کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ده‌وڵه‌تی ڕوحانی به‌رامبه‌ر به‌ نه‌درانی سه‌روه‌ختی هه‌قده‌سته‌كان به‌رپرسیاره‌!

تەنها مۆته‌كه‌ و كابووسی بێکاریی نییە کە کرێکاران ئازار دەدات. یەکێک لەو گرفتە جیددیانەی کە هاوکات له‌پاڵ بێکارسازییەکاندا، هەڕەشە لە ژیانی کرێکاران دەکات، هەقدەستی دواخراویانه‌. بە هۆی وەدرەنگکەوتنی درانی هەقدەستەکان لە یەکەیەکی بەرهەمهێنان و پیشەسازیدا، کرێکاران زۆر خێرا هەست دەکەن کە مۆتەکەی بێکاریش بەسەر سەریانەوە دەسوڕێتەوە، لەبەر ئەوەیكه‌ مەعمولەن یەکێک لە بیانووە هه‌ره‌ باوەکانی خاوەنکاران بۆ نەدانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکان، گرفتی ئابوورییە و هه‌ر ئەمه‌ش دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ داخرانی یەکەیەک. واتاكانی وه‌ك “بێکارسازیی” به‌مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێكڕای کرێکاران ده‌رده‌كرێن و ته‌عدیل یاخود “هاوسەنگکردنی هێزی کار”یش به‌واتای دەرکرانی بەشێک لە کرێکارانه‌.

کابوسی بێکاربوون و نەدرانی هەقدەستەکان، کەم تا زۆر کرێکارانی گشت کارگه‌ و کارخانەجاتی دەوڵەتیی و غەیرەدەوڵەتیی گرتۆتەوە و ڕۆژ نییه‌ كه‌ هەواڵێکی تازە لەمبارەیەوە نەبیسترێت. لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەدا، کرێکاران نەک هەر ناچار بە تەحەمۆلکردنی گرانییه‌كی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر و سەرسووڕهێنه‌ر، ئاوسان و کەسادیی، بێکاریی و نائەمنی پیشەیی كراون، به‌ڵكوو نابێ چاوەڕوانی وەرگرتنی سه‌روه‌ختی ئه‌م هەقدەستە کەمانه‌شیان بن. کەمتر کارگه‌ و کارخانە و ناوەندێکی کاریی بوونی هەیە کە هەقدەستی کرێکارەکانی بەبێ کەم و کەسریی بدات. ئه‌مڕۆكه‌ هەواڵی پێوەندیدار بە دواخرانی هەقدەستی کرێکاران و خەبات لەپێناو وەرگرتنی هەقدەستە دواخراوەکان، باسی گه‌رم، ڕۆژانە و بەردەوامی كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ کرێکارییەکانە.

تازەترین ڕاپۆرتەکان باسلەوەدەکەن کە قەیرانی داوێنگیری یەکە بەرهەمهێنه‌ره‌كان زیاتر بووە و ماوەی دواخرانی هەقدەستەکانیش درێژتر بۆتەوە. به‌ گوێره‌ی ئەو ڕاپۆرتانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئاژانسه‌ خه‌به‌رییه‌كانی سه‌ر به‌ ڕژیمه‌وه‌ بڵاو بوونەتەوە، زۆرێك لە یەکە بەرهەمهێنه‌ر و پیشەسازییه‌كان، زۆر ده‌مێكه‌ كه‌ هەقدەستی کرێکاران و کارمەندانیان نەداوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەر ئێستا کاربەدەستانی یەکە جوراوجۆره‌ پیشەسازیی و بەرهەمهێنه‌ره‌كان، لەوانە قەتعەسازییەکان، پیشەسازییه‌كانی مه‌واددی خۆراکیی، پیشەسازیی فێلێز و پەیمانکارانی سه‌نعه‌تی بەرقی ئێران و شارەدارییەکان، زۆر دەمێکەیە كه‌ بۆ وەرگرتنی حقوق و مەزایای دواخراویان، لەم ده‌رگه‌ و ئەو ده‌رگا دەدەن، بەڵام دەوڵەت و خاوەنکاران گوێی خۆیان لێ خه‌واندووه‌ و وه‌ڵامیان ناده‌نه‌وه‌.

لە هه‌ندێک لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێناندا، دواخرانی هەقدەستەکان سنووری دوو ساڵیشی تێپەڕاندووە. لە وەها حاڵەتێکدا تەنانەت ئەگەر خاوەنکاران دوای ئەم ماوەیە، بەبێ کەم و کەسریی هەقدەستی نەدراوی كرێكاران بده‌ن، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ڕۆژانەی ئاوسان(واته‌ تەوەڕرۆم) و بەرزبوونەوەی سات به‌ ساتی نرخەکان، بەم حقووقی مانگانەوە كه‌ (بالفرض) پێیان بدرێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بۆ نموونه‌ كالایه‌ك کە دوو ساڵ لەمه‌وبه‌ر ده‌یانكڕی، ئێستا بیكڕن. خۆی ئەمە به‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لەو ماوەیەدا، بەشێکی دیكه‌ لە هەقدەستەکانیان چۆتە گیرفانی خاوەنکارانەوە.889

لەو ناوەندانەداش کە به‌ئیستلاح ڕێژه‌ی سودئاوەرییان بەرەو کەمبوونەوەیە، دواخرانی واده‌ی درانی هه‌قدەستەکان، ئاگاهانەترە. ئەو خاوەنکارانەش کە لە لێواری وەرشکسته‌بووندان، له‌ڕێگه‌ی ڕاگەیاندنی وەرشکستەبوونه‌وه‌، عه‌مه‌له‌ن خۆیان لە دانی هەقدەستی کرێکاران به‌ مه‌عاف دەبینن و له‌ڕاستیدا خۆیانی لێ ده‌دزنه‌وه‌. بەم شێوەیە دەبینین کە چۆن تەیفێکی بەرین لە کرێکاران، سەرەڕای کاری دژوار و بێ بەهرە، له‌ سەرەتاییترین مافی کرێکاربوون بێبه‌ش ده‌كرێن و تەنانەت ئه‌م هه‌قده‌ستانه‌شیان به‌شێوه‌ی سه‌روه‌خت و درووست و ده‌قیق، پێنادرێت.

ئەگەر لە هه‌ندێک لە ناوەندەکانی کاردا کە کرێکاران به‌پێی قەراردادێک بەشێوەی ڕەسمیی چونەتە سەرکار، شانسێکیان بۆ وەرگرتنی هەقدەستی دواخراو هەیە، به‌ڵام ئەو دەستەیە لە کرێکاران کە بەبێ هیچ قەراردادێک کار ده‌كه‌ن یان بە قەراردادی کاتییەوە ئیستخدام کراون، ئه‌مان خۆ هیچ زەمانەتێک له‌گۆڕێدا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌م هەقدەستە بەگرەوگیراوانه‌شیان پێ بدرێت و ئەگەری ئەوەشکە بەرهەمی کار و ڕەنجی چەند مانگه‌یان بخورێت، گەلێک زۆرە.

خاوەنکاران له‌ڕێگه‌ی نەدانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکان و واده‌ و به‌ڵێنی ساخته‌ی پووچ و درۆیینە و هه‌روه‌ها بێنەوبەرەکردنی بەردەوام به‌ كرێكاران، عه‌مه‌له‌ن هەوڵ دەدەن کە کرێکاران وادار بە قەبوڵکردنی مەرج و شەرتە دژه‌ ئینسانییەکانیان بکەن و به‌مجۆره‌ كرێكاران له‌ژێر گووشاری نیگەرانیی لەدەستدانی کار و خورانی هەقدەستە بەگرەوگیراوەکانیان، بە ئیرادەی خاوەنكار ڕازی بكه‌ن. لەڕاستیدا بەگرەوگیرانی هەقدەستەکان، جۆرێكه‌ لە پیلانی خاوەنکاران لەدژی کرێکاران کە بە پشتیوانیی ناڕاسته‌وخۆ و جاریواشه‌ ڕاسته‌وخۆی دەوڵەت بەکردەوە دەردێت. ئه‌مه‌ له‌حاڵێكدایه‌ كه‌ كرێكاران له‌ئاست قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی سوود و قازانجی خاوه‌نانی پیشه‌سازییه‌كاندا به‌رپرسیار نین و نابێ باجی سوودپه‌رستیی سه‌رمایه‌داران بده‌ن. ئه‌وه‌ كارفه‌رماكان و ده‌وڵه‌تی ڕوحانین كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌درانی سه‌روه‌ختی هه‌قده‌سته‌كان به‌رپرسیارن. به‌ڵام لەم نێوانەدا دەوڵەت کە خۆی گەورەترین خاوەنکاری ئێرانه‌، نەك هه‌ر لەو کرێکارانەی كه‌ بەم شێوەیە مافەکانیان پێشێل دەکرێت پشتیوانیی ناكات، بەڵکوو خۆی به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی سه‌روه‌ختی تەعەهۆدەکانی بە شیرکەتە واسیتە و وابەستەکانی دەوڵەت، عه‌مه‌له‌ن لە بەگرەوگیرانی هەقدەستی کرێکاراندا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی گێڕاوه‌.

لەگەڵ ئەوەدا كه‌ لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا کرێکاران بەردەوام بۆ وەرگرتنی هەقدەستی دواخراویان خەباتیان کردووە، بەڵام بەشێوەی واقعیی، لەبه‌ر ئه‌وه‌یکە ئەم خەباتە پرژوبڵاو و بێهێز كراوه‌، کەمتر تێیدا سەرکەوتوو بوون و خاوەنکاران بەردەوام لە شگردی بەگرەوگرتنی هەقدەستەکان، وەک ئامرازێكی گووشار بۆ سەپاندنی هه‌رچی زیاتری ئه‌م ژیانه‌ مه‌ینه‌تباره‌ بەسەر کرێکاران کەڵکیان وەرگرتووە.

واقێعییه‌ت ئەوەیە کە تیكراری ئه‌م خول و به‌رده‌وامبوونه‌ی بەگرەوگرتنی هەقدەسته‌كان، هه‌تا کاتێک کە خەباتێکی لێبڕاوانە و بەرین لەئارادا نەبێت، هەروا درێژەی دەبێت و بە خەباتی پرژوبڵاویش، کارێک ناچێته‌ پێش. زیادكرانی هەقدەستی کرێکاران و درانی سه‌روه‌ختیشی، یەکێکه‌ لە داواکارییە گرنگەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی، کە زەمانەتی دەستەبەربوونه‌كه‌ی، لە گرەوی ئیرادەی یەکگرتووانەی کرێکاران لە ئاستێکی سەرتاسەریدایە. ئەم ئیرادەیە دەبێ لە خەباتێکی یەکگرتووانە و ڕێکخراو و هاوئاهەنگی کرێکارانێکدا خۆی پیشان بدات کە، هەقدەستەکانیان به‌ گره‌و گیراوه‌ و ئه‌م خه‌باته‌ش پێویسته‌ و ده‌بێ له‌ لایه‌ن کرێکارانی ناوەندە سه‌ره‌كیی وکلیدییەكانی کار و بەرهەمهێنانه‌وه‌ پشتیوانیی لێ بكرێت!