا، نه‌ك به سینه‌زه‌نی عاشوورا و درووشمی ئه‌ڵڵاهوئه‌كبه‌ر وتنی شه‌وانه له سه‌ربانی ماڵه‌كانه‌وه. ئه‌وه مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت بوو كه نه ته‌نیا پایه‌كانی ڕژیمی شای وه‌له‌رزه خست، به‌ڵكوو خومهینیشی ناچار كرد كه بازه‌رگان بۆ نێوبژی و به مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به‌و مانگرتنه بنێرێته جنووبی ئێران. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له ئێران وه‌ك بوارێكی پڕ جموجۆڵی خه‌بات دژبه ڕژیمی پاشایه‌تی، له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی حهیاتیدا، به‌رده‌وام بزووتنه‌وه‌یه‌كی سێكۆلار و پێشكه‌وتووخواز بووه كه تێیدا كه‌لامی ئاخری خوێندكارانی چه‌پ و كۆمۆنیست ده‌یانكرد. ئایا له‌گه‌ڵ عه‌قڵ ده‌گونجێ كه ژنانی ئێران به ملیۆن بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئه‌وه‌یكه یاسا ئیسلامیه‌كان له ژیانیاندا به‌كرده ده‌ربێنن؟ ئایا خه‌ڵكی كوردستان و توركهمهن سه‌حرا بۆ پاراستنی ئایینی ئسلام ڕاپه‌ڕیبوون؟ ته‌نانه‌ت كاتێك كه درووشمی حكوومه‌تی ئیسلامی بوو به درووشمی به‌شێكی به‌رین له خه‌ڵك، كه‌متر كه‌سێك له‌و خه‌ڵكه ده‌یزانی كه له پشت ئه‌و درووشمه‌دا، چیها كاره‌سات له بۆسه دان.
له ساڵه‌كانی حكوومه‌تی شادا، له حاڵێك دا كه نووسراوه‌كانی “عه‌لی شه‌ریعه‌تی” كه به شێوازی سیاسی، ته‌بلیغی شیعه‌گه‌ریی ده‌كرد، له هه‌زاران به‌رگدا چاپ ده‌كرا و له‌به‌رده‌ست خه‌ڵك داده‌ندرا و ناوه‌ندی كلتووری “حوسه‌ینیه‌ی ئێرشاد” له تاران به ئیمكاناتێكی زۆر و به چاپخانه‌یه‌كی به‌رینه‌وه كه‌وتبووه ئیختیار ئه‌و و هاوفكرهكانیهوه، له حاڵێكدا كه نهشریهی “مه‌كته‌بی ئیسلام” له قۆم وه‌ك ئۆرگانی ناڕه‌سمی ڕه‌وتی ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆن، ئازادانه چاپ و بڵاو ده‌كراوه، هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پ ته‌نیا له‌به‌ر هه‌بوونی نامیلكه‌یه‌كی ماركسیستی، زیندانی درێژماوه‌یان به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پا. ئه‌گه‌ر واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه كه له ساڵی ١٣٥٧دا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ئێران به هیوای گه‌یشتن به ئازادی و وه‌دی هاتنی ژیانێكی باشتر و ئینسانی دژبه ڕژیمی شا ڕاپه‌ڕی بوون، كه‌وابوو چ ڕوویدا كه ڕژیمی ئیسلامی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشت و هه‌موو ئاوات و ئاره‌زووه‌كان كه‌وتنه ژێڕ گڵ. له به‌شی دووهه‌م و كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا، وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌ده‌ینه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه.